ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
ئەحمەد میرە
PM:03:45---30-06-2018
ئه‌م بابه‌ته 1993 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لە هەر شوێنێک حوکمڕان هەبێت، دەبێت هێزگەلێکی ناڕازیی و ناتەبا لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و ڕاستکردنەوەی لارییەکانی دەستەڵات وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا بوون و ئامادەگیی بەرچاویان هەبێت. هەر کاتێک بەرانبەر دەستەڵات ئۆپۆزیسیۆن بوونی نەبوو، ئەوە دەستەڵات بە ویستی خۆی جڵەوی تەواوی جومگەکانی سیاسەت و ئابوریی و ئاسایش و سەربازیی و تەنانەت ژیانی کۆمەڵایەتییش دەکات.

ئەگەر سەرنجی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی دنیا بدەین، هەمیشە لە ڕێگای زەبروزەنگەوە نەیهێشتووە ئۆپۆزیسیۆن بەشداریی پرۆسەی سیاسیی بکات و تەنانەت لە کاری پەرلەمانیی و ڕێکخراوەیی و خەباتی مەدەنیی کردونیەتیەدەرەوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ئۆپۆزیسیۆن کۆتوبەندبکات، چونکە لە بارودۆخێکی لەو جۆرەدا کاری ئۆپۆزیسیۆن لە ناو پەرلەمان و شەقامەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ شاخ و پێدەشتەکان و لە خەباتی مەدەنییەوە دەگۆڕێت بۆ خەباتی چەکداریی. دواجار ئەم جۆرە خەباتەیش کاریگەریی گەورەی لەسەر نەخشەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبێت و بە شێوەیەکی بەردەوام ناسەقامگیریی بەرۆکی وڵات دەگرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو گیانە یاخییەیە، کە هێز و ڕەوتە سیاسییەکان دروستیدەکەن و دواجار دەیگۆڕن بە هۆکاری گۆڕانکاریی گرتنەدەستی دەستەڵات.

لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای هەڵبژاردنی (25) ی تەموزی (2007) بە دیاریکراویی دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان توانیی یەک لە سەر چواری کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەدەستبهێنێت، ئۆپۆزیسیۆن وەک هێزێکی ڕکابەری کاریگەر سەریهەڵدا، جێکەوتەی ئەم هێزەیش لە سەر نەخشەی سیاسیی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو دیار بوو، دەرگای بە ڕوی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورەدا کردەوە، بەڵام دواجار ئەو پرۆژەیەی، کە نەوشیروان مستەفا ئامانجی بوو و کاری بۆ دەکرد، بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری بابەتییەوە لە پەلوپۆ خرا.

ئەوەی، کە ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت، نە دەستەڵاتەکەی دەستەڵاتێکی ڕاستەقینەیە و نە نوێنەرایەتیی خەڵکیش دەکات، بەڵکو مۆدێلێکی گۆج و گەوجی حوکمڕانییە، خوێندنەوە بۆ خرابییەکانی دەستەڵات هەموو لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبەکانی پڕکردووە. لە بەرانبەریشدا مۆدێلی ئۆپۆزیسیۆنی هەرێم مۆدێلێکی ناکامڵ و لاوازە و پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورە هەیە، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە دۆخی پێشووی خۆی، چونکە ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای هەرێم بە هۆی خرابیی سیاسەتەکانی هێزە حوکمڕانەکانەوە لە پەرلەماندا کەنارکەوتووە و نایشتوانن لە شەقامدا ڕۆڵیان هەبێت، لە هەڵبژاردنەکانیشدا بە هۆی گزیکارییەوە هیچ کات براوە نابن، تەنانەت لە چوار ساڵی ڕابوردوودا لەڕوی میدیاییەوە پاشەکشەی گەورەیان کردووە.

بە بۆچوونی ئێمە لە بارودۆخێکی وەک ئێستای هەرێمدا دوو دەرفەت لە بەردەم ئۆپۆزیسیۆندا هەیە، بۆ ئەوەی کاروباری سیاسیی خۆیان گورجبکەنەوە، ئەوانیش بریتین لە دروستکردنی هاوپەیمانێتیی سیاسیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئاماژەکان لەم بارەیەوە دڵخۆشکەر نین و ئەوە دەردەخەن، کە ئەم هێزانە لە ناوخۆیاندا ململانێیانە لەسەر ڕێبەرایەتیکردنی ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستاندا. دەرفەتی دوهەم لەبەردەم ئۆپۆزیسیۆنی هەرێمدا دروستکردنی تۆڕێکی میدیایی بەهێزە، بۆ ئەوەی کاریگەریی گەورەی لەسەر دروستکردنی ڕای گشتیی هەبێت، بەتایبەت دوای زەبەلاح_بوونی میدیای دەستەڵات بەهۆی پارەی نەوتەوە، کاریگەریی میدیای ئۆپۆزیسیۆن لاواز بووە. دەبێت هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەوە بزانن، کە ئەوەی نەوشیروان بەدەستیهێنا، بەشی زۆری بەهۆی کاریگەریی میدیاکەیەوە بوو، ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەدەستیدا بە هۆی خرابیی میدیاکەیەوە بوو. لە مێژووی کاری ئۆپۆزیسیۆندا ئەو ڕاستییە ڕەهایە هەیە، کە هەرکات میدیایەکی بەهێزت هەبوو، دەتوانیت شەڕێکی مەدەنییانەی ڕاستەقینە لەگەڵ دەستەڵاتدا بکەیت، پێچەوانەکەیشی ڕاستە.






هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
پارتیی گاڵتە بە بارزانیی دەکات
کێ دەتوانێت نەوشیروان مستەفا قووتبدات؟
هەڵپەڕین لە ناو ماڵی بارزانییدا
هەڵبژاردنێکی ترسناک
لە ماندیلاوە بۆ ساڵح موسلیم
چەتەكانی سیاسەت و فەیلەسوفی ماتماتیك
پێشمەرگەی کۆن و شەڕڤانی ئێستا
12345678
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە