جاشەكە وای ووت
لەتیف فاتیح فەرەج
PM:12:05---18-04-2017
ئه‌م بابه‌ته 1157 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بە تەكسیەك بەرەو سلێمانی دەچوم ، تەكسیەك كە هەر من و لێخوڕەكە بووین ، پیاوێكی ڕەشتاڵەی ورگ زل ، ورگی لە سوكانەكە گیر بووبوو، بەڵام پیاوێكی خوێن شرین بوو ،لە ڕێگا باسی جاشێتی خۆی بۆ كردم، ووتی جاش بوومە لای موستەشارێك ، كاتی خۆی ئێمە چەند گوندێكی سنوری كەركوكمان بە شۆفڵ تەخت و كردووەو سوتاندومانن، بەڕێكەوت باسی روخانی مزگەوتی گوندێكیشی كرد ، كەمن لەو گوندە لە دایك بووبووم ، جاشەكە هەقیقەتی زۆری گێڕایەوە ، یەك دوو جاریش گووتی كاتی خۆی موستەشارەكان هەر هەڵپەی پارەیان بوو ، پارەو هیچی تر ، ئەو گوتی ، بەڵام پارەكەی ئەوان هی تەرك و زیادە موچەو شتی تر بوو ، بەو ڕادەیەی ئێستاش زۆر نەبوو ، ئەوان هەر دەیانتوانی قاسەیەكی بچوك پڕ بكەن ، بەڵام بەرپرسەكانی ئێستا لە نەوت و گەندەڵی پارەی خەیاڵی دەدزن ، پارەیەك كە هی میللەتەو هی ئەوان نیە.
جاشەكە گوتی توخودا ئەم دووە كامیان باشترن ، ئەوێك كە دزیەكەی زەرەرێكی ئەو تۆی نەبوو بۆ پەزەكان یان ئەمێك كە ڕیشەی وڵاتی كێشاو نیشتمانی لە بن هێنا ، جاشەكە ئەوەشی گوت سەیرەكە لەوەدایە بەموستەشارەكانیان دەگوت جاش و خۆفرۆش و بە مانەی ئێستاش دەڵێن تێكۆشەر، ئەو بەراوردێكی جوانی لە نێوان موستەشارەكەی خۆی و یەكێ‌ لە بەرپرسەكانی ئەمڕۆدا كرد ، باسی خانوی موستەشارەكەی و ڤێلاو باخ و كۆمپانیای بەرپرسەكەی كردوپێی ووتم دەوجا خۆت حوكم بدە.
جاشەكە ئەوەشی وت ئێَمە جاشی حكومەت بووین و پارەمان لە بەعس وەردەگرت ، بەعسیش دووژمنی كورد بوو ، ئەو وتی ئەوەی ئێمە كردنەوەی مووبوو لە بەراز ، بەڵام ئەمانەی ئێستا قوتی خەڵك دەبەن ، پارەی خەڵك دەخۆن و خۆشیان بە خاوەنی خەموومان دەزانن، بۆ چاوبەستەكی و فریودانی خەڵكیش باسی ریفراندۆم و سەربەخۆی دەكەن ، ئەو وتی لەمنی وەرگرە ئەمانە عێراق سەربەخۆییان بە كەركوكیشەوە بداتێ‌ وەریناگرن ، ئەوان سەربەخۆی بە تاڵانی نەوت و دزینی سامانی نیشتمان دەزانن، ئەو جاشە تا سلێمانی قسەی بۆ كردم و نمونە گەلی زۆری بۆ باس كردم ، دوا قسەشی ئەوە بوو گوتی ئەگەر كوڕی موستەشارێ‌ یە ئۆتۆمبیلێكی مۆدێل بەرزەوە پۆزی لێبدایە بەسەر خەڵكا پۆلیس بە شەق دەیبرد بۆ مەركەز، بەڵام ئێستا مناڵە مەسئول جادە ناودەنەن جادەی پۆزو لە سەر فوللایت خەڵك دەكوژن كەسیش ناتوانێ‌ پێیان بڵێ‌ سەروی چاوتان برۆیە .







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە