سوكایه‌تی كردن به‌ پێشمه‌رگه‌
لەتیف فاتیح فەرەج
PM:01:56---12-02-2018
ئه‌م بابه‌ته 1229 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ئێوه‌ ئاگاتان له‌و هه‌موو سوكایه‌تیه‌یه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت ، ئه‌وه‌ی بارزانی وتی ئه‌وه‌ی پێیان بڵێت میلیشیا خائینه‌ ، هه‌ر خودی بارزانی ده‌ڵێن زۆر شانازی به‌ پێشمه‌رگه‌ بوونی خۆیه‌وه‌ ده‌كات ، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی بۆ سزادانی سروه‌ عه‌بدلواحید گوایه‌ سوكایه‌تی به‌ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ هه‌زاران كڵاو سور له‌ هه‌ولێر داوای سزادانیان ده‌كرد ، ئاگاتان لێیه‌ چۆن پێشمه‌رگه‌ به‌ زۆری زۆرداری برسی ده‌كرێت و موچه‌ی نادرێتێ‌ ، ته‌نانه‌ت هێنده‌ی دیمی لۆڤاتا بایه‌خی نیه‌ لای ئه‌م حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ .
ئاگاتان لێیه‌ چۆن حزب ده‌ستی ناوه‌ته‌ بینه‌قاقای پێشمه‌رگه‌و مناڵه‌كانی ، كه‌ پێویستیش بكات شه‌ڕی حزبی پێده‌كات ئاخۆ له‌ مێژوی دورو درێژی مرۆڤایه‌تیدا هه‌رگیز به‌و جۆره‌ سوكایه‌تی به‌ هێزی چه‌كدار كراوه‌ ، تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ل و په‌له‌كانی ماڵه‌وه‌ بفرۆشێ‌ بۆ شیری مناڵه‌كه‌ی .
ئه‌رێ‌ ئه‌و كڵاو سورانه‌ی هه‌ولێر بۆ له‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ ناڕژێنه‌ سه‌ر جاده‌ ، ئه‌و هه‌موو میدیاكارو نوسه‌ره‌ حزبیانه‌ی شه‌وورۆژباسی پێشمه‌رگه‌یان ده‌كردو خۆیان پێوه‌ باده‌دا ئه‌وه‌ بۆ نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت ، یان مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌ بۆ ئێستا هیچ له‌ باره‌ی سوك كردنی پێشمه‌رگه‌وه‌ ناڵێت .
رۆژگارێك كه‌ پێشمه‌رگایه‌تی نرخی هه‌بوو پێشمه‌رگه‌ پێشمه‌رگه‌ بوو ، دوو یان سێ‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناو جه‌رگه‌ی شاری سلێمانی و هه‌ولێر پارێزگاری به‌عسیان ده‌دایه‌ به‌ر ده‌سڕێژی گوله‌ ، سێ‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ماوه‌ ى یه‌ك رۆژله‌ ناو چه‌مچه‌ماڵ رووبه‌ڕووی سوپاو گه‌له‌ جاش ده‌بوونه‌وه‌ تا شه‌هید بوون ، سوكایه‌تی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و به‌رخودان و ئازایه‌تیه‌ی جاران له‌ ماوه‌ی 27 ساڵدا له‌ مرۆڤی باشوری كوردستاندا كوژراو له‌ چاڵنرا .
پێشمه‌رگه‌ تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ سوك كرا كه‌ شه‌نگال و كه‌ركوك و ده‌یان شوێنی تر بۆ هه‌ندێ‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌ جێبهێڵت كه‌ له‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ زاره‌ تره‌ك بووبوون، سوكایه‌تی گه‌وره‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ یاری كردنه‌ به‌ كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌فیان ، پێنه‌دانی موچه‌یه‌ پێیان ، ناشرین كردن و ترسنۆككردنیانه‌ به‌ به‌رنامه‌.
ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستا بیانه‌وێت په‌روه‌رده‌یه‌كی ئاكاری پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن ، پێشمه‌رگه‌ هیچی له‌و شه‌ڕوانه‌ بوێرانه‌ كه‌متر نیه‌ كه‌ به‌ خوێن عه‌فرین له‌ رۆمی و چه‌ته‌كانی ده‌پارێزن .






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە