ئەو بۆمبەی، کە (17) ساڵ لەمەوبەر تەقییەوە
ئەحمەد میرە
PM:04:53---15-11-2018
ئه‌م بابه‌ته 4048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
ئەو کارەی (17) ساڵ لەمەوبەر ڕویدا، تا ئێستایش بوونی وەک مارکە ڕەسەنەکە لە دنیای ڕۆژنامەگەریی کوردییدا وەک خۆی لەسەر شاڕێگە ڕاستییەکە ماوەتەوەو بەردەوامە. هەموو ئەو دومەڵە میدیاییانەی، کە لە بواری میدیای نوسراوی کوردییدا هەڵتۆقین، چونکە دەستی ڕەش و ناخی ڕەش لە پشتیانەوە بوون، زوو پوکانەوەو تەنانەت نەیشبوون بە یادەوەریی لە ناو دنیا پڕتاسەکەی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا. 

(20/11/2002) یەکهەمین ژمارەی گۆڤاری (لڤین) بە ستافێکی گەنجانە و ئاوەزێکی ڕەخنەگرانە لەدایکبوو. ئەو دەمە هەموو چشتێک لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا تابۆ بوو، دنیاکە تەواو ڕەش بوو، تارماییەکانی تاکڕەویی و خۆسەپاندنی سیاسیی تا بینەقاقای ئەم کۆمەڵگایە ڕۆیشتبوون. ئەو ڕۆژە هەموو چشتێک قەدەغەکراوبوو، تەنانەت ناوهێنانی سەرکردەکانیش بە ناوی خۆیانەوە، دەچووە خانەی تاوانی سیاسییەوە. فەلاقەکردن و گرتن و تێهەڵدان لەسەر گوتنی ڕاستییەکان بوبووە چشتێکی ئاسایی و ڕۆژانە، بە شێوەیەکی بەردەوام خۆی دەکرد بە دەرگای هەموو ئەو ماڵانەدا، کە سیماکانی لە ماڵی بەرپرسە گەندەڵ و مافیاکان نەدەچوو.

تا ئەم تایپە لە میدیای ئازاد لەدایکنەبوو، پیاوە حوکمڕانەکانی ئەم وڵاتە لە ڕیزی پیاوانی پیرۆز هەژماردەکران. میدیای ئەو کاتە، کاریان تەنها هۆنینەوەی داستان و شانامەکان بوو بەسەر قەڵافەتی پیاوە مۆنەکانی ناو دەستەڵات. 

هیچ چشتێکی ئەو قۆناغە وەک ئێستا نەبوو، تەنها ئەوە نەبێت، کە گەندەڵیی و خرابیی حوکمڕانیی ئێستایش و ئەو دەمە هەر وەک یەک بوونێکی بەردەوامیان هەبوو. نیشتمان تەواو ڕەشبووبوو. وەک شێرکۆ بێکەس وێنایدەکات؛ هەرگیز نیشتمانی سەردەمی دەرچوونی گۆڤاری (لڤین و هاوڵاتی و ئاوێنە)، مەعشوقەکەی جارانی خەڵک نەبوو. پیاوەکانی بۆنی نەوت و دزییان لێدەهات. ژنەکانیشی بووبوونە کاڵایەکی بێبەهای لەبیرکراو. هەموو ئەوانەی ئەو قۆناغەیان وەک ئێستا لەبیرە، دەزانن، کە ئەو دۆزەخەی حیزبە حوکمڕانەکان بۆ خەڵکیان دروستکردبوو، سوتەمەنییەکەی خەڵکی هەژار بوو.

ئێمە لەو شەوە زەنگەدا لە ناو کولەکەدا جاڕی ئەوەمان لێدا، کە دەبێت نیشتمان هیی هەمووان بێت و پێویستە ئەوەی لەژێر بەڕەدایە، بێتە سەر بەڕە. هەمیشە ئەوە دروشممان بوو، کە ناکرێت لەبەرئەوەی ئێمە لە ئێوە ناچین، گیرفانمان لە ئێوە بەتاڵترەو بە هەژاریی خوێندوومانەو دەمانەوێت بژیین، ئێوە بمانکوژن. هەرچەندە بڕوامان بە چەمکی پاڵەوان نەبوو، چونکە مرۆڤی ڕەخنەگر کاتێک بڕیاردەدات یاخیببێت، بەئەوپەڕی هۆشمەندییەوە وەک ئەرکێکی ویژدانیی خۆی قوربانیی بە ژیانی دەدات، تەنها بۆ ئەوەی دنیایەکی جیاوازتر بێتەدی، ئەو دنیایەی، کە تەنها دادپەروەریی و یەکسانیی تێیدا باڵادەست بن، دژی ئەو دنیایە دەوەستێتەوە، کە منداڵی بەرپرسێک لەئەوپەڕی خۆشگوزەرانییدا بێت و منداڵی خەڵکی تریش نانێکی جۆ بە خوێنیان پەیدابکەن. ئەمە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتیی بوو، کە ئەم تایپە لە میدیا گرتیەئەستۆ.

 دەتوانم شاهێدیی بدەم، کە هەموو ئەوانەی ئەو ڕۆژە لە ژێر خەیمەی میدیای ئازاددا کۆبووبوونەوە، ئامانجەکەیان تەنها ئەوە بوو، کە ئاوێنەیەک بخەنە بەردەم دەموچاوە ناشیرینەکەی دەستەڵات و پێیبڵێن ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانیی تۆ هەزاران چرچ و لۆچ و تاسەی نادادیی و نایەکسانیی پێوەیە.

ڕۆژان هاتن و ڕۆژان ڕۆیشتن، زۆرێک لەوانەی لەگەڵ ئێمەدا بوون، کاروانەکەیان بەجێهێشت، بەڵام هەرگیز ئەو ڕەوتە سەرەکییەی لەناو دنیا بێدەنگەکەی (17) ساڵ لەمەوبەر پێکەوە دروستمانکرد، کۆتایینایەت، تەنانەت ئەگەر مرۆڤێکیش نەمێنێت لەسەر بانگەشەکردن بۆ ڕەوتی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، ئەمە بە واتای ئەوە نایەت، کە ئەرکی دەستەبژێری ڕەخنەگر لە کۆمەڵگادا کۆتاییپێهاتووە.

ئێستا شەقامی قسەکردن پانوپۆڕە، هەموو کەسێک دەتوانێت لە ڕێگای کۆمپیوتەر و مۆبایلەکەیەوە چیی بوێت و چیی بنوسێت ئەنجامیبدات، هەر ئەم مۆدێلە ترسناکەی، کە ئێستا لە سۆشیال میدیادا هەیە، کاریگەریی نەرێنیی هەیە و خۆیان کردووەتە پاڵەوانی دەمامکدرای پشت شاشەکان، بە ویستی خۆیان وێنەی تەڵخی کارەکتەرەکانی ناو دنیای میدیای دەگرن.

ئێمە لەوە تێدەگەین، کە ئەرکەکە گۆڕاوەوتیمەکانیش گۆڕاون. بەڵام ئەوەی بۆ هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەەوە، دەنگێکە، کە بەردەوام هاواردەکات؛ نادادییەکی گەورە لەم کۆمەڵگایەدا هەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین لڤین (17) ساڵ لەمەوبەر کاتێک لەدایکبوو، بۆمبێکی گرنگی ناو دنیای ڕۆژنامەگەریی بوو، کە دەبوو بتەقێتەوە.






نێچیرڤان بارزانیی نەمرە!
ئەو بۆمبەی، کە (17) ساڵ لەمەوبەر تەقییەوە
پارتیی خاتری هەموانی گرت!
بۆ شازدەی ئۆكتۆبەر بۆ ڕویدا؟
هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
پارتیی گاڵتە بە بارزانیی دەکات
کێ دەتوانێت نەوشیروان مستەفا قووتبدات؟
هەڵپەڕین لە ناو ماڵی بارزانییدا
123456789

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە