چاوشئۆغڵو ئاكاری سیاسی
لەتیف فاتیح فەرەج
PM:01:49---07-07-2018
ئه‌م بابه‌ته 374 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

مه‌ولود چاوشئۆغڵو بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئاكارێكا ده‌ڵێت یه‌كێتی و گۆڕان به‌ ده‌ستی وڵاتێك دژایه‌تی پارتی و بارزانی ده‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ له‌ بواری سیاسیدا جگه‌ له‌ بێئه‌ده‌بی سیاسی و رۆڵی تێكده‌رانه‌ زیاتر هیچ ناونیشانێكی تر هه‌ڵناگرێت ،به‌ درێژای مێژوی توركیا له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا درۆزن ترو دوو ڕووترو هیچ و پوچتر نه‌بووه‌ ، رۆژێك ماستاو بۆ روسیاو ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا ده‌كات و رۆژێك دژایه‌تیان ، رۆژێك ده‌بێته وارسی شه‌رعی داعش و رۆژێكیش ده‌ڵێ‌ تیرۆریستن ، هه‌ر ئاغاكه‌ی چاوش ئۆغڵو مه‌به‌ستم سوڵتانه‌ موزه‌یه‌فه‌كه‌یه‌ ،ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌رچی نه‌شیا به‌ بارزانی و پارتی ده‌وت "عه‌شره‌ت و خێڵ و پیاوی ئیسرائیل و شتی له‌و جۆره‌" ، كه‌ ئاوڕ له‌ مێژوو ده‌ده‌ینه‌وه‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورك درۆزن و ته‌ڵه‌كه‌ بازو ناپاك بوونه‌ ، له‌ ناو خۆیشیاندا هێنده‌ شه‌ریف نه‌بوونه‌ ، ده‌وڵه‌تی عوسمانی و به‌ڵاتی خه‌لیفه‌كان مه‌یدانی فسق و فجور بووه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌یان كتێب و فیلم و حه‌كایه‌ت هه‌ن ، ته‌نانه‌ت تورك خۆیشیان ناتوانن ئه‌و هه‌موو ناشرینیه‌ بشارنه‌وه‌ سه‌یری درامای " حه‌ریمی سوڵتان بكه‌ن " .

تورك سیاسه‌تیان لیپه‌ له‌ كوشتن و بڕین و ناشرینی ، ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ سوكن سوكایه‌تی به‌و ته‌رمانه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ستیان، نمونه‌ی لوت بڕین و مه‌مك بڕین و ئه‌تك كردن و ئه‌و نه‌شیاویانه‌ " رۆمی ئه‌وه‌نده‌ شومن له‌ شه‌خسیش ده‌ده‌ن زه‌ره‌ر " 

چاوش ئۆغڵو حزبه‌كه‌ی ئیش و كاریان ئه‌وه‌یه‌ له‌ باشوری كوردستان ئارامی و ته‌ناهی نه‌بێت ، ئه‌وان بۆ بچوكترین بیانوو ده‌گه‌ڕێن كه‌ په‌لاماری كورد بده‌ن ، ئۆغڵو له‌ بری ئه‌و قسه‌ بازاڕیانه‌ كه‌ نیشانه‌ی فیتنه‌و بێئاكارین ، با رێز له‌ جیاوازیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی خۆی بگرێت ، خۆیان ئه‌وه‌نده‌ ترسنۆكن به‌ گۆرانی و فیلمیش زه‌نده‌قیان چووه‌ ، له‌ بری چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێو خۆی دێت په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان ده‌دات .

من چاوه‌ڕێ‌ بووم یه‌كێتی و گۆڕان پێكه‌وه‌ یان به‌ جیا كه‌ دروست ئه‌وه‌یه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركردایه‌و باسی هه‌موو ناشرینیه‌كانی ئاردۆغان و چاوش ئۆغڵو ئاكه‌په‌یان كردباو بیانگوتبا ئه‌و قسانه‌ له‌ درۆی شاخدار زیاتر نین ، لێ‌ نه‌یانكرد ، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بووم بارزانی به‌ به‌یاننامه‌ یان تویتێك پڕ ده‌م ئۆغڵو له‌ شه‌كر بكات و بڵێ‌ ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یڵێت ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نیه‌ و ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌ كارو باری نێو خۆی هه‌رێم و تێكدانی په‌یوه‌ندیه‌ لێ‌ نه‌پارتی و نه‌بارزانیش ئه‌وه‌یان نه‌كرد.
بێده‌نگ بوون له‌و قسانه‌ی ئۆغڵو سوكایه‌تیه‌ به‌ هه‌موو كورد له‌ پێشه‌وه‌ به‌ پارتی و بارزانی بۆ یه‌ ناكرێ‌ قه‌بوڵی بكه‌ن .






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە