جارێكيتر پۆسته‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عيراق
شێرزاد شێخانی
PM:04:16---13-07-2018
ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


له‌وه‌ ئه‌چێ له‌مڕۆژانه‌دا جارێكيتر پرسى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عيراق بخزێته‌ نێو دانوستانو گفتوگۆكانى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانه‌وه‌ ، به‌تايبه‌تيش له‌نێوان يه‌كێتى وپارتيدا ، دواى ئه‌وه‌ى هه‌موو ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ئه‌چن كه‌ ئه‌م پۆسته‌ جارێكتريش بدرێته‌وه‌ به‌ كوردو ، له‌كورديش جۆرێك له‌سازان هه‌يه‌ به‌ر يه‌كێتى بكه‌وێته‌وه‌ . پێشموانيه‌ پارتى چاوى له‌م پۆسته‌ بێت ، ئه‌گه‌ر چى چه‌ند جارێك له‌ميدياكانييه‌وه‌ باسى ئه‌و پۆسته‌يان كردوه بۆ خۆيان ‌. به‌تايبه‌ت هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانى پارتى ته‌نانه‌ت باسيان له‌ناوى كانديده‌كانى خۆشيان كردوه‌ بۆ ئه‌م پۆسته‌ وه‌كو ( فوئاد حوسێن وفازل ميرانى ) جگه‌ له‌هه‌ندێ ناوى تريش له‌ناو سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتييان ده‌ستنيشان كردوه‌ گوايه‌ پشتگييرى ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ ، به‌ڵام من پێموايه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ ته‌نها بۆ ته‌شويش كردنه‌ له‌سه‌ر كانديدا‌نى ئه‌م پۆسته‌‌ كه‌ تاكو ئێستا دوانيان به‌فه‌رمى ئه‌وراقى كانديدبونيان پێشكه‌ش به‌ سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى‌ كردوه‌ ئه‌وانيش هه‌ردو به‌ڕێزان ( دكتۆر له‌تيف ره‌شيد و دكتۆر محمه‌د سابير ) ه‌ .

له‌لاى خۆشيانه‌وه‌ به‌شێك له‌لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ته‌نانه‌ت ‌خودى هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتيش هه‌وڵێكى بێ ئه‌نجاميان دا بۆ كانديدكردنى به‌رهه‌م صالح بۆ ئه‌و پۆسته‌ى كه‌ ساڵانێكه‌ خه‌ونى پێوه‌ ئه‌بينێت ، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ش شكستى هێنا ، چونكه‌ نه‌ پارتى ئاماده‌يه‌ ته‌زحييه‌ به‌ په‌يوه‌نده‌يه‌كانى له‌گه‌ڵ يه‌كێتى بدات له‌پێناو سه‌رخستنى به‌رهه‌م ، له‌كاتێكدا ئێستا كرانه‌وه‌يه‌ك هه‌يه‌ له‌په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ يه‌كێتى و به‌دوان به‌ره‌و رێكه‌وتنێكى تازه‌ ئه‌چن له‌سه‌ر بنه‌ماى سازان وپاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى هه‌ردولا ، نه‌ خودى به‌رهه‌م صالح و قه‌واره‌كه‌شى توانيان سه‌ركه‌وتنێكى وا به‌ده‌ست بێنن كه‌ بتوانن قه‌ناعه‌ت به‌لايه‌نى تر بكه‌ن بۆ پشتگييرى كردنيان، ئه‌وه‌ بو به‌رهه‌م و قه‌واره‌كه‌ى تووشى شكستێكى زۆر گه‌وره‌ بون له‌هه‌ڵبرژادنه‌كانى ئه‌مدواييه‌ى په‌رله‌مانى‌ عيراق ، تا راده‌يه‌ك جولانه‌وه‌يه‌كى بچووكى ته‌مه‌ن دوو مانگه‌ى سه‌رۆكى كۆمپانيايه‌ك توانى دوو به‌قه‌ده‌ر كورسييه‌كانى ئه‌و ده‌نگ بێنێ ، به‌مه‌ش شتێكى زۆر نامه‌نتقيى و ناماقووڵيشه‌ كانديدێك به‌ دوو كورسى په‌رله‌مانه‌وه‌ پۆستێكى باڵاى سيادى وه‌كو پۆستى سه‌ركۆمارى ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ست بێنێ ، ره‌نگه‌ ببێته‌‌ شه‌رمه‌زارى و شووره‌ييه‌كى زۆر گه‌وره‌ش‌ بۆ سه‌رتاپاى پرۆسه‌ى سياسى له‌عيراقدا .

شاراوه‌ نيه‌ كانديدبونى دوو كه‌سايه‌تى نزيك له‌بنه‌ماڵه‌ى سه‌رۆكى كۆچكردوو به‌رێز مام جه‌لال ، جۆرێك له‌ئيحراجى بۆ خودى ئه‌و دوو كانديده‌ش دروست كردوه‌ ، به‌تايبه‌ت هه‌ردوكيان شايسته‌ى ئه‌و پۆسته‌ن و شاره‌زايى باشيشيان هه‌يه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنى پۆسته‌كه‌ به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى ساڵانێكى دوورودرێژ له‌ته‌ك مام جه‌لال كاريان كردوه‌و شتى زۆرى لێ فێر بونه‌ . ره‌نگه‌ ئيحراجييه‌كه‌ سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتيش بگرێته‌وه‌ ، به‌ڵام من پێموانيه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌يه‌كى گه‌وره‌ بێت ، چونكه‌ له‌خولى رابردوودا وه‌كو ئێستا چه‌ندين كانديدى يه‌كێتى هه‌بون بۆ ئه‌م پۆسته‌ له‌دواى نه‌خۆشكه‌وتنى مامى گه‌وره‌. ئه‌وه‌بو هه‌ر له‌خولى پێشوودا سێ كه‌سايه‌تى ناو يه‌كێتى خۆيان بۆ پۆسته‌كه‌ كانديد كرد ، ئه‌وانيش ( دكتۆر فوئاد مه‌عسوم و به‌رهه‌م صالح ونه‌جمه‌دين كه‌ريم ) بون، با ئه‌مجاره‌ش دوو كانديد هه‌بێت ، هه‌ردوكيان وه‌كو كانديدى يه‌كێتى بچنه‌ ناو پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌‌وه‌ و برياريش با له‌لاى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا بێت .

پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عيراق به‌ ئيستحقاقى نه‌ته‌وه‌يى مافى كورده‌ ، له‌ناو كورديش ئيستحقاقى يه‌كێتييه‌ ، چونكه‌ ناكرێ ته‌نها يه‌ك حزب هه‌مو پۆسته‌ سيادييه‌كانى عيراق وهه‌رێمى كوردستانى به‌ده‌سته‌وه‌ بێت ، پارتى كه‌ ساڵانێك پۆستى سه‌رۆكى‌ هه‌رێم و سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوه‌، ئاسان نيه‌ پۆسته‌كه‌ى به‌غداش بگرێته‌ ده‌ستو لايه‌نه‌كانى تر ئاوت بكات .ئه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تێك پارتى به‌جيددى چاوى له‌و پۆسته‌ى به‌غدا بێت ، ئه‌بێ ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌ سيادييه‌كانى هه‌رێم بێت . چونكه‌ راسته‌ پێشتر به‌پێى رێكه‌وتنى جه‌نتلمانى نێوان به‌ڕيزان مام جه‌لال و كاك مه‌سعود ، پۆستى سه‌رۆك كۆمارى به‌غدا له‌به‌رامبه‌ر پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم بوه‌ ، به‌ڵام ئێستا به‌واقيع پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌رامبه‌ر به‌ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ ، به‌حوكمى ئه‌وه‌ى هه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم ، هه‌ميش ئاماژه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانى داهاتو پۆسته‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێميش زيندوو بكه‌نه‌وه‌.

پارتى ته‌نها دوو رێگاى له‌پێشه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل ئه‌م واقيعه‌دا، يان ئه‌وه‌تا به‌رێكه‌وتن و سازان له‌‌گه‌ڵ يه‌كێتى پشتگييرى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ بكات بۆ يه‌كێتى ، يان ئه‌وه‌تا ئه‌بێ حيسابى ئه‌وه‌ بكات له‌داهاتوودا يه‌كێتيش ئازاده‌ بكه‌وێته‌ ململانێ له‌گه‌ڵيدا له‌سه‌ر هه‌ردوو پۆسته‌ داهاتووه‌كه‌ى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم وبه‌خودى پۆستى سه‌رۆكايه‌تى حكومه‌تى هه‌رێميشه‌وه‌ .

له‌م وه‌زعه‌ سياسييه‌ ئاڵۆزه‌ى عيراق و، هه‌وڵى هه‌ندێ لايه‌نى سياسى شيعه‌و سوننه‌ى عيراق بۆ په‌راوێزخستنى رۆڵى كورد و، ته‌نانه‌ت ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ى جيدديش هه‌يه‌ له‌سه‌ر ده‌سكه‌وتو مافه‌ ده‌ستووريه‌كانى كورد ، به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى ميلله‌ته‌كه‌مان له‌وه‌دا چڕ ئه‌بێته‌وه‌ كه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عيراق جارێكىتر بدرێته‌وه‌ كورد ، بۆيه‌ پێويسته‌ سه‌ركردايه‌تى پارتى ناكۆكييه‌ لاوه‌كييه‌كانى بخاته‌ لايه‌كه‌وه‌و به‌ جيددى هه‌وڵبدات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى پۆسته‌كه‌ بۆ كورد ، ئه‌گه‌ر چى به‌حوكمى ده‌ستوورى عيراق پۆسته‌كه‌ پرۆتۆكۆڵييه‌، به‌ڵام كاريگه‌رى زۆر گه‌وره‌ى هه‌يه‌ له‌سه‌ر ئاستى‌ پرۆسه‌ى سياسى عيراق و ، بوونى كورديش وه‌ك پێكهاته‌يه‌كى گرنگى عيراق ده‌سه‌لمێنێ و ، ده‌بێته‌ هانده‌رێكى باشيش بۆ گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ى سياسى له‌نێوان كوردو پێكهاته‌كانى عيراقدا به‌ره‌و چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و گێرانه‌وه‌ى رۆڵى كاريگه‌رى كورد له‌سه‌ر ئاستى عيراقدا.






كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ له‌هه‌رێمی كوردستان
جارێكيتر پۆسته‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عيراق
ململانێی پارتی ویه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا
پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەنێوان كوردو سوننەی عەرەبدا
دیمەنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان
پارتی وسلێمانی
حكومەتی دەوڵەتمەدارو مەجلیس تەنفیزیەكەی جاران
من و مام جەلال لەفرۆكەخانەی لوبنان
كاك نەوشیروان و خیانەتەكانی پارتی
هیوایەتی گەنجەكان
یەكێتی و چارەنوسێكی هاوشێوەی پارتی
لیستی رۆشنبیرانی ئازاد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمان
حەفتاكانی هەولێر
بۆچی خۆپیشاندانەكان دامركانەوە ؟
پارتی بۆ وای بەسەرهات؟
1234
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە