حكومەتی دەوڵەتمەدارو مەجلیس تەنفیزیەكەی جاران
شێرزاد شێخانی
PM:01:21---12-03-2018
ئه‌م بابه‌ته 1110 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ریفراندۆمە ناسكو نازدارەكەی پارتی كە لەكۆشكی سپی سەری ڕەش بریاری لەسەر درا ، ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد بو ، بەڵام وەك هەولێریەكان وتەنی ( سەرچیخ ) رۆیشت و، بو بەمایەی كارەسات و ماڵوێرانی و سەرگەردانی ، كورد جارێكتر گەڕایەوە سەر خاڵی سفر و، ئەبێ بۆ پەنجا ساڵیتر خەبات بۆ ئۆتۆنۆمیەكی راستەقینەی تر بكاتەوە ، چونكە ئێستا لەواقیعدا دەسەڵات وحكومەتە كوردیەكەمان لەمەجلیس تەنفیزییەكەی جارانیش بچوكتر بۆتەوە . جاران دروشمی شۆڕشەكەمان لەحوكمە زاتی كارتۆنیەكەی شێخ جەعفەر ویەحیا جافەوە گۆڕدرا بۆ ( حوكمی زاتی راستەقینە) ! ئێستاش ئەبێ سەرلەنوێ هەوڵبدەین ئەو ئۆتۆنۆمییەی ئێستامان بكەینەوە بەئۆتۆنۆمییەكی راستەقینە ، چونكە نە ئیعتباری جارانمان ماوە، نە سیادەشمان هەیە ، نە كەسیش متمانەی پێمانەوە ماوە .

بەپێی وتەی پەرلەمانتار كاوە محەمەد لەفراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا دەڵێ" حكومەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئەو پارەو موچانەوە نیە كە بەغدا بۆ هەردو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی هەرێم دەیانێرێ، چونكە لەلایەن دەستەی چاودێری دارایی عیراقەوە دابەش ئەكرێ ؟!. بەپێی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كاكە سەفین دزەیی فەرمویەتی" ئێمە وەكو هەرێم هیچ كێشەیەكمان نییە عیراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتەكانمان بكات".؟؟؟؟؟؟!!!!!!.

لەلایەكی تریشەوە پەرلەمانتارێكی كوردستان لەبارەی هاوكارییەكانی ئەمریكاوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێ" حكومەتی هەرێم نەك ناتوانێ پاشەكەوت لەپارەكەی ئەمریكادا بكا كە بەسەر پێشمەرگە دابەشی ئەكات، بەڵكو مافی دەستكاریكردنیشی نیەو دەبێت ئەو پارەیە وەك چۆن تەرخانكراوە، بگاتە دەست پێشمەرگەوە ".

ئەم لێدوانانە ئەوەمان بۆ دەردخەن كەوا حكومەتۆكەكەی بەناو هەرێمی كوردستان نە هیچ دەسەڵات و سیادەیەكی بەدەستەوە ماوە، نە هیچ حكومەتێكی دونیاش متمانەی پێ ئەكات ، نە خوێشی توانای دابینكردنی روبعە موچەكەی فەرمانبەرانیشی هەیە ، بەمەش شتێك نەماوە ناوی حكومەت بێت لەم هەرێمەی ئێمەدا.كاتێك وەزارەتەكان موچە لەبەغدا وەردەگرن ، كەواتە ئەوان فەرمانبەری حكومەتەكەی بەغدان حاڵیان حاڵی فەرمانگەكانی تری وەكو پاسپۆرت و نشینگەو بەنداوەكانی سەر بە حكومەتی ئیتیحادین . كاتێك ئەمریكاش سییقەی بە حكومەتێك نامێنێ بۆ دابەشكردنی هاوكارییە داراییەكانی ، كاتێك دەوڵەمەندەكانی شار متمانەیان بە بانقەكانی حكومەتی هەرێم نامێنێ ، كاتێك فەرمانبەر بۆ موچەی خۆی دێَتە سەرشەقام وحكومەت نەیبێت بیداتێ،كاتێك حكومەت دەست بۆ سەدەقەی هاوكاری نەخۆشەكانی شێرپەنجە ئەبات، كەواتە ئەوەی هەیە ناوی هەرچییەكی لێ بنێی، ناتوانی بڵێی ئەمە حكومەتە ، ئەوەی ئێستا لەمەجلیس تەنفیزییەكەی جارانیش بچوكترە، چونكە ئەو مەجلیسە كۆنە لانیكەم خۆی موچەی فەرمانبەرانی ناوچەكانی حوكمی زاتی دابەش ئەكردو بودجەی خۆیشی هەبو.

سەرانی ئەم حكومەتەی ئێستای دەوڵەتمەدارە رێزدارەكانی هەرێم خۆیان خستۆتە ناو چاڵێكەوە كە دەرچوونی زۆر زەحمەتە، پێموایە ئەو هەمو سەرشۆڕییەش كە پێی رازین تەنهاو تەنها بۆ ئەوەیە كەسێك حیسابی پارە دزراوەكانی میللەتەكەمانیان لەگەڵدا نەكەن . ئەم دەسەڵاتە بۆگەنە زۆر مەمنونن بەوەی بەغدا لێرەدا بوەستێت  بەمەرجێك دەست بۆ محاسەبەكردنی پارە دزراوەكانیان نەبات لەبانكەكانی دەرەوە كە چەندین ساڵە لەقوتی ئەم میللەتەیان بڕیوەو بردویانە ، ئەگینا پێم بڵێن كە حكومەتێك دەسەڵاتی بەسەر دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی نەبێت، فرۆكەخانەو دەروازە سنورییەكانی بەدەست فەرمانبەرە جل زەیتونیەكانەوە بێت، نەوتەكەشی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كرابێت و پارەكەشی بچێتەوە خەزینەی بەغداوە، ئیدی كام سیادەو دەوڵەتمەداری بۆ ماوەتەوە ؟. دەمێكە وتراوە" ئەگەر شەرمت نەما ، هەرچیت لەدەست هات، بیكە





كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ له‌هه‌رێمی كوردستان
جارێكيتر پۆسته‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عيراق
ململانێی پارتی ویه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا
پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەنێوان كوردو سوننەی عەرەبدا
دیمەنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان
پارتی وسلێمانی
حكومەتی دەوڵەتمەدارو مەجلیس تەنفیزیەكەی جاران
من و مام جەلال لەفرۆكەخانەی لوبنان
كاك نەوشیروان و خیانەتەكانی پارتی
هیوایەتی گەنجەكان
یەكێتی و چارەنوسێكی هاوشێوەی پارتی
لیستی رۆشنبیرانی ئازاد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمان
حەفتاكانی هەولێر
بۆچی خۆپیشاندانەكان دامركانەوە ؟
پارتی بۆ وای بەسەرهات؟
1234

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە