نە ئەخلاقی سیاسی، نە شەرم، نە تەریقبونەوە لە هەرێمدا نییە‌
شەماڵ عەبدول وەفا
PM:06:29---19-10-2017
ئه‌م بابه‌ته 887 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لە ئوسترالیا بووم بە وەفدێک لە پێرس، بابەتێک ڕوویدا بو وەزیرێک شەوانێکی درەنگ لە ترافیک لایتێکی دابوو بە موخالەفە، بۆ بەیانی ئیستیقالەی کرد لە پۆستەکەی‌ و داوای لێبوردنی کرد. لەو وڵاتانەدا کە تۆسقاڵێک گرنگی بە مرۆڤ و ئەخلاق دەدرێت ئەم دەست لەکارکێشانەوە و داوای لێبوردنە دیاردەیەکی سروشتییە.

کاک نەوشیروان لە دوای ڕووخانی سەددام، بە نوسراوێک لەگەڵ هەشت برادەری مەکتەبی سیاسی، بەڕێز مام جەلالییان ئاگادار کردەوە لەوەی کە نە حزب نە پەڕلەمان نە حکومەت وا ناڕوات بەڕێوە، پێویستە چاکسازی لە هەمو بوارەکاندا بکرێ، هەر زوو هەندێ لەو برادەرانەی م.س پەشیمان بوونەوە و رێزی ئیمزاکەیان نەگرت، هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان کرا، بە پارە و بە ترس و فێڵ کاک نەوشیروانیان بە دۆڕاندن دا!
دوای ئەو ئەنجامانە، کاک نەوشیروان ئیستیقالەی کرد.

لەم هەرێمەدا، دوای ٢٦ ساڵ لە شکست، دۆڕاندن، ئاشبەتاڵ، نیشتمان فرۆشی، وڵات فرۆشی، خەڵک فرۆشی، خۆ فرۆشی، قەزییە فرۆشی، هەڕاج و تاڵان، بوون بە ڕۆبۆتی دەوروبەر، سەرباری هەموو ئەمانە، خیانەت. کەسێک نەبوو، دروست نەبوو نەک ئیستیقالە بەڵکو داوای لێبوردنیش بکا، هەر هەمویان خۆیان کردوەتە پڵنگ، بەڵام پڵنگی کاغەز.
ئەمەی ڕوو دەدات نمونەیەکی زۆر ناشیرین و قێزەونی ئەم حکومڕانیەیە. کەسێک نییە نەک شەرم لە خەڵک بکا، بەڵکو شەرم لە خۆی‌ و خێزان و کەسوکارەکەشی بکات.

کەسێ نییە بڵێ تەریق ئەبمەوە لە سیاسەتی حزبەکەم، ئەمە کارەساتە گەورەکەیە، ئەمەیە لوتکەی ئیفلاسی ئەخلاقی سیاسی لە هەرێمدا. گەر ئەمە بەردەوام بێ، ئیفلاسی ئەخلاقیی تری بەدوادا دێ.

بە داخەوە لە هەرێمدا نە شێرە ژن ماوە نە کەڵە پیاو، مرنیش نەماوە چونکە گەر بمایە رۆژانە ئەم کەسایەتییانە لە ڕوی سیاسییەوە‌ دەمردن، مردنی سیاسیش دوا وێستگە نییە، بەڵکو شتێک هەیە پێی دەڵێن ویژدان، بەڵام ئێوە ئیفسلاسی ویژدانیشتان کردووە. هۆکەشی نەبونی مەعریفەی پێویست و زاڵبونی عەقڵیەتی خێڵە.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە