پاڵەوانی ساختە
نەبەز گۆران
PM:05:34---03-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 1325 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

رێگاكان بەروونی تێواربوون، بەشێكی زۆری نمایشكەرانی ناو نارەزایەتییەكان، ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نارەزایەتی نییە لە خودی سیستەمەكە، بەڵكو خۆ نمایشكردنە بۆ مەبەستێكی كەسی. ئەوانەی خۆیان لە خۆپیشاندانەكان نمایشدەكەن، لە راستیدا نارازییەكان نیین، پاشانیش بەرگریكارەكانی مافی خەڵك نین، ئەوانە بەشێكی گرنگیان نمایشكارەكانن بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە خۆیان نمایشبكەن و دەستیان بگاتە ئارەزوە شاراوەكەی ناخیان.

گومانم نییە زۆربەی ئەوانە نە هوشیارییەكی بنەرەتیان لە لەسەر خودی خۆپیشاندان هەیە، نە لەسەر سیستەمەكە و نەلەسەر خودی نارەزایەتی، بەڵكو ئەمە دەروازەیەكە بۆ ناساندنی خۆیان بە نارازییەكان و بە خەڵكی دەرەوەی نارەزایەتی، تا لەم رێگەیەوە دەرەچەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دەستیان بگات بە ویستە تایبەتییەكانیان.

ئەم پاڵەوانە ساختانە هەموو شتێك دەكەن بۆ فریودان. كێشە تەنها لەوەدا نییە وێنە راستەقینەكەی خۆیان لە شوێنێكی دیكە دەردەكەوێت كە بۆ چ مەبەستێك نمایشەكەیان كردبوو، كێشە لەوەیە خەڵك هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو شوێنەی ساختەبوونی ئەمانە بناسێت.

پاڵەوانە ساختەكان بۆیان گرنگ نییە، نارەزایەتییەكان بەرەو كوێ‌ دەڕوات، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە بچنە ناو نارەزایەتییەكانەوە و وێنەیەك بگرن بۆ ئەو كاتەی مەبەستیانە وێنەكە بەكار بهێننەوە. كاتێك دەچنە ناو خەڵك چونەكەیان سروشتی نییە، دەیانەوێت بەم نمایشە سودێك لەو چوونە ببینن. بەشێكی زۆری ئەم پاڵەوانە ساختانە خۆشحاڵن بەوەی دەسەڵات و سیستەمەكە دەستگیریان بكات، یان جوڵەیەكی ناتەندروستیان لەگەڵ كات، چونكە ئەم جوڵە ناتەندروستەی دەسەڵات دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنیان و لە كاتی تردا ئەم ناساندنە بەكار دەهێننەوە بۆ فریودان. هەندێكیان تەنانەت دەگەنە ئەو ئاستەی پەلاماری دەسەڵات بدەن بۆ ئەوەی دەسەڵات پەرچەكردار وەربگرێت و ئەمان سودی لێبنینن. كاتێكیش سەیری مێژووەكەیان دەكەیت، مێژووێكی بەتاڵ بەتاڵی روكەشانەیە. هەریەكێك لەو پاڵەوانە ساختانە ئێستا بمرێت دوو رستە دوای خۆی جێناهێڵێ‌ شایەنی وتنەوە بێت. هێندە خاڵین كە بەرێگادا دەڕۆن خڕەخڕیان دەبیستیت. 

پاڵەوانە ساختەكان پرۆژەیەكیان نییە زەرەیەك بنەمای فیكری لەپشت بێت، دونیا بینیەكیان نییە بۆ سیستەم، هیچ شارەزاییەكیان نییە لە كێشە بنەرەتییەكانی حوكومڕانی و كێشە بونیادییەكانی كۆمەڵگە. هێندە دورن لە خوێندنەوە و كتێب بەناو هێنانی كتێب توشی رەنگ زەردی دەبن. پاڵەوانی ساختە بەشوێن ویستە تایبەتییەكانی خۆیەوەتی، نە خاوەنی خەمێكی گەروەیە، نە خاوەنی هوشیارییەكی بنەرەتییە. پاڵەوانی ساختە شاشەكان و شوێنی جەماوەرییەكان دەكاتە شوێنی خۆ نمایشكردن، ئەما نمایشەكەی زۆر كاتی دەبێت، هێندە كاتی دەبێت بە چەند كاتێكی كەم دەردەكەوێت نمایشەكانی بۆ ویستێكی خۆیەتی، نەك بۆ خەمە گشتییەكانی كۆمەڵگە.

پاڵەوانی ساختە تەنها شاشەكان ناكاتە شوێنی خۆ دەرخستنی، بەڵكو سوود لە هەموو شوێنێك دەبینێت بۆ ئەوەی بیكاتە شوێنی دروستكردنی پاڵەوانبوونی ساختەی خۆی، كاتێكیش دەستدەكات بە قسەكردن، لە شوێنێكەوە قسە دەكات هیچ هوشیارییەكی نییە لەسەر ئەو چەمكانەی كێشەی گەورەن لەناو كۆمەڵگەو سیستەمدا و بە خۆ سووركردنەوەی كەسی هوشیار دەهێنێتە پێكەنین.

پاڵەوانی ساختە تەنها ئەوانی تر فریونادات، بۆ ماوەیەكیش خۆی فریودەدات و خۆی لێدەبێتە پاڵەوانی راستەقینە. كتومت وەك (دۆنكیشۆت) پێی وایە ئەوە ئەوە ئاڵای ئازادی هەڵگرتووە، پێی وایە ئەوە ئەوە نوێنەری نارەزایەتییەكانە، ئەوە ئەوە نوێنەری خەمە گەورەكان. ئەوە زیندانەكان بۆیە بەرویدا دەكرێنەوە چونكە نوێنەری خەمە گشتیەكانە، هەر پاش ئەم وەهمە، وردە وردە بۆی دەردەكەوێت گرێكەی ناخی بۆ شتێكی دیكەیە، بۆ ویستێكی تایبەتی خۆیەتی نەك بۆ ئەوەی لەپێناویدا خۆی نمایش دەكات.

پاڵەوانی ساختە تەنها بەها گەورەكان لەناو نابات، بەڵكو ئەو ئومێدانەش لەناو دەبات لە گۆشە جیاجیاكانەوە چەكەرە دەكەن. بۆی گرنگ نییە جیهانەكە بەرەو كوێ‌ دەڕوات، تەنها بۆی گرنگە ئەو شوێنەی بووە بە گرێ‌ لەناخیدا بەدەستی بهێنێت. كاتێكیش دەگاتە شوێنەكە ئیدی خۆی و ئەوانەی فریویداون تێدەگەن چەند بەتاڵە، چەند دورە لە ناسینی كێشەكان، چە خاڵییە لە هەموو هونەرەكان.

پاڵەوانی ساختە خۆی هەڵدەواسێت بە كەسە جوانەكاندا، خۆی هەڵدەواسێت بە رەزمەكاندا، درۆ بەناوی كەسە جوانەكان و رەمزەكانەوە دەكات، دەیەوێت هەرچۆنێك بێت لەرێگەی ئەوانەوە ناوێك بۆخۆی دانێ‌. خۆی هەڵدەواسێت بە كەسە بەناوبانگەكاندا، هەندێكجار بەو زمانە قسە دەكات كەسە رۆشنبیرەكان قسەی پێدەكەن، هەندێكجار بەو شێوازە دەنووسێت كەسە پێشڕەوەكان دەنووسن، هەندێكجار شوێناو شوێن دەگەڕێت تا وێنەیەك، دیمەنێك لەگەڵ كەسە هوشیارەكان و بەناوبانگەكان بگرێت و بیكاتە كەرەستەی خۆ ناساندنی. 

هەموو كردەكانی پاڵەوانە ساختەكان بۆ ویستە تایبەتییەكەی خۆیەتی. هەموو ئەوانەشی فریودەخۆن بە پاڵەوانی ساختە، ئەوانەن بەتاڵبوونەكەی ناناسن، ئەوانەن جەوهەرەكەی ناناسن، ئەوانەن بروا بە جوڵە ناراستەكانی دەكەن و كاتێكیش وێنە راستەقینەكەی دەناسن، ئیتر پاڵەوانی ساختە گەیشتوەتە ویستەكەی خۆی.

پاڵەوانی ساختە هیچ بنەمایەكی فیكری و ئەدەبی و هونەری نییە. نەك هەر بنەمای نییە، ژیانی بەتاڵە لە كتێب، ژیانی بەتاڵە لە بیركردنەوەی جەوهەری، ژیانی پڕە لە پرنسیپ و خۆ نمایشكردن، پرنسیپەكان و خۆ نمایشكردنەكانی بۆ تێركردنی ئارەزوەكانیەتی. هێندەش لاوازە لە پێناو گەیشتن بە ئارەزوەكانی چ رێگەی نادروست هەیە هەمووی دەگرێتە بەر. 

جیهانەكەی ئەمڕۆی ئێمە پڕە لەم پاڵەوانە ساختانە، تۆ وەك خوێنەرێك، وەك بینەرێك، دەتوانی پاڵەوانی ساختە و پاڵەوانی راستەقینە لەیەكتری جیابكەیتەوە. بەڵام من وەك نووسەرێك هەموو پاڵەوانە ساختەكان دەناسم و جەوهەرە بەتاڵەكەیان وەك خۆی دەناسم.





كێ‌ هەڵبژاردن دوادەخات؟!
پاڵەوانی ساختە
تەقاندنەوەی كۆگای هێزە حیزبییەكان
دەبێت قسە لەگەڵ ئێرانییەكان بكرێت
هەڵهاتووی شەنگال و شەقوەشێنی هەولێر
نوخبەی گیرفان
ڕیفراندۆم وێرانیكردین
عەفرین ئێمەی شەرمەزاركرد!
بەراوردێكی شەرمنانە، لەنێوان (عومەری سەید عەلی) و موراهیقێكی سیاسیدا
ئەتاتورك بە لەچكەوە
یاریكردن بە یەكریزی كوردەوە
پارتی و بادانەوە بەرەو مالیكی
دوای چوار ساڵ ئارامی
قودس و كەركوك، دووشاری داگیركراو
چیرۆكی ریفراندۆم كۆتایی هات
12345678910

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە