موچه‌، نوێنه‌رانی كورد، دادگای فیدراڵی‌
عەبدوڵای مەلا نوری
PM:02:32---05-12-2017
ئه‌م بابه‌ته 585 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

دزینی نه‌وت، گه‌نده‌ڵی جۆراو جۆر، پێشێلكردنی ده‌ستوری عێراق، خیانه‌ت و هه‌ر تاوانه‌كانی تر له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پاساو نین‌ بۆ بڕینی موچه‌ی هاوڵاتیان كوردستان، له‌ خواره‌ هۆكاری ئه‌مه‌‌ رون ده‌كه‌مه‌وه‌.

هه‌ندێك ده‌ڵێن: چۆن ده‌كرێت عێراق موچه‌ بنێرێت له‌ كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ نیه‌ داهاتی نه‌وت و گومركه‌كان راده‌ستی به‌غدا بكات و هێشتا هه‌ر خه‌ریكی دزی و گه‌نده‌ڵین. یان ده‌ڵێن: له‌ یاسای بودجه‌ی ساڵانی رابردودا ئه‌وه‌ چه‌سپێنراوه‌ كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم رۆژانه‌ بڕێك نه‌وت له‌ رێگه‌ی سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌‌ بكات، پاشان عێراق بودجه‌و موچه‌ ده‌نێرێت.

له به‌شی ماف و ئازادیه‌كانی ده‌ستوری عێراقی فیدراڵدا له‌‌ ماده‌ی (30) بڕگه‌ی (2) دا هاتوه‌: ده‌وڵه‌ت چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی بۆ تاك و خێزان دابین ده‌كات-به‌ تایبه‌ت منداڵ و ئافره‌ت، له‌ گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ژیانێكی ئاسوده‌، كه‌ داهاتێكی گونجاو و شوێنی نێشته‌جێبونی ئارامیان بۆ مسۆگه‌ر بكات.

ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ماده‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ شمولی هه‌مو عێراقیه‌كان ده‌كات، به‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، چونكه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌شێك بێت له‌ عێراق ئه‌وا هاوڵاتیه‌كانی هاوڵاتی عێراقین، به‌مه‌ش ئه‌ركی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ وه‌ك چۆن مافه‌ جۆراو جۆره‌كانی هاوڵاتیانی نیشته‌جێی پارێزگاكانی تری ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق دابین ده‌كات، ده‌بێت ئاواش هی هاوڵاتیانی هه‌رێم دابین بكات.

زۆرجار فوقه‌هاو نوسه‌رانی ده‌ستوره‌ دیموكراسیه‌كان كاتێك ده‌ستور ده‌نوسنه‌وه‌ پێشبینی و حساب له‌ سه‌ر ئه‌وه‌‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌شێت ده‌سه‌ڵات له‌ كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی یان له‌ كاتی جێبه‌جێكردنی ده‌ستو‌ره‌كه‌دا به‌ پاساوی جیاجیا هه‌وڵی زه‌وتكردن یان كه‌مكردنه‌وه‌ی ماف و ئازادیه‌كانی هاوڵاتیانی بدات، جا وه‌ك حه‌زه‌رێكی پێشوه‌خت و بۆ رێگری له‌و مه‌ترسیه‌‌‌ دێن له‌ ده‌ستوره‌كاندا ماده‌یه‌ك داده‌نێن كه‌ رێگه‌ نادات له‌ ژێر هیچ پاساوێكدا ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت زیان به‌ماف و ئازادیه‌كانی هاوڵاتیان بگه‌یه‌نێت.

له‌ ده‌ستوری عێراقیشدا پێشبینی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌مان مه‌ترسی له‌ سه‌ر ماف و ئازادیه‌كانی هاوڵاتیان كراوه‌، بۆیه‌‌ بۆ رێگری له‌و مه‌ترسیه‌ له‌ كۆتایی به‌شی ماف و ئازادیه‌كاندا‌ ماده‌ی 46 دانراوه‌ كه‌ ده‌ڵێت: جێبه‌جێكردنی هه‌ر یه‌ك له‌و ماف و ئازادیانه‌ی كه‌ له‌م ده‌ستوره‌دا هاتوه‌ نابێت سنوردار بكرێت یان دیاری بكرێت ته‌نها به‌ یاسا نه‌بێت یان پشت به‌ستن به‌ یاسا نه‌بێت، به‌ مه‌رجێك ئه‌و سنوردار كردن و دیاری كردنه‌ ناوه‌ڕۆكی ماف و ئازادیه‌كان نه‌شێوێنێت.

ئه‌م ماده‌یه‌ی دوایی (ماده‌ی 46) كه بۆ‌ زه‌مانه‌تی جێبه‌جێكردنی ماده‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌یه (ماده‌ی 30 بڕگه‌ی 2)‌‌، به‌ رونی و بێ هیچ گرێ و گۆڵێك پێمان ده‌ڵێت: ئه‌و ده‌قه‌ یاسایانه‌ی كه‌ له‌ یاساكانی بودجه‌ی ساڵانی رابردودا هاتبون هه‌روه‌ها ئه‌و مادانه‌ش كه‌ له‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراقدا هاتون‌، هه‌مو نا ده‌ستورین، چونكه‌‌ ناردنی بودجه‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ گرێداوه‌‌ به‌ ناردنی داهاتی نه‌وت و گومركی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدانی هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌م گرێدانه‌ش گرێدانی مافێكی ده‌ستوری روتی هاوڵاتیانه‌ به‌ پرسێكی ده‌ستوری-سیاسی ئاڵۆزه‌وه‌‌ كه‌ له‌ ئه‌سڵدا كێشه‌ی نێوان دو ده‌سه‌ڵاته‌. به‌م جۆره‌ له‌ رێگه‌ی یاسای ئاساییه‌وه ‌(یاساكانی بودجه‌)و له‌ ئه‌نجامی كێشه‌یه‌كی ده‌ستوری-سیاسی نێوان دو ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم و به‌غدا، زیان به‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێم گه‌یشتوه‌، ئه‌مه‌ش موتڵه‌قه‌ن نا ده‌ستوریه‌، ئه‌گه‌ر دادگای ده‌ستوری له‌ عێراق زه‌ره‌یه‌ك به‌ ته‌نگ مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هاوڵاتیانه‌وه‌ بێت ده‌بێت فه‌رمان بكات به‌ ناردنی بودجه‌و موچه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێم. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نوێنه‌رانی كوردستان له‌ به‌غدا ده‌توانن:

یه‌كه‌م: له‌ رێگه‌ی دادگای فیدراڵیه‌وه‌ سكاڵا له‌ سه‌‌ر نا ده‌ستوری بونی بڕینی موچه‌و ئه‌و ده‌قه‌ یاسایانه‌ی كه‌ له‌ یاسای بودجه‌ی ساڵانی رابردو پرۆژه‌ یاسایی بودجه‌ی ئه‌مساڵدا هاتوه‌‌ پێشكه‌ش‌ بكه‌ن و داوا بكه‌ن راسته‌وخۆ بێ هیچ بڕو بیانویه‌ك به‌شه‌ بودجه‌و موچه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكرێت و، ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ هیچ پرسێكه‌وه‌ گرێ نه‌درێت. ناكرێت نوێنه‌رانی كوردستان ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌ستوریه‌ پشتگوێ بخه‌ن، به‌ تایبه‌ت له‌م كاته‌دا كه‌ سه‌رو بنی زمانی حكومه‌تی عێراق جێبه‌جێكردنی ده‌ستوره‌.

دوه‌م: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت له‌ عێراق هه‌ر سوربن له‌ سه‌ر نه‌ناردنی بودجه‌و موچه‌‌‌ ئه‌وا ئه‌ركی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غدا هه‌ڵوێستیكی یه‌كگرتویان هه‌بێت، بونی ئه‌وان له‌ به‌غدا تا ئه‌و كاته‌ گرنگه‌ كه‌ بتوانن داكۆكی له‌ مافی هاوڵاتیان بكه‌ن، كه‌ نه‌توانن داكۆكیه‌كی باش بكه‌ن یاخود كه‌ گوێیان لێ نه‌گیرا ئیدی پاساوی مانه‌وه‌یان له‌ به‌غدا نامێنێ.

سێیه‌م: ئه‌ركی نوێنه‌رانی كوردستانه‌ پشتیوانی هه‌ر هه‌نگاوێكی ده‌ستوری حكومه‌تی عێراقی بۆ كۆتایی هێنان به‌ گه‌نده‌ڵی و راوروتی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بكه‌ن. حكومه‌تی عێراق ده‌توانێت له‌ پاڵ بڕیاری ناردنی بوجه‌و موچه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێم، بڕیاری گرتن و دادگایكردن بۆ ته‌واوی به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی هه‌رێم ده‌ربكات، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ش‌ بون ده‌شێت له‌ رێگه‌ی پۆلیسی ئینتەرپوله‌وه‌ بیانهێنێته‌وه‌ بۆ دادگایكردن، له‌مه‌شدا ئه‌ركی نوێنه‌رانی كوردسانه چاوساغ و‌ پشتیوانی حكومه‌تی عێراقی بن.





موچه‌، نوێنه‌رانی كورد، دادگای فیدراڵی‌
گۆڕینی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێویستی به‌ ده‌ڵاڵ نیه‌!
مه‌سرور وه‌ك عوده‌ی!
گورگ لە پێستی مەڕدا
ئاگری خانه‌سۆر ده‌مانسوتێنێ
لە بەغدا بینیمان، شەڕە قورسەکە لە هەولێرە؟
دۆناڵد ترامپ بە کوردی!
هەلهەلەی‌ سەرکەوتن لە باکور‌
‌هەولێر و موعاره‌زه‌ی فه‌نادق!
كاك نەوشیروان كاتی بڕیارە
بەرزانی ئازایانە قسەی دڵی درکاند!
راپەرێن و شۆڕشگێڕانى ستەمکار!
قسەیەک بۆ هاوڵاتیان ، بۆ دەوڵەمەندەکان‌
فێڵ لە خەڵك مەكەن!
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە