تكایە سلێمانی مەكەن بەكۆپی هەولێر
شێرزاد شێخانی
PM:03:21---19-03-2017
ئه‌م بابه‌ته 1231 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

(1)

لەسەردەمی رژێمی بەعسدا سلێمانی نازناوی (شاری هەڵمەتو قوربانی) پێ بەخشرا، چونكە بەهەق سلێمانی ببوە بەرەی پێشەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی میللەتەكەمانو رۆژانە رۆڵەكانی شارەكەیان كردبوە دۆزەخ بۆ دەسەڵاتدارانی بەعسو بەكرێگیراوەكانی..ئەمرۆ دوای راپەڕین سلێمانی بوە بەپەناگەی ئازادیخوازان لەهەر شوێنێكی ئەم كوردستانەدا مرۆڤە ئازادەكان رووی تێدەكەن..

 لەهەولێر لەسایەی حوكمی رەشی دەسەڵاتدارانی پارتی ئازادییەكان لەمرۆڤ زەوتكراوە،رۆژانە دەیان پێشێلكاری مافو ئازادییەكانو ،وراوەدونانی ئازادیخوازان پەرە دەسەنێت،تا وایلێهاتوە پەڕەی دەسەڵاتدارانی هەولێر لەراپۆرتە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ میللەتەكەمان شەرمەزار بكات.. چەندین رۆژنامەنوسی ئازادو چالاكوانی مەدەنی توشی راوەدونانو تەنگپێهەڵچنینو تەنانەت برینداركردنو كوشتنیش بونەتەوە..زەوتكردنی ئازادییەكان گەشتۆتە ئاستێك تەنانەت خەڵكی نەوێرێ كۆڕێكی شیعریش لەم شارەدا ببەستێ.ریشی مامۆستای ئایینی لەسەر وتاری هەینی ئەسوتێنرێ..پێشمەرگە سەرو ریشی ئەتاشرێ.. ئەم هەڵسوكەوتە ناشرینانە تەنها لەبنەماڵەی دەسەڵاتداری هەولێر ئەوەشێتەوەو ئەمە مێژوی ئەو قوتابخانەیە كەپارتی كادیرو دەسەڵاتدارانی تیا پەروەردە ئەكات..بەڵام سلێمانی جیاوازە..بەڵێ زۆریش جیاوازە.. هەولێر پەناگەی كۆنە بەعسیو تاوانبارە راكردوەكانی دەستی یاسایە، مۆڵگەی سیخوری وڵاتانی ئیقلیمو هێزە سیاسییە دوژمنەكانی كوردستانە،سلێمانیش پەناگەی ئارامی مرۆڤە ئازادیخوازو دیموكراتخوازەكانە، شەرمەزارییە سلێمانی بكرێتە كۆپی هەولێر..هێرش بردنە سەر رۆژنامەنوسو شكاندنی كامێراو پێشێلكردنی ئازادییەكان لەلایەن هەندێ ئەفسەرو كارمەندانی نامەسئولی دەزگاكانی ئاسایش كارێكی نامەقبولە لەهێزە ئەمنییەكان چونكە دڵنیام بەرپرسە باڵاكانی دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی ئەمجۆرە فەرمانانە نادەنە خوارووی خۆیانەوەو كارەكان تاكەكەسین نەوەك تەوجیهاتی سەروو. ئەگەر چی ئەمكارانه بە روبعی ئەندازەی پێشێلكارییەكانی هەولێر نابن،بەڵام بچوكیش بن هەر دیاردەیەكی ناشرینە و هیوادارم دەسەڵاتدارانی ئەمنی سلێمانی زۆر بەجیددی ئاوڕێك لەو مەسەلەیە بدەنەوەو چیتر وێنەی سلێمانی ناشرین نەكەن، چونكە سلێمانی بەوەوە جوانە كە شارێكی ئازادە..هیچ شەرفەمەندیشی تیا نیە بەیانی ناوی سلێمانی لەلاپەڕەكانی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا لەتەك ناوی دەسەڵاتدارانی پارتیدا ببینرێ.. تكایە تكایە دەستم دامێنتان سلێمانی مەكەن بەكۆپی هەولێر.

(2)

رەخنە بەگوڵ

ئەمڕۆ لەسایەی گەندەڵی كە سەرتاپای دامودەزگا حكومیو حیزبیەكانی گرتۆتەوە، نوسەر هیچ دەسەڵاتێكی بەدەستەوە نیە تەنها رەخنەگرتن نەبێ لەم دیاردە دزێوە.. لەوڵاتێكێ وەكو ئێمەدا كەیاسا سەروەر نیەو هێشتا دەسەڵاتی رۆژنامەگەریش نەبوە بەدەسەڵاتی فیعلی چوارەمو، بگرە زۆر بەكەمیش سەیری ئەكرێتو هەوڵی بەردەوامی دەسەڵاتیش بۆ دەستەمۆ كردنیەتی بەپارەو ئیمتیازاتو شتیتر، قەڵەمە ئازادەكان تەنها لەرێگەی وتارەكانیانەوە ئەتوانن تەعبیر لەنەبزی شەقامەكان بكەن، بەڵام زۆر بەداخەوە هەندێ دەسەڵاتدار كە لەسەر شاشەكاندا خۆیان وەكو پێغەمبەرو مەلایكەت نمایش ئەكەن، تەنانەت ئەو رەخنە بەگوڵانەی ئێمەش دڵگرانو نیگەرانیان ئەكات،وەكو ئەوەی مافی قسەكردنو رادەربڕینیشمان لێ زەوت بكەن.. ئەم برادەرانە تەنانەت رەخنە لەگەندەڵیشیان پێ قبوڵناكرێ،چەپڵەبارانت ئەكەن كاتێك لەسەر نەیارێكیان ئەنوسیو دۆسیەیەكیان هەڵئەدەیتەوە، بەڵام كاتێك دێتە سەر خۆیان هەرا ئەنێنەوەو مەحكومت ئەكەن. كورد وتەنی" یاخوا دونیا هەموی ئاگر بێ، بەڵام بستێك لەخۆم دوور بێ".؟؟





بیرمەندو پێڵاوەكانی سەرۆكی عەشرەت
پارتی ” گێڕەكەی ” گۆڕی.
نەیارەكانی بەعس و نەیارەكانی پارتی
روح فهم پارتی ئاغا !
سێبەرەكەی كاك نەوشیروان
ترسی پارتی و باڵە زەردەكەی ناو یەكێتی
دەوڵەتە تازەكەی مەسعود بارزانی بۆردومان كرا
ئیرهابی دەسەڵات لەهەولێردا
كێ سزا بدرێ لەناو یەكێتیدا؟
ریفراندۆم لە وەختی زایەعدا
کورسی سەرۆكی هەرێم بەرامبەر سەرۆك كۆمار
زەنگێك بۆ یەكێتی بەر لەهەڵبژاردنە گشتیەكان
تكایە سلێمانی مەكەن بەكۆپی هەولێر
كۆتایی خەونەكانی پارتی
دەوڵەتەكەی بارزانی لەشنگال راگەیەندرا
12
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە