لە بەندیخانەوە بەرەو نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگا باڵاکان
سۆران محەمەد غەریب
PM:06:55---09-01-2017
ئه‌م بابه‌ته 1229 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

دوابەدوای ئەوەی یەکێتی دادوەرانی - لقی سلێمانی سکاڵایان لە دژم جوڵاند بەهۆی هەڵدانەوەی لاپەرەکانی گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا لە لایەن هەندێ دادوەری تێگلاو بە گەندەڵی و بڵاوکردنەوەیان لە (سۆشیال میدیا)ی (لڤین) . لە بەرواری ١٩- ١٢ - ٢٠١٦ ڕاگیرکرام پاشان لە بەرواری ٢١ - ١٢ - ٢٠١٦ بەسپاردە(کفالە) بەردرام . دەمەوێت ئەوە بخەمە ڕوو کە بەدرێژایی مێژوویی پارێزەرایەتیم کە (٢١) ساڵە بۆ تەنها دوو خولەکیش ڕاگیرنەکراوم و دۆسیەی پارێزەرایەتیم لە سەندیکا تەنها یەک سکاڵا چیە لەسەرم نەبوە هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بیبینێت ، بەڵام ئەمڕۆکە بە هۆی هەڵدانەوەی پەڕە ڕەشەکانی گەندەڵی و هەندێ دادوەری گەندەڵەوە (٢) ڕۆژ ڕاگیرکرام بە پێویستم زانی پێش هەموو شتێک ڕووی یاسایی و ناڕەوایی سکاڵاکە و ڕێکارەکانی ڕون بکەمەوە و دواترهەڵوێستی خۆم ڕابگەیەنم ، ئینجا با هاوڵاتیان ویژدانیان ڕێبەریان بێت.

 کورتەیەک لەسەر ناڕەوایی سکاڵاکە:

 ئەو سکاڵایە تەواو نایاساییە و ڕێ و شوێنی و ڕێکارەکانی بە شێوەیەکی ناشیاو و دوور لە هەموو نەریتێکی دادپەروەرانە پەیڕەو کراوە لە خۆمەوە ئەوە ناڵێم ، بەڵکو بە بونی جەندین لایەنی بەرچاو کە بە کورتیەکەی ئەمانەن:

١- ئەم سکاڵایە لەبەرواری ١٦-١١-٢٠١٦ جوڵێنراوە لە دژی فەرمانبەری دادگا یاریدەدەری دادوەری(هەستیار وشیار) بەوەی تۆمەتبارە کە لە ڕێگای ماڵپەڕەکەی خۆیەوە قسەی ناشرین و ناشیاوی بە سەرۆکی دادگا و جێگرەکەی و ڕاوێژکارێک لەسەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی داوە . دواتر دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی ڕێکاری یاسایی لە دژی وەرگرتوە و فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ دەرکردوە بە پێی مادەی (٢)لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن دواتر بەهۆی بە دەست هێنانی چەند نامەیەک لە ناو ماڵپەڕی ناوبراو من وەکو هاندەری تۆمەتبار هاتومەتە هەژمارکردن و بە پێی وتەکانی ناوبراویش کە دەڵێت بە هیچ شێوەیەک پارێزەر(سۆران محەمەد غەریب) هاندەر نەبوە بۆ هیچ کارك کە کردبێتم.

 ٢- لە ٢٨-١١-٢٠١٦ نوێنەری یەکێتی دادوەرانی سلێمانی وتەی داوە و دەڵێت : (سکاڵامان هەیە لە دژی تۆمەتبار(هەستیار)هەروەها لە داهاتوشدا سکاڵامان دەبێت لەسەر ئەو کەسەی کە هاندەری تۆمەتبارە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەی دژ بە دادوەران لەو نوسینانەی کە تۆمەتبار لە رۆژی ١٤-١١-٢٠١٦ لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی کە بەگشتی ئیهانەی دادوەرانی ڕەوتی دادوەری کردوە) لەمەوە دەردەکەوێت پێشتر لە لایەن دادوەرە گەندەڵەکانەوە نەخشە کێشراوە تا من بگلێننە کارێکی نایاساییەوە یان تاوانێک کە نەمکردبێت.

 ٣- لە بەرواری ٣٠-١١-٢٠١٦ نوێنەری یاسایی یەکێتی دادوەران هاتوە و وتەی داوە و داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کردوە لە دژم بەوەی گوایا داوای گۆڕینی مادەی یاسایی دەکات لە مادەی(٢)ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن بۆ دەقی مادەی (٢٢٩) لە یاسای سزادان . کەسانی یاسایی و دادوەرانیش دەزانن ئەو مادەیە چیە و کۆڵەکەکانی چین؟؟ بۆ زانیاری خوێنەر ئەو مادەیە پەیوەندی بەوەوە هەیە ئەگەر کەسێک سوکایەتی یان هەڕەشە بکات لە هەر کەسێکی ناو دادگا لەکاتی بەجێ گەیاندنی ئەرکەکەی ) دەپرسم ... ئایا ئەو دەقی مادەیە لەسەر ئەو کاری نوسینەی ناو ماڵپەڕ پیادە دەبێت . کام دادوەر و کام لە دادوەران لە ڕووبەڕوودا تەنها یەک وشەیان بە ناشرینی لە لایەن منەوە پێ وتراوە تا ڕێکارم لە دژ وەربگیرێت .؟؟ ئەمە لە کاتێکدا ئەو تۆمەتەی لەسەر تۆمەتبار (هەستیار)ە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردنە لەسەر سکاڵای یەکێتی دادوەرانی سلێمانی منیش وەکو هاندەری ناوبراو ناوم هێنراوم . واتا ((ئەگەر ناوبراو تۆمەتێکی نەکردبێت من چۆن دەبێت بکرێم بە هاندەر لە تۆمەتێکدا کە بون و بکەری تیادا نەبێت ..؟ )). وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ خەڵکانی یاسایی و خوێنەر بەجێ دەهێڵم ..

ڕێڕەو و ڕێکارە نایاساییەکان لەم سکاڵایە:

١- ئەم سكاڵایەی لە دژی من جوڵێندراوە لە کاتێکدا پیشەم پارێزەرە و بە پێی یاسا پارێزراوم و پارێزبەنی(حصانە)م هەیە و دەقی مادەی(٢٣) لەیاسای پارێزەرایەتی دەیسەپێنێت بەسەر هەر دادوەرێک کە بەر لەوەی هیچ ڕێکارێک بگرێتە بەر لە دژی پارێزەر دەبێت پێش هەر ڕێکارێک ڕەزامەندی و قایل بوونی سەندیکا بە دەست بهێنێت ، بەڵام دادگای لێکۆڵینەوە ئەم ڕێکارەی بەزاندوە و ڕاستەخۆ ڕێکاری نادروستی وەرگرتوە . ئەمەش پێشێلکاریەکی ڕاشکاوانەی یاسایە لە لایەن کەسانێکەوە کە پێیان دەوترێت دادوەر و کەسانی ئاسایی نین.

 ٢- لە وتەی نوێنەری یاسایی یەکێتی دادوەراندا هاتوە تەنانەت لە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەشدا بەوەی ئەم بڵاوکراوانەی من بە تاوانێکی بینراو(الجریمە المشهودە) دادەنرێت ئەمەش پێچەوانەی یاسایە لەبەر ئەوەی ناکرێت داهێنان و داتاشین لە دەقی مادە فەرمایشتکارەکاندا بکرێت ، چونکە یاسا هەموو شتێک و لایەنێک و ڕێگا و شوێنێک دیاری دەکات نەک چەند داوەرێکی ڕکابەر و دژەبەربە ئارەزوی خۆیان خوێندنەوەی بۆ بکەن . بۆ زیاتر بەرچاوڕونی هاوڵاتیان لە دەقی مادەی(١ بڕگەی ب) لە یاسا و ڕێساکانی دادگایی کردندا هاتوە : (بە تاوانی بینراو دادەنرێت کە لەکاتی هەستان پێی یان بەماوەیەکی زۆر کەم لە ڕودانی یان تاوان لەسەرکراو دوای ئەو کەسەکە کەوتبێت کە پێی هەڵساوە لە دوای رودانی یان کومەڵە کەسانێک بە هات و هاوارەوە دوای کەوتبن یان ئەگەرئەگەر ئەوەی پێی هەستابوو بە ماوەیەکی نزیک لە ڕودانی هەڵگری ئامرازیان چەک یان کەل و پەل یان پەڕاو یان شمەکی تر بەڵگەبێت لەسەر ئەوەی بکەر یان هاوبەشێتی یان ئا لەو کاتەدا شوێنەوارو هێمای وەها بینرا بەڵگەی ئەوە بێت کە تاوانێکی کردبێت )... باشە با بپرسین.. چەند دێڕو نامەیەک لە ناو ماڵپەڕدا نوسرابێت بەم تاوانە هەژمار دەکرێت ...؟؟ ئەمەش بۆ خوێنەر بەجێ دەهێڵم.

 ٣- دادوەری لێکۆڵینەوە لە بەرواری ١٢-١٢-٢٠١٦ دا بڕیاری داوە بە گۆڕینی مادەی یاسایی لە (٢) لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن بۆ مادەی(٢٣٠)لە یاسای سزادان . ئەمەش مەبەستدار بوە و لەو پێناوەدا وا کراوە تا ڕێگای توند و تیژ وەربگیرێت و تۆمەتەکە قورس بکرێت لەسەرم . با زیاتر لەم دەقە باس بکەین کە نە لە دوور و نە لە نزیکەوە بەسەر ئەم ڕوداوە پیادە ناکرێت بەڵام بە ئەنقەست ئەمە دانراوە . تیایدا هاتوە :)) هەر کەسێک دەست درێژی بکاتە سەر فەرمانبەر یان ...... دادگایەکی دادوەری یان کارگێڕی لە کاتی بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی یان بەو هۆیەوە )) . ئەرێ خەڵکی وڵات و دەرەوەی وڵات لە کوێدا هەبوە ڕوداوێک ڕوی نەدابێت وا ڕێکاری لەسەر وەرگیرابێت . ئەگەر نوسراوێک نوسرابێت لە ماڵپەڕدا وا بخوێنرێتەوە ئەوە دروست بکرێت گوایا دەستدرێژیم کردبێتە سەر دادوەرێک و لە ناو دادگادا ..؟؟

٤- بە پێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچوە لەبەرواری ٣٠-١١-٢٠١٦ . ئەمە لە کاتێکدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەردەچێت کە تۆمەتەکەی گەورە بێت و ترس لە هەڵهاتنی هەبێت و شوێنی نیٍشتەجێ بونی دیار و جێگیرنەبێت ، بەڵام ئەم لایەنانە لە کەسی مندا نیە . بۆیە لەم ڕووەشەوە نادادپەروەری و ڕێکاری نادروست لە دژم وەرگیراوە .

 ٥- من خۆم بە ویستی خۆم چومەتە کەرتی پۆلیسی(ڕاپەڕین) وتەی خۆمم داوە بێ ئەوەی فەرمانی دەستگیر کردنەکە لەسەرم جێبەجێ بکرێت ، وێڕای ئەمە ڕاگیرکرام لە بەرواری ١٩-١٢-20١٦ تەنانەت لە لایەن بریکارە یاساییەکانمەوە دواکاری پێشکەشکرا لە بەرواری ٢٠-١٢-٢٠١٦ بۆ ئەوەی بە سپاردە بەربدرێم ، بەڵام دادوەری لێکۆڵینەوە دواکاریەکەی بەرپەرچ دایەوە .

 ٦- ئەوەی جێگای هەرە بایەخە و ناکرێت چاوپۆشی لێ بکرێت دەپرسم لە چ شوێنێکی جیهاندا ڕویداوە و پێی بوترێت (دادگا)کە ڕکابەر ببێتە دادوەر(الخصم و الحكم)و بڕیار بۆ بەرژەوەندی خۆی بدات ..؟ ئەمە گومان ناهێڵت و دڵنیایی دەبەخشێتە هەموان پێویستی بە بەڵگە نیە کە بێدادی و نادادپەروەری گەیشتۆتە لوتکە . ئەکرێت کەسێک بڵێت مافم لای کەسێکە و ڕکابەری بکات و خۆی ببێتە دادوەر و بڕیار بۆ خۆی بدات ...؟ ، بەڵام لەسایەی ئەم سیستەمە دادوەریە ئەمەش ئاساییە و ڕودانی بوەتە نەریت . وەکو ئاشکرایە ئەم سکاڵایە لە لایەن یەکێتی دادوەرانی - لقی سلێمانیجوڵندراوە دواتریش یەکێتی دادوەرانی هەرێم بریکاری داوەتە دادوەرێکی لقی سلێمانی ، بەمەش هیچ دادوەرێکی ئەم یەکێتی دادوەرانە کە ئەندامە لە ناویشیاندا (دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی کە لێکۆڵینەوەی کردوە) بۆیان نیە سکاڵاکە ببینن و ڕێکاری یاسایی لەبارەیەوە وەربگرن . بەمەش سەرجەم ئەو ڕێکارانەی کە گیراوەتە بەرلە دژم تەواو نایاساییە و بە پوچەڵ دەدرێتە پێنوس.

 نهێنیەکانی پشت ئەم سکاڵایە:

 هاوڵاتیان با ئەوە بزانن و ئەم نهێنیانە بۆیە ئاشکرا دەکەم تا بزانرێت ئەم سکاڵایە بۆ ئەوە نیە کە قسەیەکی ناشرین یان ناشیاو وترابێت بە دادوەرێک ، بە ڵکو شتی تر لە پشت ئەمانەوە بونی هەیە و هەر هەمویان ڕادەگەیەنم تا بزانرێت ئاستی دادپەروەری بە دەست کەسانێکەوە گەیشتۆتە کوێ ؟؟ ئەمانەش پوختەیەکن لەو نهێنیانە:

 ١- ئەو نهێنیەی زۆر کاریگەرە و ناکرێت باسی نەکەم ، چونکە گەیشتۆتە بینەقاقام ئەویش ئەو کارە ناڕەوایەیە کە چەند دادورەرێک دەیانەوێت پێم بکەن ئەم سکاڵایانەشیان بۆ فشار خستنە سەرمە . ئەو کارەش پڕکردنەوەی (پاکانە)یە تەنانەت دەڵێن تەنها نوسراوێکمان بداتێ کە هیچ بڵاونەکاتەوە و واز لە سکاڵاکەمان دێنین بەر لە ڕاگیرکردنم بۆ ماوەی (٢٠) ڕۆژە دەیانەوێت ئەو نوسراوەیان بدەمێ . ئەم پاکانەیەش لە لایەن ئەو دادوەرانەوە داوا دەکرێت کە گەندەڵیان لەسەرە و پێشتر لە (سۆسیال میدیا)ی (لڤین پرێس) لاپەرەکانی گەندەڵیانم ئاشکرا کردوە . ڕاستی ئەمەش لای مامۆستای گەورە بەرز و بەڕێزم دادوەر(عوسمان قادر)ە و چەند هاوپیشەیەکی ترم لە ورد و درشتی ئەو هەنگاوانە ئاگادارن تەنانەت دەیانەوێت کاریگەری بکەنە سەر ئەو دادوەرانەی تریش لە ناو یەکێتی دادوەران گوایا لە دژی هەر هەموو دادوەران وەستاومەتەوە کە ئەمەش تەواو ناڕاستە ، چونکە پێشتر ئەوەم ڕاگەیاندوە هەمیشە ڕێز و ستایشی هەنگاوی دادپەروەرانە و دڵسۆزانەی دادوەرە دڵسۆزەکان دەکەم دەتوانرێت بڵاوکراوەکانی پێشوترم بخوێننەوە بۆ ڕاستی ئەو بیرکردنەوانەم ، وەنەبێت ئاگاداری هەوڵی ئەو دادوەرە گەندەڵانە نەبم کە چەندین کۆبونەوەیان کردوە تا بەرەی هەموو دادوەران لە بەرامبەرم بەهێز بکەن ، بەڵام ئەو هەنگاوانە لە خەیاڵ خاوی هیچی تر ناگەیەنێت لەبەرئەوەی ناکرێت ڕەش و سپی بە یەک ڕەنگ ببینرێت.

 ٢- پاڵنەرەکان بێدەنگ کردنمە لەو ڕێچکەیەی چەندین ساڵە گرتومەتە بەر لە ئاشکراکردنی گەندەڵیەکانی ناو دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان هەروەکو لە خاڵی یەکەم باسم کرد بەوەی کە بەڵێننامە بدەم بە یەکێتی دادورەران ئەوەی لە پێشودا بڵاوم کردۆتەوە لە ئاکامی هەڵە تێگەیشن بووە و ڕۆڵی دادگاکانی هەرێم بەرز دەنرخێنم ، ئەو نوسراوەی یەکێتی دادوەران دەیانەوێت ڕادەستیان بکەم ئەوە دەگەیەنێت کە بەڵگەکانی گەندەڵی ناو دادگاکان لە ڕابردوودا هیج مانایەکی نیە . دەبێت ئەوە بزانن کە نەک واژوو لەسەر ئەو (پاکانە) کردنە ناکەم ، بەڵکو بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان بیری لێ ناکەمەوە.

 هەڵوێستەی ئێستا و ئایندەم:

 دوابەدوای ڕاگیرکردنم بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سەرباری ئەو هەڵمەتە دڵسۆزانەی کەناڵ و سایتەکان بە پەرۆشیان لەبارەی ئەو کێشەیەی لەسەرم بوو لەگەڵ کەسانی نزیک و دوور وهاوپیشە وهاونیشتمانیان و هاوەڵان و خەمخۆران لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم و چەند ڕێخراوێک هاتنە سەر هێڵی پەیوەندی بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بۆ چەندین لایەنێک بە پێزانینەوە و تەقەلای تەواو دەدەن بۆ پشتگیری کردنم هەم لە کێشەکەم بە لەبەرگرتنی ئەو ڕێکارە نایاساییەکان لە دژم وەرگیراوەو هەم بۆ ئەو گەندەڵیانەی لە ناو دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرە گەندەڵەکان هەیە . هەروا بە ئاسانی ئەوەی کراوە دەرهەقم تێپەڕ نابێت ،

 بۆیە دوا هەڵوێستەم ڕادەگەیەنم :

 ١- گەیاندنی تەواوی ئەو بەڵگانە پاش وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی بیانی و لە ڕێگای نوێنەری ئەو ڕێکخراوانە بۆ دەرەوەی وڵات بە تایبەتی لە نەتەوە یەکگرتوەکان(UN) هۆبەی (human rihgts watch) و ناوەندی جنێفی نێودەوڵەتی بۆ دادپەروەری(مركز جنیف الدولی للعدالە) چەند لایەنێکی تر . 2- سکاڵا جوڵاندن لەسەر ئەو دادوەرانەی کە گەندەڵیان لەسەرە بە شێوەی جۆرا و جۆر تێگلاون ، لە دادگا باڵاکانی عێراق و دەرەوەی هەرێم و لەوێ یەکلایی دەکرێتەوە نەوەکو لە لای ئەو دادوەرانەی دەکەونە بن دەست و فەرمانی دادوەرە بڕیار بە دەست و گەندەڵەکان . ٣- تەواوی ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ لەم کار و ڕێکارە نایاسای و ناداپەروەرانەی لە دژم وەرگیراوە ئاگادار دەکەم بە پێدانی ڕونکردنەوە و نوسراو و بەڵگەنامەی پێویست تا ڕابگەیەنرێن و گەیاندنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەرەوەی هەرێم .





نەوشیروان مستەفا:
شیوەنێک بۆ خاک و خەڵک
لە (شوعلە)ی جەستە و ناوداری مەرگ...بۆ نەوبەهار و ڕۆڵەی بێ بەرگ
هەڵەبجە ئازارێک بۆ نیشتمان...گەنجینە و کورسی بۆ سەرکردەکان
نەوشیروان مستەفا لە دوڕیانی چەمانەوە یان ڕاستکرنەوە ..؟
لە بەندیخانەوە بەرەو نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگا باڵاکان
لە بەندیخانەوە بەرەو نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگا باڵاکان
خالید ڕەشید شنەبای بەهار...كڕێوەی زستان
هێمن بنەسڵاوە ، شایستەی چەند سڵاوە؟
بۆ ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
تێڕامانێك لە (بارزانی - تاڵەبانی - نەوشیروان - ئۆجەلان)
فەرمانڕەوایی بنەماڵە بەسەر حیزب و حكومەتدا زاڵە
سەركردایەتی كورد لە بازنەی چەندین (31) ی ئابدا
دەنگێك (لە سۆران و زەردەشت و كاوە و وەدات)ەوە بۆ سەركردە بەخشندەكان
دەبا دكتۆر یوسف بچێتەوە ماڵ ، وڵات كەوتۆتە دەستی دێو و داڵ

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە