هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
ئەحمەد میرە
PM:05:49---16-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 1259 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
پرسیاری سەرەکیی شەقامی کوردیی ئەوەیە، ئایا هەڵبژاردنەکانی (٣٠) ی ئەیلوول ئەگەر بکرێت، چی لە نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دوو ئاراستەی جیاواز هەن؛ یەکێکیان وەهای بۆ دەچێت، کە ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە ناگۆڕدرێت و بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتیی پاڵپشتی مانەوەی سیاسەتی ئەمری واقیعی کوردستانە. 

هەر ئەم ئاراستەیە برەو بەو بۆچونە دەدات، کە نائومێدیی بووەتە ناسنامەی ئەم قۆناغە سیاسییە، چونکە لە پاڵ نەبوونی پاڵپشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ گۆڕانکاریی، گزیکارییش یەکێکی ترە لەو ڕێگرییانەی، کە بواری گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هەرێمدا بەرجەستەناکات. بۆ ئەمەیش باس لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن، چۆن بووە هۆی ئەوەی باری دەرونیی تاکی دەنگدەر بشێوێنێت و ئەو قەناعەتەی لەلا دروستبکات، کە هەڵبژاردن مەترسییەکی گەورەیەو لە جیاتیی ئەوەی دەستەڵات بگۆڕێت، دەبێتە مایەی شەرعیەتپێدانێکی ناشەرعیی و نایاسایی بە دەستەڵات لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە. 

بەپێی هەموو پێوەرەکان، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ماڵوێرانییەکی گەورەیە بۆ پرسی دیموکراسیی لە هەرێمدا، هەروەها هۆکارێکی مەزنە بۆ ئەوەی دەستەڵات بە تەواوەتیی پێگەکانی خۆی لە سەر کورسیی حومکڕانیی بەهێزتربکات. هەر لە ئێستایشەوە نوقڵانەی ئەوە لێدەدرێت، کە هەڵبژاردنەکانی (٣٠) ی ئەیلوول نە بارودۆخ دەگۆڕێت و نە پاشەکشە بە دەستەڵات دەکات، بەڵکو بە پێی خەمڵاندنەکانی ئەوان کورسییەکانی هێزە حوکمڕانەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زۆرتر دەبن. ئەم بیرکردنەوەیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەناو دەستەبژێری سیاسیی و ڕۆشنبیرییەوە دێتە نێو ڕای گشتیی و وردەوردە خەریکە دەبێتە ئاراستەیەکی باوو بە ئاشکرا مونەزیری سیاسیی و ڕۆشنبیری بۆ پەیدابووە.
بە دیوێکدا ئەم بۆچوونە گەلێک ڕاستیی سیاسیی تاڵی تێدایە، دواجاریش بەناچاریی شەقامی کوردیی ئەو ڕاستییە تاڵانە وەک ژەهر نۆشدەکات و شوێنەوارەکەیشیی بەسەر نەخشەی سیاسیی هەرێمەوە بۆ چەند ساڵی داهاتوو دەمێنێتەوە. نابێت ئەو خاڵەیش لەیادبکەین، کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان خۆیشیان هۆکارێکی ترن لە بەرهەمهێنانی ئەو ڕەشبینییە سیاسییەی، کە بووەتە هەورێکی چڵکن و بە ئاسمانی سیاسیی هەرێمدا دێت و دەچێت.
لە بەرامبەر ئەو ئاراستەیەدا ئاراستەیەکی تر هەیە، وەهای بۆدەچێت، کە هێشتا سندوقەکانی دەنگدان تاکە میکانیزمی گۆڕانکارین و نابێت لە ژێر کاریگەریی هیچ پاساو و بیانوویەکدا پشت لەو مافە شەرعییە بکرێت و بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سندوقەکانی دەنگدان. 
لەم نێوەندەدا تاکی کورد توشی جۆرێک لە سەراسیمەبوون بووە، لەبەرئەوەی هەردوو ئاراستەکە هەڵگری چەندین ڕاستیی سیاسیین، بەواتایەکی تر دەتوانین بڵێین بە خوێندنەوەی واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەم دوو بۆچوونە ڕاستن و پێویستە مامەڵەیەکی ژیربێژییانەیان لەگەڵدا بکرێت. چونکە ئەگەر تاکی کورد بەشداریی هەڵبژاردن بکات، ئەوە جارێکی تر بە دەستی خۆی لە ڕێگای پرۆسەیەکی پڕ گزیکارییەوە، بەڵام لە فۆڕمێکی یاسایی و دیموکراسییانەدا دەستەڵات پێشکەش بە حیزبەکانی پێشوو دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر بێت و بایکۆتی هەڵبژاردنیش بکات، ئەوە بەبێ کێشە خۆی بەشداردەبێت لە شەرعیەتپێدانەوە بە ستەمی بەردەوامی هێزە حوکمڕانەکان، بارودۆخەکە بۆ چەند ساڵێکی تر بێ دوودڵیی وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئەوانەی بانگەشەکەری ئەم ئاراستەیەن، دەبێت زۆر بەڕونیی بەرپرسیارێتیی ئەو کاردانەوە خرابانە لەئەستۆبگرن، کە لە ئەنجامی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەوە دێنەئاراوە.
کەواتە تاکی کورد لە هەڵبژاردندا لە بەردەم دوو ئەگەری مەترسیداردایە، هەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان برینی جەستەی سیاسیی هەرێمی کوردستان قووڵتردەکات. بە بۆچوونی ئێمە، بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا پرسێکی ویژدانییەو دواجار دەنگدەر بە ڕەچاوکردنی دەرهاویشتەکانی هەردوو ئاراستەی پێشوو بڕیاری خۆی دەدات.






هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
پارتیی گاڵتە بە بارزانیی دەکات
کێ دەتوانێت نەوشیروان مستەفا قووتبدات؟
هەڵپەڕین لە ناو ماڵی بارزانییدا
هەڵبژاردنێکی ترسناک
لە ماندیلاوە بۆ ساڵح موسلیم
چەتەكانی سیاسەت و فەیلەسوفی ماتماتیك
پێشمەرگەی کۆن و شەڕڤانی ئێستا
12345678
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە