كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ له‌هه‌رێمی كوردستان
شێرزاد شێخانی
PM:03:36---05-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 491 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ئیمپراتۆڕێك ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی رووخا ، لێیان پرسی: هۆكاری نشوستی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ت چی بوو ؟ ، له‌وه‌ڵامدا وتی " ئیشه گه‌وره‌كانمان دایه‌ ده‌ستی ئینسانه‌ بچووكه‌كان ، ئیشه‌ بچووكه‌كانیشمان دایه‌ ده‌ست ئینسانی گه‌وره‌ " ؟ !! .

ئه‌م حیكمه‌ته‌ رێك له‌گه‌ڵ وه‌زعی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی ئێمه‌دا ئه‌گونجێ . ئه‌وه‌تا سه‌روه‌تو سامانی میلله‌ت دراوه‌ته‌ ده‌ستی ( دز ) ، ئه‌منیه‌تی وڵات دراوه‌ته‌ ده‌ستی ( پیاوكوژ ) ، عیلم ومه‌عریفه‌ت دراوه‌ته‌ ده‌ستی‌ ( نه‌فام ) ، میدیاش دراوه‌ته‌ ده‌ستی ( چڵكاوخۆر و خۆفرۆش ) ، له‌یسه‌روشیانه‌وه‌ سه‌روه‌ری یاسا دراوه‌ته‌ ده‌ستی ( سه‌ركرده‌ی دیكتاتۆرو سته‌مكار ) !!.

له‌وه‌ته‌ی ئه‌م كیانه‌ كوردییه‌ی به‌ناوی هه‌رێمی كوردستان له‌م ناوه‌دا هه‌ڵتۆقیوه‌ ، به‌درێژایی‌ بیستو حه‌وت ساڵی رابردوو ، هه‌میشه‌ به‌عه‌قلییه‌تی خێڵ وعه‌شیره‌تگه‌ری وحزب حزبانی به‌ڕێوه‌ی‌ ئه‌برێ ، مه‌گه‌ر به‌ رتووش و بۆ جوانكاری هه‌ندێ سیمای حكومه‌تداری درابێته‌ پاڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ، وه‌كو دروستكردنی زانكۆ وده‌زگای مه‌عریفی ، به‌ڵام دیسان ئه‌مانه‌ش خراونه‌ته‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌ فه‌رامانڕه‌واكانه‌وه‌ ، ده‌رچووانی زانكۆكانیش بونه‌ته‌ حه‌ماڵ و عه‌تاڵ و به‌تاڵ .. به‌هه‌مو پیوه‌رێك ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ حیزبییه‌ی حوكمرانی كوردستان ئه‌كات فه‌شه‌لی هێناوه‌و ، قه‌ت رۆژێك له‌رۆژان نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌ندروست بۆ میلله‌ته‌كه‌ی .

بینیمان چۆن له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی پێنج دوكانی قه‌ڵادزێ ، شه‌ڕێكی بێئامان رووی له‌وڵاته‌كه‌مان كرد، هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م كوردستانه‌ بوونه‌ قوربانی پێنج دوكان!. بینیمان چۆن حیزبێك بۆ پاراستانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی هانای برده‌ به‌ر ئه‌و دیكتاتۆره‌ی كه‌ جگه‌ له‌ ده‌یان هه‌زار رۆڵه‌ی كوردی ئه‌م نیشتمانه‌مان ، هه‌زاران رۆڵه‌ی عه‌شیره‌تی سه‌ركرده‌ی ئه‌م حزبه‌شی خه‌ڵتانی خۆێن كرد . بینیمان دوای رووخانی رژێمی سه‌دام و بارینی ملیاران دۆلار به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ماندا ، له‌جیاتی هه‌ڵساندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌مان ، چۆن ئه‌م سه‌روه‌ته‌ زل وزه‌به‌لاحه‌ بۆ كڕینی ویژدانی به‌شێكی بچووك و، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌ندامانی بنه‌ما‌ڵه‌ فه‌رمانڕه‌واكان ته‌رخانكراو ، میلله‌تی لێ بێبه‌ش كرا.

ئێستاش ئه‌بینین میلله‌ته‌كه‌مان له‌چ رۆژگارێكی سه‌ختدا ژیان به‌سه‌ر ئه‌بات ، كاره‌بای نیه‌، ئاوی خواردنه‌وه‌ی به‌حاڵ ده‌ست ئه‌كه‌وێ ، مووچه‌ی نادرێتێ و لێی ئه‌بڕێ ، گه‌نجه‌كانمان بێكارن ، ده‌رچوانی زانكۆكان شاگردی چێشتخانه‌كانن ، له‌زستانو هاویندا سووته‌مه‌نی ده‌ست ناكه‌وێ ، وڵات به‌گشتی بوه‌ته‌ زبڵخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ فرێدانی پاشماوه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ،ئێستا كار گه‌یشتۆته‌ سه‌ر تاوانی كۆمه‌ڵكوژی میلله‌ته‌كه‌شمان كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆر به‌ سه‌دام حوسێنیشه‌وه‌ به‌ هه‌مو حیقدی شوفینیانه‌شیه‌وه‌  بیری له‌مجۆره‌ تاوانه‌ كۆمه‌ڵكوژییانه‌ نه‌كرده‌وه‌ .

له‌مڕۆژانه‌دا له‌ته‌له‌فزیۆنی ( روداو) ی سه‌ر به‌ سه‌رۆكی حكو‌مه‌ته‌كه‌مان به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمان بینی له‌سه‌ر خۆراكه‌ به‌سه‌رچووه‌كان و ئه‌وه‌ی پێی ئه‌وترێ ( ده‌زگای كۆنترڵی جۆری ) كه‌ ئه‌مه ده‌زگایه‌ له‌وڵاتانی ئینساندۆستدا له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌ر كۆمارو سه‌رۆك وه‌زیرانیش گرنگتر بایه‌خی پێئه‌د‌رێ .له‌لای ئێمه‌ش كه‌تۆته‌ ده‌ست كه‌سانێكی بێ ویژدانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ یاری به‌موقه‌ده‌راتی ئه‌م میلله‌ته‌وه‌ ئه‌كه‌ن . ئه‌وه‌ی بینیمان كاره‌ساتێكه‌ كه‌ ویژدانی هیچ كه‌سێك قبوڵی ناكات ، ئه‌وه‌ی وتراش به‌شێكی بچوكی ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌یه‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ی كوردی باشوور تیایدا ئه‌ژین.

ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر له‌ ده‌رمانخه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ساخ ئه‌بێته‌وه‌ . خواردنی به‌سه‌رچوو ده‌رخواردی مناڵانمان ئه‌درێ ، كه‌لوپه‌لی بێ كوالیتی به‌بازاڕه‌‌كانماندا بڵاو ئه‌بێته‌وه‌ ، به‌نزینی سه‌ڕه‌تاناوی له‌به‌نزینخانه‌كاندا دابه‌ش ئه‌كرێ ، بۆنی پاڵاوگه‌ی نایاسایی شاره‌كانمان وێران ئه‌كات ، ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی له‌قامووسی هیچ وڵاتێكدا نه‌ماوه‌، لای ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاوین وزستاندا سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌نه‌وه‌ . رێژه‌ی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان رۆژ به‌رۆژ زیاتر ئه‌بن ، وه‌زاره‌تی به‌ناو ته‌ندروستیش بێده‌نگه‌ له‌ئاست ئه‌م ماڵویرانییه‌ و، پاساو بۆ ده‌سه‌ڵات ئه‌هێنێ ، و فه‌شه‌له‌كانی بۆ پینه‌ ئه‌كات ، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات پله‌ی راسته‌قیینه‌ی گه‌رماشمان لێ ئه‌شارێته‌وه‌ و چه‌واشه‌كاری تیا ئه‌كات !!.

ئه‌و خواردنه‌ ژه‌هراوییانه‌ی به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا ساخ ئه‌كرێنه‌وه‌، ئه‌و به‌نزیبنه‌ سه‌ڕه‌تاناوییه‌ی له‌ سه‌یاره‌كانمان ئه‌كرێ ، دڵنیام هه‌مان ئه‌و خواردنو به‌نزینه‌ نیه‌ كه‌ خه‌ڵكانی ده‌سه‌ڵات به‌كاری ئه‌هێنن ، هیچ به‌دووری نازانم سۆپه‌رماركێتو مۆڵی تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه‌ هه‌بێت ، دیسان به‌دووری نازانم فه‌رده‌ برنجی ئه‌وان به‌ فرۆكه‌ی تایبه‌ت بۆیان بهێنن ، ده‌رمانی تایبه‌ت له‌باشترین كۆمپانیای جیهانی بۆیان بێت ، هیچ به‌دووری نازانم ته‌نانه‌ت له‌ناو ماڵه‌كانی خۆشیاندا فلته‌ری تایبه‌ت هه‌بێت بۆ پاككردنه‌وه‌ی هه‌واكه‌ی ، باسی كاره‌بای بیستوچوار سه‌عاتیشیان ناكه‌م كه‌ته‌نها گڵۆپی به‌رده‌رگاكانیان له‌وانه‌یه‌ به‌شی گه‌ڕه‌كێكی شار بكات .

كاتێك بازرگانێك خواردنێكی به‌سه‌رچوو داخڵی هه‌رێم ئه‌كات ، گه‌وره‌ترین سزای ئه‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌سه‌ریدا بگیرێت و بسووتێنرێ ، وبازرگانه‌كه‌ش ته‌نها پاره‌یه‌كی كه‌م زه‌ره‌ر ئه‌كات ، كاتێك چاوی بیست كه‌سی ئه‌م هه‌رێمه‌ كوێر ئه‌بێ به‌ ده‌رزی كۆمپانیایه‌ك ، ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات به‌و زل و زه‌به‌لاحییه‌ی خۆیه‌وه‌ دێته‌ ناو مه‌سه‌له‌كه‌و سوڵحی عه‌شایه‌رییان بۆ ئه‌كات . له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان سه‌دان بازرگانی به‌غدا له‌سێداره‌ دران له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها كاڵاكانیان گران كردبو و وڵات له‌ژێر ئابڵوقه‌دا بوو ، كه‌س نه‌یده‌ویڕا له‌غیابی كۆنترۆڵی جۆریدا یه‌ك ماده‌ی به‌سه‌رچوو یا ده‌رمانێكی خراپ بێنێته‌ ناو وڵاته‌وه‌ ، چونكه‌ سزای له‌سێداره‌دان بو .

ئێستا ده‌سه‌ڵاتی عه‌شایه‌ری وحیزبی هه‌رێم شه‌ریكی كۆمپانیاكانن ، بۆیه‌ چاوپۆشی له‌هه‌مو پێشێلكارییه‌كی یاسایی له‌و كۆمپانیانه‌ ئه‌كه‌ن ، له‌وڵاتیكدا سزا ته‌ نها بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار بێت ، سێداره‌و زیندان ته‌نها بۆ خه‌ڵكی ناڕازی بێت، ئه‌م وڵاته‌ دارستانه‌ و به‌ قانونی دارستان ژیان به‌سه‌ر ئه‌بات .

كێشه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ تازه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فێری ئه‌مجۆره‌ حوكمرانییه‌ بوه‌و ده‌ستبه‌رداری نابێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر میلله‌ته‌كه‌شی له‌ناو بچێت ، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ ملیارات دۆلاریان بۆ خۆیان هه‌ڵگرتوه‌ به‌یانی له‌گه‌ڵ لێقه‌ومان بچن له‌ده‌ره‌وه‌ خۆشترین ژیان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌وه‌نده‌ خوێنرێژ و دیكتاتۆره‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌ئاسانی له‌ناو بچێ ، یاخود لانیكه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئینسانیه‌ت و ویژدانی به‌رامبه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ بجوڵێ ، مه‌گه‌ر وه‌كو رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كانی دونیا به‌هێزێكی ده‌ره‌كی له‌ناو بچێت ، ئه‌گینا تا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌بێ بترسین له‌ئاو خواردنه‌وه‌كه‌شمان نه‌وه‌ك ژه‌هری تیا كرابێت .





یاسای ( ماگنیتسكی ) و نامه‌یه‌ك بۆ پاراستنی پارتی
كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵ له‌هه‌رێمی كوردستان
جارێكيتر پۆسته‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمارى عيراق
ململانێی پارتی ویه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا
پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەنێوان كوردو سوننەی عەرەبدا
دیمەنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان
پارتی وسلێمانی
حكومەتی دەوڵەتمەدارو مەجلیس تەنفیزیەكەی جاران
من و مام جەلال لەفرۆكەخانەی لوبنان
كاك نەوشیروان و خیانەتەكانی پارتی
هیوایەتی گەنجەكان
یەكێتی و چارەنوسێكی هاوشێوەی پارتی
لیستی رۆشنبیرانی ئازاد بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمان
حەفتاكانی هەولێر
بۆچی خۆپیشاندانەكان دامركانەوە ؟
1234

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە