ململانێی پارتی ویه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا
شێرزاد شێخانی
AM:11:35---17-05-2018
ئه‌م بابه‌ته 1336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

به‌ده‌ر له‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عیراق بڵاو بونه‌ته‌وه‌ ، واقیعی حاڵ هه‌ردو حزبی پارتی ویه‌كێتی براوه‌ی یه‌كه‌مو دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانن . ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانیش جارێكیتر ئه‌ژمار بكرێنه‌وه‌ ، پێموانیه‌ گۆڕانێكی گه‌وره‌ رووبدات ، له‌وانه‌یه‌ دوو سێ كورسییه‌ك جیاوازی هه‌بێت ، به‌ڵام پارتی ویه‌كێتی وه‌كو هێزی یه‌كه‌مو دووه‌م ئه‌مێننه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش وه‌كو هه‌مو جاری پێشوتر واده‌كات كه‌وا پۆسته‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا جارێكیتر له‌نێوان ئه‌مدو لایه‌نه‌دا دابه‌شبكرێنه‌وه‌.

پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌درێژایی سێ خولی رابردو به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌ بوه‌ ، له‌به‌رامبه‌ریشدا پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم دراوه‌ته‌ پارتی ، ئه‌مه‌ش به‌رێكه‌وتن بوه‌ له‌نێوان ئه‌مدو هێزه‌دا . ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ی بارزانی پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ست پارتی ده‌رهێنا ، ئه‌گه‌رچی هێشتا وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌ك سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ماوه‌ ، به‌ڵام ده‌رحاڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ نێچیرڤان بارزانییه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمیشی به‌ده‌سته‌وه‌یه ‌، كه‌واته‌ ئێستاش سه‌رۆكایه‌تی هه‌ریم به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان هه‌ر ماوه‌و به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌یه‌.

گومانم له‌وه‌دایه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ش پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌درێته‌وه‌ كورد ، چونكه‌ سروشتی حوكمی عیراق له‌دوای روخانی رژێمی پێشو وا ده‌خوازیت هه‌ر سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی عیراق پشكیان هه‌بێت له‌به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا ، ئه‌مه‌ به‌ زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی هه‌ڵبژاردن نابێ ، بۆیه‌ ئه‌بێ هه‌رسێ پێكهاته‌كه‌ حزووریان هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عیراقدا.

دیسان گومانم له‌وه‌دا نیه‌ كه‌وا سوننه‌كانی عیراقیش ئاماده‌ نین ده‌ستبه‌رداری پۆستێكی گرنگو گه‌وره‌ی وه‌كو پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بن ، چونكه‌ ئێستا وه‌زعی‌ ئه‌وانیش تێكچوه‌، رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان تا ئاستی نیوه‌ دابه‌زیوه‌ ، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌م نیوه‌ ده‌نگانه‌وه‌ بێنه‌ سه‌ر پۆستێكی پرۆتۆكۆلی كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌ ، بۆیه‌ ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌گۆره‌پانی كورددایه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق .

پارتییه‌كان ئێستا مرخیان له‌وه‌ خۆشكردوه‌ كه‌ ئه‌م پۆسته‌ بۆ خۆیان ببه‌ن ، ته‌نانه‌ت چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كیشان باسیان له‌وه‌ كردوه‌ كه‌وا پارتی جارێكیتر ئاماده‌ نیه‌ پۆسته‌كانی خۆی ببه‌خشێته‌ لایه‌نه‌كانی تره‌وه . له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئێستا راگه‌یاندنه‌كه‌ی و نوسه‌ره‌كانیشی خستۆته‌كار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئێستاوه‌ باس له‌وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ بكه‌ن ، ئه‌مانه‌ به‌گشتی هه‌وڵه‌كانی پارتین ، به‌ڵام بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی به‌حوكمی واقیعی چه‌سپاوی سیاسی له‌كوردستاندا له‌دوای راپه‌رینه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش ، وا ده‌خوازێ كه‌ پۆسته‌ باڵاكانی عیراق و هه‌رێمیش ئه‌گه‌ر به‌ سازانیش نه‌بێت ، ئه‌بێ به‌ ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دابه‌شبكرێن ، بۆ رێگریكردنیش له‌سه‌رهه‌ڵدانی دیكتاتۆرییه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستاندا ، حه‌تمه‌ن نابێ هه‌مو پۆسته‌ باڵاكان به‌ده‌ست تاكه‌ حزبێكه‌وه‌ بێت ، ئه‌مه‌ واقیعی كوردستانه‌ بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێ . بۆیه‌ ئه‌بێ جارێكیتر هه‌ردو پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمو به‌غدا دابه‌شبكرێنه‌وه‌ ، چونكه‌ ناكرێ پارتی هه‌م پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆكی هه‌رێمو سه‌رۆكی حكومه‌تیشی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت و ئه‌وانیتر هه‌مویان ئاوت بۆ ده‌ره‌وه‌ . ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر 90% ده‌نگه‌كانیش بێنێت به‌ ئیستحقاق یان ته‌زویر ، ئه‌م هه‌قه‌ی نیه‌و نابێ ، ئه‌وه‌تا له‌عیراقدا شیعه‌ زۆرینه‌ی هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كانن ، به‌ڵام ناتوانن ته‌نها خۆیان هه‌مو پۆسته‌كان به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن ، ئه‌بێ پۆسته‌ سیادییه‌كان دابه‌شبكرێن به‌سه‌ر پێكهاته‌كانه‌وه‌ ، هه‌مان حاڵ ئه‌بێ له‌كوردستانیش ره‌چاو بكرێ .

ئه‌گه‌ر پارتی سوور بێت له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق ، ئه‌بێ ده‌ست له‌پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بشوات ، یان ئه‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پۆسته‌دا ، پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم راده‌ستی یه‌كێتی یا هه‌ر هێزێكی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات ، ئه‌مه‌ش وابزانم لای پارتییه‌كان مه‌حاڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم راده‌ستی كه‌سانی‌ غه‌یره‌ پارتی بكه‌ن .

ئێستا گومانێك هه‌یه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی داهاتوی هه‌رێمی‌ كوردستان پارتی كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات ده‌ستووره‌ خه‌وتووه‌كه‌ی هه‌رێم هه‌ڵسینێته‌وه‌ به‌مه‌ش ویلایه‌ته‌كانی مه‌سعود بارزانی سفر بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌شت ساڵیتر ئه‌و پۆسته‌ی پێ ببه‌خشنه‌وه‌ ، جا ئه‌مه‌یان یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ نابێت پارتی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق وه‌ربگرێ ، چونكه‌ ناكرێ هه‌ردو پۆستی سه‌رۆكایه‌تی عیراق وهه‌رێم به‌ده‌ست یه‌ك حزبه‌وه‌ بێت.

به‌حوكمی ئه‌وه‌ی پارتی به‌چاوی دوژمنایه‌تییه‌وه‌ سه‌یری یه‌كێتی ئه‌كات ، بۆیه‌ هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت باسله‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌وا پارتی ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراقیشی نه‌وێت ، لانیكه‌م ناهێڵێ بۆ یه‌كێتی بێت . جا لێره‌دا پێویسته‌ پارتییه‌كان ئه‌وه‌ش بزانن كه‌وا له‌كاتی رودانی ئه‌م حاڵه‌ته‌دا ، ئه‌گه‌ر پشتگییری لایه‌نێكتر یاخود كه‌سایه‌تیه‌كی تر بكه‌ن بۆ ده‌رهێنانی ئه‌م پۆسته له‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌، بێگومان ئه‌و كاته‌ پشتگییری یه‌كێتی له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی یۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمیش .

لێره‌وه‌ ئه‌توانین بڵێین پارتی ته‌نها دوو بژارده‌ی له‌پێشه‌ ، یان ئه‌وه‌تا وه‌كو جاران رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا بكات بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌ر كۆمار بدرێته‌وه‌ یه‌كێتی ، دواتر به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن له‌په‌رله‌مانی داهاتودا بۆ په‌سندكردنی ده‌ستوورو ژیاندنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ، یاخود ئه‌بێ به‌یه‌كجاری پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق وه‌ربگرن ، له‌م حاڵه‌ته‌دشدا یه‌كێتی ده‌ستی كراوه‌تر ئه‌بێت كه له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كار له‌سه‌ر هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێز بكات بۆ ده‌ركردنی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ده‌ست پارتییه‌وه‌ .

ئه‌و غروره‌ی پارتی كه‌ ساڵانێكه‌ توشی بوه‌ ، به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بۆی ناچێته‌ سه‌ر، پێشتر كه‌ مام جه‌لال مابو ، له‌به‌ر تێكنه‌چونی بارودۆخی كو‌ردستان یه‌كێتی ئاماده‌ی سازشێكی زۆر بو، ئێستا وه‌زعه‌كه‌و ململانێیه‌كانیش گۆڕاون ، چۆن پارتی ئاماده‌ نیه‌ سازش له‌ هه‌ندێ پۆستی سیادی‌ بكات ، یه‌كێتیش له‌مه‌ولا ئاماده‌ نابێت سازش له‌سه‌ر ئیستحقاقاتی خۆی بكات ، وابزانم پارتیش ئه‌و حزبه‌ نیه‌ بتوانێ حوكمی دیكتاتۆرییانه‌ی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵك ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستاندا بسه‌پێنێ ، چونكه‌ ئێستا ئه‌ویش وه‌زعی جه‌ماوه‌ری ئه‌وه‌نده‌ باش نیه‌ دوای شكسته‌كانی حكومه‌ته‌ یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كانی نێچیرڤانو ئاشتی هه‌ورامی وكه‌ریم شه‌نگالی بتوانێ حوكمی دیكتاتۆرییانه‌ په‌یڕه‌و بكات ، هێشتا شه‌به‌حی دوو ئیداره‌ییش هه‌ر ماوه‌و، ئه‌بێته‌ ئه‌مری واقیع ئه‌گه‌ر پارتی سوور بێت له‌سه‌ر ئه‌و غرور وسه‌ركێشییانه‌ی ئێستای .





ململانێی پارتی ویه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا
پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەنێوان كوردو سوننەی عەرەبدا
دیمەنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان
پارتی وسلێمانی
حكومەتی دەوڵەتمەدارو مەجلیس تەنفیزیەكەی جاران
من و مام جەلال لەفرۆكەخانەی لوبنان
كاك نەوشیروان و خیانەتەكانی پارتی
هیوایەتی گەنجەكان
یەكێتی و چارەنوسێكی هاوشێوەی پارتی
لیستی رۆشنبیرانی ئازاد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمان
حەفتاكانی هەولێر
بۆچی خۆپیشاندانەكان دامركانەوە ؟
پارتی بۆ وای بەسەرهات؟
ریفراندۆمی دووەم بۆ جیابونەوەی هەرێمی سلێمانی
نیفاقی سیاسی حزبەكانی كوردستان
1234
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە