یەكگرتوو لەسەردەمی سەلاحەدینی دووهەمدا
نەبەز گۆران
PM:01:22---14-10-2017
ئه‌م بابه‌ته 682 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بۆ من وەك خوێنەرێك، وەك بینەرێك، وەك تەماشاچیەكی دیمەنە سیاسییەكان و كارەكتەرە سیاسییەكان، مامۆستا (سەلاحەدین) ی خولی پێشووی سەركردەی یەكگرتوو، لەگەڵ ئەم مامۆستا (سەلاحەدین)ی ئەم خولە، جیاوازی جەوهەری گەورەی تێدایە. ئەو كارەكتەرە سیاسیی و جێگرەی لە خولی پێشودا سەركردایەتی ئەو حیزبەی دەكرد، زۆر جیاوازە لەم كارەكتەرەی كە لە شوێنێكدا جوڵەدەكات شوێنی ئەو نییە.  بۆئەوەی رووبەرەكە بەباشی پیشانبدەم و بەراوردكارییەكان بەباشی دەرخەم، یارمەتی خۆم و خوێنەر دەدەم بە خاڵ دیدی خۆم بخەمە روو.

یەكەم: بەر لەهەموو شتێك، لە باشووری كوردستان، هیچ هێزێك هێندەی یەكگرتوو لەسەرەتادا بە پتەویی و بە پەروەردەیی دەستی پێنەكردوە. هیچ هێزێكیش هێندەی ئەو هێزە كادیری تۆكمە و باشی نەبووە، ئەم دوو بنەمایە لەقۆناغێكدا بوونە جێگای مەترسی لای هێزەكانی دیكە، بەڵام لە ئێستادا ئەو حیزبە لەو دوو پاییە بەدەرە و هیچ مەترسییەكی نەماوە و هێزەكانی دیكە ترسەكەیان رەویوەتەوە. قۆناغێك ئەم هێزە لای رۆشنبیران جێگای قسەكردنێكی رژدبوو، بەڵام لەم قۆناغەدا تەنها دەتوانی وەك حیزبێكی نەریتی لە ئاستێكی دیاریكراودا قسەی لەسەر بكەیت. هەڵە سیاسییەكان و جوڵە سیاسییەكانی بوونە دینەمۆیەك بۆ پەرتەوازەیی كادیرە باشەكانی و، كاڵكردنەوە بونیادییە پەروەردەییەكەی. تەنانەت ئێستا كادیرە باڵاكانیشی هێندە لە ئاستێكی روكەشیدا قسە لەسەر وێنەكان دەكەن، زۆرجار زەخت لەخۆت دەكەیت كەچی ناتوانی گوێیان لێبگریت. ئەم داڕمانە خێرایە لە پەروەردە و لە پەرتەوازەیی كادیرەكانی بۆناو هێزەكانی دیكە، راستەوخۆ پەیوەندی بە خراپی جوڵە سیاسییەكانی ئاستی سەرەوەی حیزب بوو.

دووهەم: یەكگرتوو لەسەردەمی مامۆستا (سەلاحەدین)ی پێشودا كاتێك جێگای مەترسیبوو، كە رووبەرووی سیستەمێكی ناتەندروست بووبوویەوە. ئەم رووبەروو بوونەوەیە بە شێوازی مەدەنی (گەرچی باجی خۆی هەبوو) بووبوویە شوێنێك بۆ مەترسی لە سەر سیستەمە نادروستەكە، لە پاڵ ئەوەدا بوویە جێگای ئومێدیش بۆ ئەوانەی بروایان بە دەسكاریكردنی سیستەم هەبوو. لەو قۆناغەدا هێزی یەكگرتوو لەوەدابوو لەشوێنێكی گرنگ وەستابوو، كە ئەو شوێنە شوێنی خەڵك و مافی خەڵك بوو. شوێنێك بوو ئەركی حیزبی مەدەنی خاوەن پرۆژەیە هەمیشە لەو شوێنە بوەستێت. هێز و وەزەی یەكگرتوو لەو قۆناغەدا پەیوەندی بەشوێنەكەیەوە هەبوو، پەیوەندی بەو دونیابینیە رادیكاڵەوە هەبوو كە تێیدا دەژیا، پەیوەندی بەو گوتارەوە هەبوو لەسەری بەردەوام بوو، كاتێك شوێنەكەی خۆی جێهێشت و چوویە شوێنێكی تر، قۆناغی خراپی ئەو هێزە دەستی پێكرد.

سێهەم: سەردەمی مامۆستا (سەلاحەدین) ی دووهەم خول. سەردەمێكی زێرین نابێت. سەردەمێك نابێت كە هەندێك پێیان وابوو بە گەرانەوەی ئەو سەردەمە زێرینەكە دەست پێدەكاتەوە. پێدەچێت ئەم قۆناغەی مامۆستا قۆناغی گواستنەوەی شوێن بێت. قۆناغی دەست و پەنجە نەرمكردنبێت لەگەڵ سیستەمێكی ناتەندروست، كە پێشوتر رووبەرووی دەوەستایەوە. قۆناغێك بێت ئیدی مامۆستا و تیمەكەی لەوە تێگەیشتبن شوێنەكەیان لەلایەن هێزی ترەوە گیراوە و نابێت لەو نێوانەدا لە ناشوێندا بژین. هێزی سیاسیش كە لەناشوێندا ژیا، توشی كەمێك لە كورت بینی دێت. لەم سەردەمەدا مامۆستا لەگەڵ خۆیدا شوێنی حیزبەكەی بردە ناو بازنەیەك كە سیستەم دەیەوێت تێیدا بێت.گەر لەناو ئەم سیستەمەدا كە دووهەم شوێنی ئەو هێزەیە، هێزەكە بەردەوام رووبەرووی رەخنە و كاڵبوونەوە بچێت، نابێت ببێتە جێی نیگەرانی كادیرەكانیان، چونكە ئەركی حیزبەكە بەتەواوەتی گۆڕاوە، ئەركی حیزبەكە بووەتە ئەركێكی دەسەڵاتی، ئەركێكی بەرگریكارانە لە دەسەڵات و بەرگریكارانە لە شوێنە نوێیەكەی كە كردویەتی بە سێبەری سیستەم و بەرگریكارێكی بێ‌ گوتار.


چوارەم: هەرچۆن كادیرەكانیان بەردەوام پەرتەوازە دەبن و دەچنە ناو هێزەكانی دیكە و، لەناو هێزەكانی دیكە دەبنە ئەستێرە و دەبنە خاوەن گوتاری رادیكاڵ. چاوەروانیش دەكرێت بەهەمان نەفەسەوە جیلی دووهەمی ئەوحیزبە وەك جیلی پێشخۆیان لەناو هێزی تردا خۆیان ببیننەوە. ئەو گوتارە رادیكاڵ و بەرگریكارەی لە مافی خەڵك، گوتارێكە بەردەوام نەوەی نوێ‌ لەدەوری خۆی كۆدەكاتەوە، گوتارێكە پێویستی بە وزەی تازە و بەردەوامییە. یەكگرتوو دوای گۆرینی شوێنەكەی پێناچێت بتوانێت جیتر خۆی بكات بە خاوەنی ئەو گوتارە رادیكاڵە، چونكە تادێت هێزی زیاتر دروست دەبن و سەرمایەی خۆشیان لەسەر ئەو گوتارە بونیاد دەنێن. ئەوەی كێشەی بنەرەتی گەورەی یەكگرتووە ئەوەیە، گوتاری نەماوە، شوێنی خۆی گۆڕیووە، لەگەڵ سەركردەكەیدا دونیابینیەكەی خۆشی گۆڕی. هەمان مۆدێلە تەقلیدییەكەی وڵاتانی ئیسلامی و هێزە ئیخوانەكانی بەشێوەیەكی كوردانە دووبارەكردەوە. ئەم دووبارەكردنەوە تەقلیدیە و دەستهەڵگرتن لە رادیكاڵبوون و لە شوێنی بەرگریكردن لە مافی خەڵك، وایلێدەكات ببێتە سێبەری سیستەم. ئێستا ئەم هێزە سێبەری سیستەمە، گەرچی  هەندێك لە قسەكەرەكانی دەیانەوێت لەدونیای شاشەكاندا ئەو وێنەیە لەسەر خۆیان لابدەن، بەڵام ناتوانن، چونكە لاشە گەورەكەی حیزب ئاوێزانبووە لەگەڵ لاشەی سیستەمە نادروستەكەدا.

پێنجەم: سەردەمی مامۆستا (سەلاحەدین)ی دووهەم، دەبێتە خراپترین سەردەمی ئەو حیزبە. چونكە ئەو حیزبە نەیتوانی نەوەیەكی نوێی سەركردایەتی دروستبكات، بۆیە گەرایەوە بۆ سەركردەكەی پێشوو. كاتێكیش ئەو هاتەوە، بەو نەفەسەی پێشو نەهاتەوە، بەنەفەسێكی پیرانەی ژیان خۆشەویستانەی خۆپارێزەرانە هاتەوە. ئەم نەفەسە بۆ حیزبی مەدەنی هێندەی كودەتا مەترسیدارە. مامۆستا (سەلاحەدین)ی دووهەم، بەم ئەدا و جوڵە و نەفەسەوە، حیزبەكەی تالێواری كاڵكردنەوە دەبات. ئەم نەفەسە محافزكارانەیە و خۆبەستنەوە بە سیستەمەوە، ئەشێت لەروی دەستەی حیزبی داخراوەوە جێگای دڵخۆشیبێت، ئەما لەروی جەماوەرییەوە وێرانبوونە. هێزێك نەتوانێت نەوەی نوێ‌ بۆ سەركردایەتی بەرهەم بهێنێت، هێزێك نەتوانێت لاینكەم شوێنەكەی خۆی چۆڵ نەكات، هێزێك نەتوانێت رادیكاڵانە سەیری سیستەمێكی وێران بكات، هێزێك گوتاری نەمابێت و لە سێبەری سیستەمدا قسە بكات، ئەو هێزە ناتوانێت ببێتە جێگای ئومێد. یەكگرتووی ئیسلامی بەم دۆخ و جوڵەیەوە، هەموو ئەو ئومێدانە دەكوژێت كە پێشوتر لەسەری كەڵەكە كراوە. لەدیوێكدا قسە لەسەر دادپەروەری دەكات، لەدیوەكەی تردا ئاڵاوە لە ستەمكاری! لە دیوێكدا باس لە یەكسانی ماف دەكات، لە دیوەكەی تردا لەگەڵ مافخۆران هەنگاو دەنێت. لە دیوێكدا باس لەسەرەوەری یاسا دەكات، لە دیوێكی تردا دەبێتە گروپ بۆ پێشێلكردنی یاسا... هتد ئەم فرە روخسارییەی لەم حیزبەدا دروستووبە لەسەردەمی مامۆستا (سەلاحەدین)ی دووهەمدا، پێماندەڵێت: ئەم هێزە ئیتر نایەوێت بە یەك روخسار و یەك گوتار و لە شوێنی راستەقینەی خۆی دەركەوێت. بۆیە جەسارەتی ناوێت بڵێین: سەردەمی مامۆستا (سەلاحەدین)ی دووهەم، سەردەمی دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەو حیزبەدەبێت. بەڵام كێشە ئەوەیە هەرگیز لەخۆیان ناپرسن: بۆچی لە هێزی دووهەم و سێهەمەوە بوون بە هێزی پێنجەم لەرووی جەماوەییەوە!





خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، خانەی متبووەكان
گۆڕان و كۆمەڵ، خولانەوە بەدەوری یەكتریدا
باخەڵك فریونەدرێت ‌
باخەڵك فریونەدرێت ‌
ئەمە خیانەت نییە، رێككەوتنە
یەكگرتوو لەسەردەمی سەلاحەدینی دووهەمدا
یەكگرتوو لەسەردەمی سەلاحەدینی دووهەمدا
گەریدەیەكی ناو مێژوو
یەكێتیی، پارتی بردە سەرئاوەكە؟!
هەڵە سیاسییەكەی گۆڕان و كۆمەڵ
هاژەهاژی شاشەكان راستییەكانی ونكردوە
پێویستە گۆڕان و كۆمەڵ بچنەوە پەرلەمان!
كۆبوونەوەی كەڕەكان
فاشییەتی ئایینی لە میانمار
كودەتایەكی نوێ‌ بەڕێوەیە؟!
123456789
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە