کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
ئەحمەد میرە
PM:08:16---02-06-2018
ئه‌م بابه‌ته 7527 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

تا دێت گومانەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە سەرتاسەری وڵاتدا زۆرتر دەبن. پێناچێت هەڵبژاردنی (12) ی ئایار هەر وا بەئاسانیی بەسەر عێراقدا تێبپەڕێت و هیچ کاردانەوەیەکی ناوخۆیی چەکداریی لێنەکەوێتەوە، بەتایبەت لەسەر ئاستی عێراق کاتێک دەبینین ئەو گروپ و هێزانەی، کە خاوەنی نفوزی سیاسیی و چەکداریی گەورەن، نەیانتوانیوە براوەی یەکهەمی هەڵبژاردنەکان بن. لە بەرانبەریشدا لیستەکەی موقتەدا سەدر لە ماوەی (15) ساڵی ڕابوردوودا هەمیشە پێشەنگی خۆپیشاندانەکانی بەغداد و ناوچەکانی تر بووە، پلەی یەکهەمی بەدەستهێناوە، وا بەئاسانیی گۆڕەپانەکە بەجێناهێڵێت.
تا ئێستا بەڕونیی نازانرێت ئەو هێزەی، کە لە پشت ئاراستەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە بووە لە عێراق، کێیە و چۆن ئەو کارەی ئەنجامداوە! جگە لەوەی دەگوترێت، کە کردەکە کردەیەکی ئەلیکترۆنیی بەرنامەبۆداڕێژراو بووەو تا ئێستایش ئەو ناوەی دەگوترێت، کە لە پشت گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە بووە، ئێرانە.
بەڵام دەکرێت بپرسین؛ لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک ڕەنگە ئەو خوێندنەوەیە ورد و ڕاست بێت، ئێران هاوکێشەکەی بەو جۆرە داڕشتووە، کە خۆی ویستوویەتی و دەیەوێت. یاخود ڕاستتر بڵێین؛ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان بە ویستی ئەو هێڵە سیاسییە بووە، کە ڕوسیا و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستەیدەکەن و بەرنامەی بۆ دادەنێن، بەڵام ئەوەی پرسیاری گرنگە، ئەوەیە؛ بۆچی هەمان هێڵی سیاسیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی لە بەغداد و شارەکانی تری عێراق بە پێی ویستی سیاسیی خۆی نەگۆڕیوە؟ چونکە ئەگەر بەرەی ڕوسیا و ئێران هەمان ئەو کاریگەرییەی لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک هەیانبووە، ئەوە بێگومان لە ناوچەکانی تری عێراقیش لیستەکانی مالیکیی و فەتحی حەشدی شەعبیی زۆرینە دەبوون و دەبوونە براوەی هەڵبژاردنەکان. ڕاستە دەگوترێت دەرچوونی لیستەکەی موقتەدا سەدر بریتییە لە ڕێکەوتنێکی ژێربەژێری نێوان هەر سێ جەمسەری ئەمریکیی و ئێرانیی و سعودیی، بەڵام ئەم بۆچوونە لەگەڵ واقیعی سیاسەتکردن لە عێراقدا و تەنانەت لەگەڵ لۆژیکی سیاسەتکردن لە ناوچەکەدا ناتەبا دەردەچێت.
هەرچەندە ڕوون نیە، کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەدیاریکراویی لە عێراقدا بەرەو کوێ دەچێت؟! ئایا وەک ئەوەی هەیە قبوڵدەکرێت؟ یاخود گریمانەی دوهەم ڕودەدات و عێراق جارێکی تر دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی خوێناویی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی؟
بەپێی ئەوەی، کە ڕویداوە، هەڵبژاردنی (12) ی ئایار کۆمەڵێک دەرهاویشتەی سەیروسەمەرەی لێکەوتووەتەوە، لە بەغداد پاڵەوانەکانی شەڕی داعش دۆڕان و ناڕازییەکانی شەقام بوونە براوەی هەڵبژاردن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو هێزانەی، کە خاوەن چەک بوون، دژی ناڕەزایەتییەکانی شەقام بوون، براوە بوون و هێزەکانی شەقام توشی شکستی قووڵ هاتن!!! ئەو خاڵە ئەوە بۆ دەخاتەڕوو، کە لە وڵاتێکی خاوەن کێشەی وەک عێراقدا کاتێک هێزە سیاسییەکان دەچنە هەڵبژاردنەوە، ئەگەر سیستەمێکی دیموکراتیی ڕاستەقینە هەبێت و هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت، ئەوە بێگومان ئەو هێزانەی پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکن، دەبنە براوەی هەڵبژاردنەکان، ئەگەر ئەو بۆچوونە بکەینە پێوانە، بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (12) ی ئایار، دەتوانین ئەوە بڵێین، کە بردنەوەی لیستی سائیرون شتێکی سروشتییە و دەرئەنجامی ئەو واقیعەیە، کە لە بەغداد و شارەکانی تری عێلااق دەگوزەرێت، بەڵام دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت گومانی ئێجگار قووڵ بکرێت، بەهۆی سیاسەتی خرابی ئەو هێزانەوە نیوەی خاکمان لەدەستداوە، گەندەڵیی تا دوائاست ڕۆیشتووەو لە هەموویشی مەترسیدارتر، جیاوازیی سیستەمی مووچە لە نێوان بەغداد و هەرێمدا ئاسمان و ڕێسمانە، کەچی ئەو هێزانە دەبنە براوەی هەڵبژاردن و زۆرینەی کورسییەکان دەبەنەوە.
بە بۆچوونی ئێمە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (12) ی ئایار مەتەڵێکی سیاسیی قووڵە و تا ئێستا شیکردنەوە سیاسییەکان بایی ئەوەندە نین، کە هەموو ڕەهەندەکانمان بۆ تاووتوێبکەن، بۆیە پێویستمان بە کاتی ترە، تا بەڕونیی ژێر بەڕەی (12) ی ئایار بخەینە سەر بەڕە، هەروەها دەبێت ئەوە بڵێین، کە ئەوەی تا ئێستا دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گوتراوە و دەگوزەرێت، شتی کرچوکاڵن و قەناعەتپێهێنەر نین و تەنها خوێندنەوەی سەرکێڵین بۆ ڕوداوەکان، بە کورتیی جارێکی تر ئەوە دەڵێینەوە، کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (12) ی ئایار مەتەڵێکی سیاسییە و پێویستمان بە کاتی زۆرە بۆ ئەوەی بە تەواوەتیی بیزانین!






بۆ شازدەی ئۆكتۆبەر بۆ ڕویدا؟
هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
پارتیی گاڵتە بە بارزانیی دەکات
کێ دەتوانێت نەوشیروان مستەفا قووتبدات؟
هەڵپەڕین لە ناو ماڵی بارزانییدا
هەڵبژاردنێکی ترسناک
لە ماندیلاوە بۆ ساڵح موسلیم
چەتەكانی سیاسەت و فەیلەسوفی ماتماتیك
12345678

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە