بڵێی دەمیرتاش سەركردەیەكی كورد بێت؟!
هیوا ناسێح
PM:01:34---23-06-2018
ئه‌م بابه‌ته 511 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەنجێكی ٤٥ ساڵە، كەس نازانێت لە چ  عەشرەت و بنەماڵەیەكە، شاعیر، رۆشەنبیر، یاساناس و میوزیكژەن، گۆرانی بۆ ژیان و بۆ خەبات و بەرخودان دەڵێت، كاندیدی سەرۆكایەتی گەورەترین دەوڵەتی داگیركەری كوردستانە، عەرشی دیكتاتۆرێكی داگیركەری گەورەترین پارچەی كوردستانی هێناوەتە لەرزین.
دەمیرتاش، كە بە كوردی ناوەكەی دەكاتە بەردێكی پۆڵاین، یان بەردێكی ئاسنین، پێ دەچێت هێمن موكریانی گوتەنی (موحتاجی مەحەك) نەبێت و (زێڕی بێ غەلوغەش) بێت. بۆیە گوڵ دەچێنێت بەرامبەر ئەوانەی مینی بۆ دەچێنن، پەیامی ئازادی و برایەتی گەلان دەنێرێت بەرامبەر بە پەیامی شەڕ و هێرشكاری، گوڵ دەگرێتە ئەوانەی گوللـەیان پێوەدەنێن. مەسیح ئاسا دەستی نزا بۆ لێخۆشبوون لە هەڵە و تاوانی ئەوانەش بەرزدەكاتەوە كە ئازاری دەدەن!
ئەم مێرخاسە لە هەڵبژاردنی پێشوودا چوار ملیۆن دەنگی هێنا، بەڵێ چوار ملیۆن دەنگی ساغ و زوڵاڵ و بێ ساختە، ئەمجارەیان ئەردۆغان كە لە بوێری و ئازایەتییەكەی تۆقیوە، لە ترسی كەسایەتییە كاریزمییەكەی نزیكەی دوو ساڵە لە كونجی زیندانی توندكردوە، هاوسەرەكەی كە مامۆستای خوێندنگا بوو، نان بڕاو كرد و لە كارەكەی وەدەریان نا، چونكە گوتیان مناڵانی كورد فێری بەرخودان دەكەیت!
ئەم عەگیدە، خەریكە باوەڕ نەكەم كورد بێت، هەبێ و نەبێت ئەمە پەشێوی مەزن گوتەنی لە (جنسێكی ترە) یان وەك ناوبراو لە هۆنراوەی (لە دایكبن) دا دەڵێت: لە دایكبن كوڕانی سەدەی ئایندە... ئەم لەم جۆرە (كوڕ)انەیە كە بۆ سەدەی ئایندە لە دایكبووە!. 
ئەرێ كەسێك هەیە لە هیچ پارچەیەكی دیكەی كوردستان بتوانێت بەرانبەر سەرۆكی دەوڵەتێكی داگیركەر بوەستێتەوە، كە سەرجەم دەستەڵاتە، سیاسی، سەربازی، دیپلۆماتی، ئابوری، هەواڵگری، ئاسایش و دادگا و دادوەریی لە ژێردەستدا بێت!؟
 ئەمە چ شۆڕەسوارێكە! وا ئەردۆغانێكی دەست بە خوێنی هەزاران شەهیدی كورد لە بریسكەی چاوەكانی دەترسێت! گەر وانەبوایە لای كەمی بە كاتیی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەكە ئازادی دەكرد. ئەرێ ئەمە دەرچووی چ قوتابخانە و پەیمانگایەكە، كە تا لە دەرەوەی زیندان بوو، لە پێشی پێشەوەی رێپێوان و خۆپیشاندانەكان بوو، یەكەم كەس دەچووە مەیدان و ئاخر كەس دەرۆیشتەوە بۆ نوسینگەكەی! ئاخر خۆ هەموومان رێپێوانی جەماوەریی چەند ساڵ لەمەوبەری شكاندنی ئابڵۆقەی سەربازیی شارەكانی سور و گەڤەرمان لەبیرە، كە چۆن ئەم كوڕە جوامێرە لە ریزی پێشەوە قۆڵی كردبوو بە قۆڵی هەڤاڵەكانیدا و سنگی كردبووە قەڵغانی گوللـە و سوپەریی بەرگریی و خەباتی مەدەنی كورد؟؟
ئەرێ ئەم  جوانخاسە لە چ دایك و باوكێك بووە، كە ئەوەندەی گەردیلەیەك جێگەی ترس لە دڵیدا نابێتەوە؟ ئەم هەموو باوەڕبەخۆبوون و متمانە و كەسایەتییە بەهێز و سەنگینە لە كوێیوە دێنێت؟ وا لە بن نایەت، ئەم كێوی وزە و ورە و زەریای بێ بنی حەوسەڵە و تاقەت و توانایەی لە كوێوە پەیدا كردوە؟ ئەم ئاسمانە قوڵەی هیوا و ئومێد و گەشبینییەی لە كوێ بینییەوە؟
ئەم ماندێلا گەنجە كە لە كونجی زیندانیشدا بزە لە سەر لێوەكانی نابڕێت پێم ناڵێن هەڵۆی كام كۆسارە؟ ئەم كوڕە هەژارە رووخۆشە قۆزە سپی پێستە دەرچووی كام زانكۆی شۆڕشگێڕی و فیداكارییە، كە وا توند توند دەستی بە ئەڵقەی خەباتی دیموكراتی و مەدەنییەوە گرتوە و بەری نادات؟
تۆ بڵێی ئەمە سەركردەیەكی كورد بێت؟ جا گەر كوردە، ئەرێ ئەم سەركردە ناسراوە كۆشكەكەی بایی چەندە؟ براكەی و برازا و ئامۆزاكەی بەرپرسی چین و چ پلە و پۆستێكیان هەیە؟ ژمارەی پاسەوانەكانی چەند بوون؟ كەی كوردە! گەر كوردە كاتێك بەرپرسی گەورەترین پارتی كوردی بوو لە باكور، كوا ژمارە و ریزی ئۆتۆمبیلە دوا مۆدێلەكانی، ئەی خانوەكەی چەند كیلۆمەتر دووجایە؟ ئەرێ كەس لە ئێمە بیستمان لە دەزگاكانی میدیای دوژمنیشەوە، تەنها كەسێك، بە ڵێ تەنها ئەندامێكیان لەو زیاتر لە 90 بەرپرسی شارەوانییەی هەیانبوو، بە تۆمەتی گەندەڵی ئابڕوچوونێكی سێكسی یان دزینی دۆلارێك، لیرەیەك! بدرێتە دادگا؟؟!
چۆن گومان لە كوردێتی ناوبراو نەكەم، ئاخر ئێمەی باشوریی سەركردەیەكی كوردمان نەبینیوە وەك ئەم پیاوە، لە بەشی رۆژهەڵاتیشدا پێم شك نایەت، ئاخر هەر ئەم بوو، كە ماڵ بە ماڵ، گوند بە گوند، دوكان بە دوكان، دەسگێر بە دەسگێر و كەپر بە كەپر و تەنانەت عەرەبانەچی و بۆیاخچییەكانیشی بەسەردەكردەوە! ئەمە چ سەكردەیەكە عەزیزان! چ مرۆڤێكە؟ چ خۆنەویستێكە، چ سیاسییەكە؟ چ مەخلوقێكە؟ چ جۆرە كوردێكە، هاورێیان؟!! كە چەكەكەی تەنها تەمبورێك و قەڵەمێك و مایكرۆفۆنێكە، لە هەموو شتێكیش بێ باكە!






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە