بە هێمنی لە گەڵ فەرید ئەسەسەردا
لەتیف فاتیح فەرەج
PM:05:43---23-06-2018
ئه‌م بابه‌ته 1402 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

كاك فەرید ئەسەسەرد وتارێكی بڵاو كردوەتەوە بە نێوی" گێژاوی هەڵبژاردن " هەڵبەت من سەد دەر سەد لە تەك ناونیشانەكەدام كە هەموو هەڵبژاردنێك لە عێراق و هەرێم بە هۆی ساختەكاری و فرت و فێڵەوە گێژاو زیاتر نیە ، بەڵام ئەو بە تایبەت قسە لەسەر هەڵبژاردنەكەی 12ی 5 ی عێراق دەكات ، هەڵبژاردنێك كە هەموو شێوازەكانی ساختەكاری و ساختە چێتی تیا پەیڕەوكرا ، تا ئەو رادەیەی قسە لە سەر ئەوە بكرێت كە كورسی بە 20 دەفتەر دۆلار و 25 دەفتەر كڕدرابێت ، كاك فەرید وتارەكەی تایبەت نیە بەم ساختەكاریانە ، ئەو لەسەر هەنگاوەكانی پارلەمانی عێراقی قسە دەكات ئەو دەڵێت " گومانی زۆر لە یاسایی بوونی هەنگاوەكانی ئەم دوایانەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە " بەڵام ناچێتە سەر ئەوەی بۆچی ئەم هەنگاوانە نرا ، بۆچی ئەنجومەنی نوێنەران ، یان وەك ئەو دەڵێت ناڕازیەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران ئەو كۆبونەوانەیان دەست پێكرد ، هەڵبەت لە سەر بنەمای ئەو گومان و فێڵانە .
ئەو دەڵێت ئەگەر دەرچەیەك نەدۆزرێتەوە ئەمە دەبێتە دواین هەڵبژاردن لە عێراقدا بەڵام ناڵێت بۆ دەبێتە دوا هەڵبژاردن ، هەڵبەت هەموو لە ترس و نیگەرانیدا دەژین ، هەموو ترسی ئەوەمان هەیە بە تایبەت لایەنە شیعیەكان بەربنە وێزەی یەكتر ، بەڵام ئەمە ترسە ، دیارە موقتەدا سەدریش تا ئێستا زۆر ئاوەزیانەو بە هێمی سەیری هەنگاوەكان دەكات ،واتە ترسەكە جارێ‌ هەر ترسەو هیچی تر .
من بڕوام وایە ئەگەر سەیری گەمەی دیموكراتی بكەین لە ئەمەریكاو ئەوروپا ئەم هەنگاوانە ئەو پەڕی دیموكراتی دەگەیەنن ، ئەمە ئەگەر دەست وەرنەدرێتە كارەكەو گومانەكان بسەلمێنرێن ،لە مەشدا هیچ مەحاڵێك نیە مەگەر هەر ئەوەی لایەنە ساختەكارەكان نەهێڵن هەڵبژاردن دووبارە بێتەوە ، یان بڕو بیانوو بدۆزنەوە ، ئاخر من و كاك فەریدیش گومانی زۆرمان لە ساختەكاریەكان هەیە تەنانەت براوەكانیش باسی ساختە كاری دەكەن .
دەربارەی هەنگاوەكانی توركیاو بێدەنگی عێراق ، لە راستیدا پێویستە بەر لە عێراق پارلەمان و حكومەتی هەرێم بخرێنە بەردەم پرسینەوە ، حكومەتی هەرێم لە ئێستادا لە بری داكۆكیكاری هەرێمی كوردستان و خاكەكەی بێت لە زاری وتە بێژو بەپرسەكانیەوە بەردەوام ڕەوایی بە هەنگاوەكانی توركیا ئەدات و پەكەكە تۆمەتبار دەكات ، دەی گریمان پەكەكەش بەرپرسە ئەی توركیا ئەی كوشتنی هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی كوردستان بە تۆپ و فڕۆكەی توركی ، كە خۆمان قسەمان نیە بۆچی یەخە گیری خەڵك بین .
ئەو باسی بۆشای دەسەڵاتەكان دەكات  گوایە لە 1ی 7ەوە ئەو بۆشاییە دروست دەبێت ،هەڵبەت هەنگاوەكانی درێژكردنەوەی ماوەی پارلەمان و حكومەتیش بە مەترسی دەزانێت ، لە كاتێكا لە هەرێم چەندین جار ئەو هەنگاوانە نراو یەكێتی هاوكارو پاڵپشتی پارتی بوو لەو كارەدا ، من وەك خۆم لە تەك درێژكردنەوەی تەمەنی پارلەمان و حكومەتا نیم ، بەڵام ئەوە لە كوردستان كراو پێدەچێت لە عێراقیش یكرێت ، كە ئەمە لە تەك دیموكراسیدا نایەتەوە .
راستە دۆزینەوەی دەرچەیەك زۆر گرنگە ، بەڵام هەمیشە تەزویرو ساختە دەرچەكان دادەخەن ، ئێستا بەر لەوەی بگەینە 1-7 دەكرێت هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكەو سەرۆكی لیستە براوەكان دابنیشن و دەرچەیەك بدۆزنەوە ، ئەمە بێ‌ ئەوەی رێگری لە هەنگاوە دیموكراسیەكان بكرێت ، لە راستیدا ئێمە ئێستا پێویستمان بە لێبوردەیی و یەكتر قەبوڵكردن و بە یەكەوە هەڵكردنە نەك هەنگاو گەلی دیكە .







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە