بۆچی مەلا سامانیان نەكوشت
لەتیف فاتیح فەرەج
PM:04:07---19-08-2017
ئه‌م بابه‌ته 6078 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

دكتۆر عەلی وەردی كۆمەڵناسی عەرەب  نامیلكەیەكی زۆر نایابی هەیە بە نێوی " قوڕەت ئەلعەینیان بۆ كوشت " لەوێدا باسی كوشتنی ئەو خاتونە یاخی و ئازایە دەكات ،كە لەرۆژگارێكی تاریكا ، ئەو دەنگی خۆی كردە چرا ، رێك ناونیشانەكەی عەلی وەردیم بۆ نەكوشتنی مەلا سامان ئاوەژوو كردەوە ، ئەوانەی  رێیان بە مەلا سامان گرت ،ئەركی كوشتنیان پێ نەدرابوو ، وەك ئەوەی بۆ عەبدولستارو سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و كاوەو وەدات و تادوای " ناوەكان ئەگەر لە سەرەتای كوشتنی جیاوازیەوە  ریزیان بكەین زۆرزۆرن " بۆچی  ئامانجەكە كوشتن نەبوو لەمەی مەلا ساماندا ، بیرتان بۆ شتی خراپ نەچێت وەك ئەوەی مەلا سامان بەڵێنی پێدابن لەو بیرە نەوتانەی هەیەتی بیرە نەوتێكیان بداتێ‌ ، یان لە كارگەی چەمەنتۆو شیش و كۆمپانیاكانیدا شەریكیان كاتەوە ، یاخود لەو دەیان باخ و ڤێلایەی هەیەتی ، پێی گوتبن دوانیان بۆ ئێوە ، ئاخر باخ و ڤێلاكانی لە خانەقینەوە درێژدەبنەوە تا زاخۆ زۆرێكیان هی مەلا سامانن، ئەو گەنجانەی ئەمڕۆ بە بیئێمەكەیانەوە رێیان بە مەلاسامان گرت ، پێیان نەگوترابوو بیكوژن ، خۆ ڕەنگە گروپەكانی كوشتن هەر ئەوان نەبن ، ئەمان بە س ئەركێیان بێدەنگ كردن بووە و هیچی تر ، خۆ ڕەنگە لەوەش سەرتر فەرمانەكەی پێیاندراوە بۆ شكاندنی شكۆ بێت ، ئاخۆ شكۆی مرۆڤ بەوە دەشكێت ، ئەوە پرسیارە سەرەكیەكەیە ،لام وایە نەخێر ، مەلاسامان بە م ستەملێكردنە شكۆی زیاتر هەڵدەكشێت ، هەر نا لە بەر ئەوەی بەعس باوك و مام و كەس و كاری مەلا سامانی بردو خۆیشی لە تۆپزاوە گەڕایەوە ، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتی خۆكوردی خۆكردیدا ئەوە خۆی لێدانی خوارد ،ئێستا مەلا سامان لە دوو سەردەمی بە حساب جیاوازدا ستەملێكراوە ، سەردەمی بەعسی سەدامی و سەردەمی خۆ دەسەڵاتی .
نازانم ئاخۆ بكەرانی ئەو كارە دەدۆزرێنەوە یان نا ، نەدۆزینەوەی هەموو تاوانبارێك هۆیە سەرەكیەكەی ئەوەیە دەسەڵات یان لە پشتیەوەیەتی یان نایەوێ‌ بە دوایدا بچێت ، لە دەرەوەی هەر لێكدانەوەیەكی تردا ئەم لێدان و رێپێگرتنەی مەلاسامان ، ئەوەندەی پەیامە بۆ ئەوانی تر ئەوەندە بۆ مەلا سامان نیە ، هەرچۆنێكە ئەگەر ئەو قسەیە راست بێت كە بەناوی ئیسماعیل بێشكچیەوە رۆیشتوە گوایە ، "خراپترین دەسەڵاتی كوردی لە باشترین دەسەڵاتی عەرەب و تورك و فارس باشترە بۆ كرد " ئێستا بێشكچی لەو قسەیە زۆر پەشیمانە ، هەڵبەت قسەكەش هیچ لۆژیكی نیە ، ئاخر زۆرنەتەوەدەوڵەت و تاج و تەختیان هەیەو بە جێی دێڵن و بە دوی ئازادی و نان و تەناهیدا دەڕۆن ، سۆمالی و ئەوغانیەكان وڵاتیان بۆچیە كە نان و تەناهی و ئازادی تیا نەبێت، بۆ ئەفغانیەك ئەوروپا نەك ئەفغانستان بۆ ژیان شیاو ترە ، بۆ عێراقی و تەنانەت كوردەكەی هەرێمی كوردستانیش هەر وەسایە ، ئیتر چاك و خراپی چی ، دەوڵەت نان و تەناهی و ئازادی و ژیانە ، ئەمانەی نەبوو دۆزەخە .
جارێكیان وتم سوپاس بۆ ئەوانەی ئاسۆس هەردیان نەكوشت ، ئێستاش سوپاس بۆ ئەوانەی مەلا سامانیان نەكوشت ، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی رایاندەسپێرن بۆ كوشتنی خەڵك و ئەوان كارەكە ناكەن ، یان نیوە ناچڵ لێی دەگەڕێن ، هیوادارم ئاستی هۆشیاری راسپێردراوەكان بگاتە ئەوشوێنەی كە ئیتر هاوزمانەكانی خۆیان نەكوژن .
مەلا سامان بۆ دایك و هاوسەرو مناڵەكانی مایەوە ، بەڵام بیرمان نەچێت ئەركی دەسەڵات پاراستنی هاونیشتمانیەكانێتی ، كێ‌ دەڵێت ئەمە ڕووناداتەوە ، كە ڕووی دایەوە چی ، ئەوكاتەپرسیارەكە وەك خۆی لێبكەینەوە بۆچی مەلا سامانیان كوشت ، ئەوە چ ئاوەزێكە چاوەڕێ‌ بین مرۆڤ بكوژرێت تا لە هۆیەكانی كوشتنی بكۆڵینەوە !!.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە