كوردو نامەكەی ریكس تیلەرسن
لەتیف فاتیح فەرەج
PM:01:45---18-12-2017
ئه‌م بابه‌ته 1244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

نامەكەی ریكس تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بارزانی كە بەر لە ئەنجام دانی ریفراندۆم نوسراوەو دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم كەوتە بەردەستی خەڵك و میدیاكان بڵاویان كردەوە ، نامەو دەكۆمێنتێكی زۆر گرنگ و بایەخداربوو ئەگەر هاتباو كورد ، بەتایبەت بارزانی بە قسەی تیلەرسنی كردبا ، بە درێژای مێژووی كورد و ئەمەریكا نامەیەكی واگرنگ  لە لایەن بەرپرسێكی باڵاوە نەنێردراوە بۆ كورد ، تاڵەبانی لە سەرو بەندی ئەنفالدا باس لەوە دەكات كە زۆر بە زەحمەت توانیویانە بەرپرسێكی خواری خوارەوەی ئەمەریكا ببینن ، ئەویش لە شوێنی فەڕمی نا لە كافتریا یان قاوەخانەیەكی لاچەپ ، نامەكەی تیلەرسن بۆ كورد دەرگاو دەروازەیەكی زۆر باش بووە ، تا لێیەوە بڕواتە دیرۆكەوەو ئەمەریكاش پابەند بكات بە جێبە جێكردنی بەڵێنەكانیەوە ، ئێستاو ڕەنگە بۆ ماوەیەكی زۆر دور تریش دەرنەكەوێت بۆچی بارزانی ئەو نامەیەی ڕەتكردەوە ، بۆچی ئەمەریكای نەخستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی ئاكاریەوە ، تۆ بڵێی ئەردۆغان و توركیا بەڵێنی لەوە زیاتریان بە بارزانی دابێت ، تۆ بڵێی راوێژكارە موچە قەبەو خەیاڵێكانی بارزانی لە كوردو بیانی گرەنتی زیاتریان دابێتە بارزانی ، وەك ئەوەی ئومێد خۆشناوی ئەندامی پارلەمانی پارتی دەیگوت 26-9 بارزانی لە ئەنجومەنی ئاسایش وتاری هەیە !!.

لە نامەكەی تیرەرسندا كە بەبەڕێز سەرۆك بارزانی و بە زمانێكی زۆر نەرم دەست پێدەكات ، بە مەرجی ئەوەی ریفراندۆم لەم قۆناغەدا دوابخرێت و نەكرێت بەڵێنی زۆربە بارزانی و كورد دەدرێت ، لەوانە:

یەكەم : جێبەجێكردنی تەواوی رێكەوتنەكانی بواری دابەشكردنی  دەسەڵات و سەروەت و سامانی وڵات.

دووەم : جێبەجێكردنی مادەی 140.
سێیەم : چارەسەركردنی كێشەكانی تر وەك پرسی پێشمەرگەو مافەكانی لە سەر بەغدا ،فڕگە مەدەنیەكان ، نوێنەرایەتی دیبلۆماسی و ئەوانی تر.

هەڵبەت ئەم خاڵانە كاتێك وەزیری دەرەوەی گەورە ترین و بە دەسەڵاتترین وڵاتی دنیا باسی دەكات ، مانای وایە خۆی بەرپرسیار دەبێت لە جێبە جێكردنیان ، بۆ نمونە مادەی 140 پێشتر ئەمەریكیەكان زۆر بە قورسی سەیریان دەكردو وەك بەرمیلە بارود لێیان دەڕوانی ، بەڵام ئێستا ئەوەتا خۆیان باسی جێبەجێكردنی دەكەن ، بۆ ئەومەبەستەش نەتەوە یەكگرتوەكان و خەڵكی تر دێننە نێو چوارچێوەی چارەسەریەكانەوە.

تیلەرسن خواستی ئەوەیە كە بارزانی بەوە رازی بێت لانی كەم بۆ دوو ساڵ ریفراندۆم دوا بخات ، ئەمە دواتر لە قسەو باسەكانی تردا زیاتر دەركەوت ، ئەو داوا دەكات لە بری ریفراندۆم .

یەكەم : دانوستانی راستەوخۆ بۆ دەستە بەری مافەكان و چارەسەری كێشەكان لە گەڵ بە غدا بكرێت.

دووەم : هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە وەك هاوبەشی گرنگی هاوپەیمانی دژی داعش بمێننەوە و پشتیوانی هاوپەیمانی دژی داعش بۆ هەرێم و پێشمەرگە بەردەوام بێت.

سێیەم : سنوری هەرێمی كوردستان و عێراق بە دانوستان لە گەڵ عێراق یەكلای دەبێتەوە بە پێی بڕگەكانی مادەی 140.
چوارەم : هەرێم بەردەوام بێت لە هەماهەنگی لە گەڵ عێراق.

من تێناگەم ئەم نامەیە بەم هەموو خاڵە گرنگەوە بۆ دەبێت لە لایەن بارزانیەوە رەت بكرێتەوە ، ئەوە گریمان نامەكە درەنگ گەیشتووە ، گریمان بارزانی متمانەی بە ئەمەریكیەكان نەبووە ، بۆ ئەم رێگەیەش تاقینەكرایەوە ، لە كاتێكا بە ماوەیەكی زۆر كەم پێش پرۆسەی ریفراندۆم چەندین راگەیاندنی دژبەیەك درا ، بافڵ تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكا باسی لەوە كرد كە پارتی و یەكێتی لە سەر دواخستنی ریفراندۆم رازی بوون ، هەر زوو پەشیمان كرایەوە ، من پێم وایە راگەیەنراوەكەی بافڵ بۆ دواخستنی ریفراندۆم هەقیقەت بوو ، بەڵێنیش لە ئەمەریكیەكان وەرگیرا بوو ، بەڵام بارزانی قەبوڵی نەبوو كەس لە بری ئەو بڕیار بدات یان هەنگاوبنات ، یەكێتی كەركوك تا دوا چركە ئامادەی بەشداری ریفراندۆم نەبوون ، لە دوا شەودا ناچاری بەشداری كران ،دیارە داواشیان لێكرا بوو كە تا دەتوانن تەزویرو فەن و فنون بكەن ، داوای فەن و فنونەكە خودی بارزانی كردبووی.

تیلەرسن لە نامەكەیدا بۆ دڵنیای دان بە بارزانی  داوادەكات ئەو بەدیلەی ئەو دەیخاتە بەردەم بارزانی لە ئەنجومەنی ئاسایش قەبوڵ بكرێت و دەڵێت كاری بۆ دەكەین بۆ پەسەند كردنی ، واتە ئەمەریكا كاری بۆ دەكات ،هەروەها باسی وەرگرتنی رەزامەندی نەتەوە یەكگرتوەكانیش دەكات.

بە بڕوای من رەتكردنەوەی ئەو نامەیە لە سەر قسەی چەند كارمەندێكی خانەنشینكراوی وڵاتان ، یان هەر هیچ نەبێت پێداگری بارزانی لەسەر ریفراندۆم ئاكامەكەی هەر ئەوەی لێچاوەڕوان دەكرا كە ڕوویدا ، ئەوەی لە دوای ریفراندۆمەوە هاتوتە پێش ئاشبەتاڵێكی ترە ، بەڵام سەركردایەتی سیاسی ئێستای كورد نایەوێت مل بۆ ئەو راستیە بدات.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە