ئه‌گه‌ره‌كانی ڕیفراندۆم
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر
PM:04:53---19-08-2017
ئه‌م بابه‌ته 1482 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هه‌رچه‌نده‌ دوا تیری كه‌وانی كورد، ئاوه‌هاو به‌م حیزبگه‌رێتیی و مه‌زاجپه‌رستیی و شه‌خسه‌نه‌كردنه‌، ناهاووێژرێت، به‌تایبه‌تیی كه‌ دوا شكستی به‌رامبه‌رو دوا هه‌لی كوردیش نییه‌ و هێشتا نیشانه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌ كامه‌یه‌، به‌ڵام ڕاكێشانی دواتیرو دواكارتی نیشتمانیی كورد، كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی بۆ شكاندنی داخوازیی و نیشانه‌كانی خه‌ڵك و ویسته‌ نیشتمانییه‌كانیان ڕاكێشراوه‌و تووشبووان به‌ ده‌رده‌شاو ده‌ردی هه‌ژارانیش پشتیوانیده‌كه‌ن، له‌ به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه‌:
یه‌كه‌میان، له‌ ژێر فشارو سازشی به‌غداو شوێنه‌كانی تردا، دوایده‌خه‌ن و ئه‌م كارته‌ بۆ تاهه‌تایه‌ ده‌سوتێنن، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌دوای ئه‌م سوتانه‌وه‌ن، نه‌ك بچوكترین سازشیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و ده‌سته‌بژێرو لایه‌ن و جوڵانه‌وه‌ لۆژیكییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌كرد، به‌ڵكو تۆمه‌ت و تاوانی زۆریشیان به‌سه‌ردا به‌خشینه‌وه‌.
دووه‌میان، له‌واده‌ی نایاسایی دیاریكراودا، ده‌یكه‌ن و لێره‌دا دوو ئه‌گه‌ر دێنه‌ پێشه‌وه‌:
یان خه‌ڵك به‌قه‌د گه‌وره‌یی ئامانجه‌كه‌ ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، (نه‌ك بۆ ڕیفراندۆم، نه‌ك بۆ سه‌رۆك، نه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆژانه‌یان دروستكرد)، ده‌ده‌ن، به‌ڵام دواجار ته‌نها ده‌ ڕۆژ ئه‌م به‌خششه‌ نیشتمانییه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و ساردده‌كرێته‌وه‌و ده‌كرێته‌وه‌ به‌قوربانی سازش و چه‌مینه‌وه‌ بۆ فشاره نا كوردستانییه‌كان، یانیش پێش ئه‌و واده‌یه‌، شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش له‌ حه‌مرین و حه‌ویجه‌وه‌، ده‌به‌نه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نه‌ك هه‌ر ڕیفراندۆم، به‌ڵكو به‌ناوی ئازادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌وه‌، بۆ سنوری ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی پێش 9ی نیسانی 2003، هێزه‌كانیان بڵاوه‌پێده‌كه‌ن.
بۆیه‌ ئه‌مڕۆ، كه‌ دووساڵی كۆتایی و ته‌واو ناڕه‌وای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیش ته‌واوبوو، گه‌وره‌ترین مانا به‌ ناوه‌ڕۆكی خۆسه‌پێنیی به‌خشرا، هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌یشی پڕۆژه‌یان هه‌بوو، خۆیان وه‌ك ته‌ره‌ف، نه‌ك حه‌كه‌م، نه‌ك لایمه‌ن، نه‌ك هانده‌ر، نه‌ك بێلایه‌ن، نمایشكردبوو، ته‌واوبوو؛ ئیتر دوای ئه‌م هه‌موو لادانانه‌، دوای بوژانه‌وه‌ی به‌ره‌ی دژ به‌یاسا و سه‌روه‌ریی و دوای جوڵانه‌وه‌ی هه‌ستی درێژكردنه‌وه‌ی خۆسه‌پێنیی لای ئه‌و لایه‌نانه‌، پێویسته‌ له‌ پێش هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ پشتیوانیی هه‌میشه‌یی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی خواسته‌ نیشتمانییه‌كانیان خستۆته‌ پێش خواسته‌ تایبه‌تیی و كه‌سیی و حیزبییه‌كانه‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای دوا ڕاگه‌یه‌ندراوی جڤاتی نیشتمانیی، هه‌نگاوی كرده‌یی هه‌ڵبگرێت و به‌و توانا گه‌وره‌یه‌ی خۆی و به‌و متمانه‌ مه‌زنه‌ی خه‌ڵكی كوردستان پێیانبه‌خشیوه‌، كۆتایی به‌م قۆناغی درێژكردنه‌وه‌ی سته‌م و نادادیی و پاشاگه‌ردانیی و خۆسه‌پێنییه‌ بێنێت.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە