با هه‌ست به‌ به‌رپرسارێتی زیاتر بكه‌ین
نه‌زهه‌ت حالی
PM:07:08---18-03-2017
ئه‌م بابه‌ته 366 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


‎نوسین به‌رپرسیارێتیی ده‌خاته‌ سه‌رشانی نوسه‌ر، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییەكانیش ده‌رفه‌تی زۆری بۆ هه‌مووان ڕه‌خساندووه‌ تاكو بتوانن ڕا و بۆچونی خۆیان به‌ خوێنەران بگەیەنن، هه‌ر بۆیه‌ به‌رپرسیارێتی نوسین هه‌ر ‌ لە چوارچێوه‌ی نوسینی كلاسیكی له‌سه‌ر كاغه‌ز نەماوە
سۆشیال میدیاش ده‌گرێته‌وه‌.
‎نوسه‌رێکی ئه‌مریكی به‌ ناوی (گێرتز) پێی وایه‌، جیهان له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ نێو ئاگرێك دایه‌ وتۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش سوته‌مه‌نی بۆ به‌رده‌وام بوونی ئه‌و ئاگره‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن.
‎ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌یبینین و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان ده‌یخوێنینه‌وه‌ ، به‌ڕاستی نه‌وت به‌ ئاگر كردنه‌ ، هه‌ندێ كه‌س به‌ بێ بیر كردنه‌وه‌ له‌ كاریگه‌ری خراپی نوسینە‌كانیان ده‌نوسن و سوته‌مه‌نی بۆ گڕگرتنی زیاتری ئاگر و په‌ره‌سه‌ندن و به‌رده‌وامی كێشه‌ نێوخۆییه‌كان ئاماده‌ ده‌كه‌ن.
‎كۆچی دوایی (شوعلە خانی) خێزانی كاك نەوشێروان مسته‌فا و بروسكه‌ی سه‌ره‌خۆشی به‌ڕێزان سه‌رۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ كاك نەوشێروان ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی و ئایینی و په‌روه‌رده‌ی مه‌دره‌سه‌ی بارزانه‌، كه‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان، گه‌ر ببێته‌ هۆكارێكیش بۆ بیر كردنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌موومان كۆتایی ژیانمان هه‌ر مردنه‌ و گه‌ر بتوانین به‌ وه‌لا نانی كێشه‌ و گرفته‌كان ، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ برایه‌تی و پێكه‌وه‌ تێكۆشانی كاتی ڕاپه‌ڕینی سالی ١٩٩١ و كیمیا باران و كۆچڕه‌وی و ئاواره‌ی و شه‌هیدانی ڕابردوو و ئێستامان له‌ بیر بێت ، بێگومان هه‌میشه‌ ده‌رفه‌تی پێكه‌وه‌ كار كردن و تێكۆشان له‌دژایه‌تی كردنی یه‌كتری زیاتره‌ و به‌ سودتره‌ و سه‌ربه‌رزانه‌تره‌، هه‌ر بۆیه‌ بۆنه‌ خۆش و ناخۆشه‌كانی گه‌لی كوردستان و ته‌نانه‌ت سه‌ركرده‌كانیش ده‌بێت لای نوسه‌رانی سۆشیال میدیا وه‌كو ده‌رفه‌تێك بۆ له‌یه‌كتر نزیك كردنه‌وه‌ی زیاتری سه‌ركرده‌كان سه‌یر بكرێت و سودی لێ وربگیرێت ، واته‌ به‌ نوسینی جوان عه‌تر و گوڵاوی برایه‌تی و دۆستایه‌تی بڵاو بكه‌نه‌وه‌ نه‌ك سوته‌مه‌نی بۆ ئاگر ئاماده‌ بكه‌ن
مه‌رج نیه‌ هه‌موو خوێنه‌رانی بابه‌ته‌كانمان هاوڕامان بن ، به‌ڵام پێم وایه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م خوێنه‌ر هه‌ن كه‌ نوسینی جوان و لۆژیكی و دور له‌ بێڕێزی كردن كه‌ له‌ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان بێت ، لا په‌سه‌ند نه‌بێت ، ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ش زیاتر له‌ چوارچێوه‌ی هزرێكی ته‌سك قه‌تیس ماون و به‌داخه‌وه‌ له‌ جیاتی ڕه‌خنه‌ نوسین جنێو ده‌نوسن، یا خود شتی زۆر نالۆژیكی ده‌نوسن ، ئه‌وه‌ش له‌ نێو هه‌موو هه‌وادارانی پارته‌ سیاسییه‌كانی كوردستان زۆر یان كه‌م به‌ دی ده‌كرێت ، پارته‌ سیاسییه‌كان و ئه‌ندام و هه‌واداره‌ دلسۆزه‌كانیان ئه‌ركی ڕێگه‌ گرتن و ئامۆژگاری كردنی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یان له‌سه‌ر شانه‌ ، هه‌موومانیش ده‌بێت هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی زیاتر بكه‌ین له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌دا .
له‌ كۆتاییدا سه‌ره‌خۆشی له‌ به‌رێز كاك نوشیروان ده‌كه‌م ،خوای گه‌وره‌ گیانی خێزانی به‌ به‌هه‌شت شاد بكات ، هه‌روه‌ها خوای گه‌وره‌ برایه‌تی و ته‌بایی، یه‌كریزی و یه‌كگرتوویی بكاته‌ به‌شی گه‌لی كوردستان ، له‌ فتنه‌ و ئاگری نێوخۆیی و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بمان پارێزێت و گه‌لی كوردستان له‌ زوترین كاتدا به‌ ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆ شاد بكات.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە