مەلەی دژە تەوژم
شێرزاد شێخانی
PM:11:28---16-02-2017
ئه‌م بابه‌ته 1198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


كێشەی یەكێتیەكان، یەكێتی ناو یەكێتیە..هەڵبەت یەكێتی لەرۆژی دروستبونیەوە تا ئەمڕۆش ئەو كێشەیەی هەر هەبوە.. بەڵام وجودی مام جەلالو گۆچانەكەی دەستی هەمیشە رێگر بونە لەتەقینەوەی كێشەكان.. بەدەر لە هەوڵەكەی كاك نەوشیروان بۆ جیابونەوەو دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە مام جەلال نەیویست گۆچانەكەی لەدژ هەڤاڵە دێرینەكەی خۆی بەكار بێنێ، وەزعی ناوخۆی یەكێتی لەلایەن مامەوە كۆنترۆل كرابو..بەڵام دوای نەخۆشكەوتنی بەشێك لەناكۆكی وململانێكانی ناو یەكێتی زۆر بەزەقی سەریان هەڵدایەوە، كار گەیشتە ئەوەی بەشێك لەسەركردەكانی هەوڵبدەن ناوەندی بریار لە سلێمانییەوە بگوازنەوە بۆ هەولێر

..

زۆرجار وتراوە كەوا كێشەی یەكێتی سەركردایەتیەكەیەتی نەوەك بنكە جەماوەرییەكەو ئەندامو كادیرانی خوارەوە، ئەمەش قسەیەكی زۆر راستەو رۆژگار سەلماندویەتی، لەماوەی نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە بەشێك لەو سەركردانەی مایەی سەرئێشەبون بۆ یەكێتیەكان مەعدەنی راستەقیینەی خۆیان دەرخست، كە هەندێكیان لەغیابی مامو گۆچانەكەی كەوتنە ناو بۆسەی سەفقەو سەفقەكاری نەوتو پرۆژەوە لەگەڵ پارتیدا، بەشێكیشیان لەپێناو پۆستی باڵاو دەسەڵاتو پارە كەوتنە گیانی یەكێتی،هەندێكی كەشیان بۆ خۆدەرخستنو سنگ دەرپەڕاندنو چنینی ئومێدی بەسكرتێر بون یەكێتیان لاواز كرد، داخەكەم ئەمانە بەگشتی لەوجودی مام جەلال لەژیاندا رویانداو، بونە لەمپەر لەبەردەم بەرێوەبردنی یەكێتی لەم هەلومەرجە سەختەی كوردستاندا كە پێویستی بەیەكێتی ریزەكانی یەكێتیەوە هەبو


لەو ماوەیەداو لەگفتوگۆ سیاسیەكاندا دەركەوت كە كەسانێكی ناو یەكێتی چەنێ نامەسئولانە ویستیان ئیرادەی یەكێتی تەسلیم بە نەیارە سەرسەختەكەیان بكەنەوە كە ئەویش پارتییە.. هەوڵێكی بێوچانیان داو هەر جارەو بە مانشێتو سۆپرایزی جۆراو جۆرو،هەندێجاریش بۆ سەلماندنی كۆیلایەتی خۆیانو زەلیلبونیان بۆ پارتی بێدەنگییان لەسیاسەتەكانی پارتی كرد، زۆرجاریش بەئاشكراو لەمیدیاكانەوە پشتگییری لەو سیاسەتە ماڵوێرانكەریانەی پارتیان كرد. ئەمانە بەگشتی گومانیان خستە سەر یەكێتیبونی ئەو بەشەی سەركردایەتی. روداوەكانی ئەم دواییەو كوچە دژەكانی هەندێ لەسەركردەو كادیرانی یەكێتی ئەو گومانانەی پشتراستكردەوەو، چەند كەسێكیان ماڵئاواییان لەرێبازەكەی مام جەلال كردو چونە ناو سەنگەری نەیارەكانی یەكێتیەوە


من ئەم كۆچەم زۆر پێخۆشە، چونكە یەكێتی وردە وردە لەو كەسە هەڵوێستفرۆشو زەلیلانە پاك ئەبێتەوە، هێدی هێدی ئەگەڕێتەوە سەر رێبازە راستەقیینەكەی یەكێتی كە ساڵانێكی دورودرێژە ئومێدی میللەتی لەسەر هەڵچنراوە وەكو هێزێكی دیموكراتو كوردپەروەر سەركردایەتی میللەتەكەمان بكاتو، ببێتە بەدیلێكی واقیعیانەی حزبی عەشایەری و كۆنەپەرستەكان


ئەوانەی شەیدای وشەی" جەنابی سەرۆك" و عەوداڵی " مەشێخەتییەكەی بلێ و بارزان"ن، كە پێش خۆیان كەسە نزیكو دڵسۆزەكانیان خزاندبوە ناو پارتیو پاراستنەكەی، مەعدەنی راستەقیینەی خۆیان دەرخست كە چۆن لەپێناو پارەی دزراوی قووتی میللەتو پۆستو پلەو پایە ئامادەن خۆشیان بفرۆشن،وا دیارە بۆنی نەوتە دزراوەكە سەریانی گێژكردوە، بۆیە سەنگەر گواستنەوەیان پێ ئاساییە، ئەمەشیان با موبارەكی خۆیان بێ، چونكە خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا فەرمویەتی"فأما الزبد فیذهب جفا‌ءً وأمّا ما ینفع الناس فیمكث فی اڵارض " واتە كەفو كۆڵی سەرئاو ئەتوێنەوە، بەڵام ئەوەی سودی خەڵكی تیایە لەسەر ئەرزا ئەمێنێتەوە".







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە