کام سەرکردەی کەڕ ..؟ وەک قاز نابێت تەڕ
سۆران محەمەد غەریب
PM:08:16---12-12-2017
ئه‌م بابه‌ته 1327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

مێژووی مرۆڤایەتی پڕێتی لە ڕوداو .. هەندێکی کارەساتبارە .. هەندێکی تری نەخشکارە ... زۆربەی سەرکەوتنەکان بەرهەمی دەستی سەرکردە ژیرەکانە ... پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە ژێرکەوتن و نەهامەتی و چەرمەسەری دەستکردی هەنگاو و بەدباوەڕی و بێدەربەستی سەرکردە کاڵ فامەکانە .. ئا لێرەدا شوێن دەست و پەنجە و هزری نوسەران و ڕۆشنبیران دێنە گۆڕێ . مێژوو خاوەنی چەندەها سەرکردە و سەرۆکە نەک بە تەنها ئاکامی نەتەوە و نیشتمانیان بەرەو ئاسۆیەکی تاریکی بردوە ، بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتیان لە لیخاوی بیر و بڕیاری گەندەییان خنکاندوە .
   نامەوێت خوێنەر سەرگەرمی ئەو سەرکردانە بکەم و ڕۆبچمە نێو ناوەخنی کارەساتەکانیان کە بەسەر مرۆڤ و وڵاتەکانیان هێناوە ، چونکە ئەو سەرکردانە ناسراون و زانراون لای گشتمان تەنانەت بێ دودڵی دەتوانین پەنجەی ئەو جۆرە خەسڵەتانەیان بۆ درێژ بکەین کە بونەتە بار بەسەر هاوڵاتیەکانیان و مرۆڤایەتی . ئەوەی مایەی گرنگی پێدانە و پێویستە لەسەری ڕاوەستین و بێینە گفتار کردن لەسەری ئەوەیە ... دەخوازێت لە گەلی کورد کورد بپرسین ...
   ئایا سەرکردایەتی کورد تا چەند گوێڕادێر بوون بۆ ڕۆشنبیران و هۆشمەندان و بیرمەندان ..؟
   ئایا تا چ ئەندازەیەک بڕیارەکان و کار و کردەوەکانیان لە بەرامبەر باڵا بونی ئەو توێژانەدا خۆیان بینیوەتە کە ئاماژەکانی ئایندەیان خوێندۆتەوە ...؟
   ئایا سەرکردایەتی کورد لە ئاستی ئەم جۆرە بیرەدا بوون کە گوێ لە خەڵکی خۆیان بە گشتی و ئایندە بینەکان بەتایبەتی بگرن و بیکەنە نەخشە ڕێگا بۆ بڕیاردانیان ... بە دیاریکراویش بڕیارە گرێدراوەکان بە چارەنوسی ئەم گەلەوە ...؟
   وەڵام لای هەموان دەست دەکەوێت ... بۆ ئەم پرسیارانە و دەیەها پرسیاری دی ئێستا و ڕابردومانە ... ڕابردو پێی وتوین کە سەرکردایەتی کورد ئەوەی گوێیان پێ نەداوە ژیان و چارەنوسی خەڵکی کوردستانە ...
   دوور نەڕۆین ئەوەی ئەم قسانەم دەسەلمێنێت ئەو گوتارە بوو لەبەرواری 16 / 5 / ٢٠١٦ لەسایتی (NRT) بڵاوم کردەوە بە ناونیشانی (بە ئاگاهێنانەوەی سەرکردایەتی کورد بۆ شەڕە گەورە خوێناویەکە) .
   ناوەرۆکی گوتارەکە ئاراستەی سەرکردایەتی کوردم کردوە بە بێ جیاوازی بە تایبەتی ئەو سەرکردانەی خاوەن بڕیار بون و هێزی چەکداریان هەبوە ، قسەم لەسەر ئەوە نەبوە ئەم هێزە چەکدارەکان هێزی نیشتیمانی بوون یان هێزی حیزب و لایەن و ڕەنگەکان ، وەلێ قسەم لەسەر ئەو هێزانە بوە کە پێکهاتەکەی ڕۆڵەی ئەم خاکە بون .
   زۆر بە ڕوونی ئەوەم ڕاگەیاندبوو ئاماژەم بەو لایەنە کردبوو پێویستە کورد بەشداری شەڕی موسڵ نەکات یان ئەو ناوچانەی کە پێان دەگوترێت جێ ناکۆک و دەکەونە ژێر پانتایی مادەی (١٤٠) و نابێت هەڵپەی بۆ بکرێت تا دەست بەسەریاندا بگیرێت و توانای مرۆیی و چەکداری گەلی کورد لە پێناویدا بەفیڕۆ نەدرێت و خوێنی کوردی لەسەر دانەنرێت ، هۆی ئەمەشم خستبوە ڕوو کە چەندە زوو ئەو ناوچانە ڕزگار بکرێن هێندەش شەڕی (حەشدی شەعبی) لەبەرامبەر کورد نزیک دەکاتەوە ... تەنانەت ئاماژەم بەوە کردوە کە لەسەروبەندی ئەوەی شەڕی دژ بە (داعش) تەواو دەبێت یان نا ...! هێزەکانی حەشدی شەعبی پەلاماری ئەو ناوچانە دەدەن بۆ دەست بەسەراگرتنەوەیان ، بەڵام جێگای داخە سەرکردایەتی کورد لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەدا نەبوو پاش ماوەیەک هێرشی کردە سەر ئەو ناوچانە و لەو پێناوەدا نزیکەی (٢٠٠٠) پێشمەرگە شەهید کرا و زیاتر لە (10000)ی تریش بریندار و کەم ئەندام بون .
   شتێکی ئاساییە سەرکردایەتی کورد ئەم جۆرە بڕیارانە بدەن و بە گوێی کەس نەکەن ، چونکە ئەوە گرنگە لایان مەرامی خۆیان بهێننە دی . ئەوانەی شەهید دەبن نە ڕۆڵەی ئەوانن و نە بە ڕۆڵەی خۆیانیان دەزانن .
   ئەگەر خوێنەر سەرنجێک بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ساتانەی کە ئەو ناوچانە گوایا ڕزگار دەکرێن بزانن چ کێبڕکێیەک هەبوو لە ناو لایەنە چەکدارەکاندا لە نێوان ڕەنگەکاندا هەر ئەوەی مابوو شەڕێکی ناوخۆی لەسەر هەڵبگیرسێنرێت لەسەر ئەم بابەتە .
   ئەمە باسەکەیە ئایا سەرانی کورد تا چەند باوەڕیان بە خەڵکی و هاوڵاتیان هەیە ..؟ ئایا متمانەیان بە دەنگ و هاواری قاڵبوان و پێشبینیکەران و ڕێنمایی و ئمۆژگاری دڵسۆزانەی کورد هەیە ...؟؟ ئایا سەرکردایەتی کورد دەیانەوێت خەونی خۆیان بهێننە دی لەسەر خوێنی خەڵکی کوردستان و چارەنوسی گەلێکی ستەمدیدە یان خەون و ئاواتی لە مێژینە کورد لە ڕابروی و ڕۆڵەکانی ئایندە ...؟؟  یاخود مەبەستیانە خۆیان بکەنە پاڵەوان ، بەڵام کەرەستەی ئەو پاڵەوانێتیە خەڵکی هەژار و بەشمەینەت و چارەنوسی گەلی کوردستان بێت ...؟
   لەو بڕوایەدام هەم سەرکردایەتی کورد باش ئەوە دەزانێت هەم خەڵکییش لەوە گەیشتون  ئەگەر ڕووی  خۆیان لە بەرامبەر ڕاستیدا وەرنەگێڕن ، چونکە بینیمان لە ١٦ / تشرینی دووەم / ٢٠١٧  ئەوەی بە خوێن بە دەستهێنرابوو لە ماوەیەکی (٤٨) کاتژمێری چۆن وەکو ئاو لە دەست درا ...؟ کورد مایەپوچانە هەستایە سەر پێ ... ئەمەش لەناوچاوانی بڕیارە نادروستەکانی سەرکردایەتی کورد ...

 ئەمەش تەواوی ئەو وتارەیە کە لە بەرواری ١٦ / ٥ / ٢٠١٧ بڵاوم کردۆتەوە بۆ دەرکەوتنی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە ...

بەئاگاهێنانەوەی سەرکردایەتی کورد بۆ شەڕە خوێناویەکە

چوار مانگ لەمەوبەر لەگوتارێکدا بە ناونیشانی (کورد لەبەردەم ئەگەری دوو شەڕی گەورە و خوێناوی) سەرنجی خوێنەرم بۆ ئەوە ڕاکێشابوو ئەگەری ڕودانی دوو شەڕی گەورە دەکەم کە ڕوبەڕووی گەلی کورد دەبێتەوە یەکەمیان لە کوردستانی ڕۆژئاوا . دووەمیان لە کوردستانی باشور. لەوێدا ئەوە خرایە ڕوو کە خەڵک دەخوازێت سەرانی کورد ئەم شەڕانە بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد و دۆزە ڕەواکەی بقۆزنەوە. سەبارەت بە ئەگەری شەڕی یەکەم هیچ قسەم لەسەری نیە و خوێنەر دەتوانێت بچێت گوتارەکە بخوێنێتەوە چۆن بە ورد و درشتیەوە ڕویدا ، بەڵام هەرچی شەڕی دوەمە لێرەدا هۆشداری دەدرێت تا بەرچاوڕونی هەبێت بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد لە کوردستانی باشوردا چونکە وایدەبینم بڕیار دانیان ڕاستگیرانە نەبێت هەروەکو لە ڕابردودا سیاسەتێکی دروستیان نەبوە تا لە بەرژەوەندی گەلی کوردمان بشکێتەوە .

ئەم شەڕەی لەبەردەم کوردایە و لە لایەن (حەشدی شەعبی) بەرپا دەکرێت و ئەویش وەک سەرەتا بە جوڵە پێکردن و هێرش کردنە سەر ناوچە جێ ناکۆکەکان دەست پێدەکات بۆ ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی کورد دەربهێنرێت و دواجار بخرێنە ژێر دەست و جڵەوی دەسەڵاتدارانی عێراقەوە . ئا لێرەدا دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین ئەم ناوچانەی ڕزگارکراون کورد خوێنی لەسەرداوە و ناکرێت سەرکردایەتی کورد وا بە ئاسانی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراقی بکەنەوە .. چونکە لە بارێکدا ئەم ناوچانە بکەونە ژێر چنگی ئەم دەسەڵاتەوە ، ئەوا کورد هەرگیز ناتوانێت بۆ جارێکی دی وەریبگرێتەوە ، هۆی ئەمەش دیار و ڕوونە لەبەر ئەوەی هەروەک چۆن مادەی (140) لە ساڵی 2007 وە جگە لەوەی بەڕوکەش بونی هەیە ، بەڵام لە ڕووی پیادەکردنەوە پوچەڵ و کار پێنەکراوە تەنانەت تۆزی لەسەر نیشتوە و هیچ بەرهەمێکی بۆ کورد نەبوە . ئەم ناوچانە خوانەکردە ئەگەر دەسەڵاتی عێراقی باڵبکێشێت بەسەریاندا ، ئەوا کورد بە خەونی شەوانیش نایبینێتەوە مەگەر بە بڕیاری زلهێزەکانی جیهان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکە لە لایەن خۆیانەوە .

ئەوەی هەرە گرنگە لێرەدا باسی بکەین هەواڵەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هێرش بکرێتە سەر پارێزگای موسڵ تا لە ژێر دەستی (داعش) ڕزگار بکرێت ئەگەرەکەش ئەوەیە کورد بەشدار دەبێت . ئالێرەدا پێویستە بپرسین ئەگەر کورد بەشداری بکات چی ڕودەدات و بەشداری نەکات چی دەبێت ..؟ وای بۆ دەچم ئەگەر کورد بەشدار بێت ، بێجگە لە بەخشینی خوێنی ڕۆڵەکانی هیچ دەستکەوتێکی بۆ کوردستانی باشور نابێت ، چونکە ئەم پارێزگایە لە ڕووی سیاسیەوە لە ژێر بڕیاری دەسەڵاتدارانی و عێراق و حکومەتی ناوەندە و خۆیان بە بەرپرسی دەزانن . جێگای خۆیەتی ئەوەش بڵێین بە ئەنجام گەیاندنی ئەم شەڕە دەرگا لەبەردەم شەڕێکی تر دەکاتەوە و مەوداکەی نزیک دەکاتەوە ئەویش شەڕی هێرشی (حەشدی شەعبی)ە بۆ سەر کورد لەسەر جێ ناکۆکەکان . خۆ ئەگەر کورد بەشدار نەبێت ، ئەوا لەگەڵ ئەوەی زیان بە هێزی پێشمەرگە ناگات دەتوانرێت ئەو هێزانە سودیان لێوەربگیرێت بۆ ئەو شەڕەی لەبەردەماندایە لەم ناوچانە و لە ئایندەدا پێویستە ڕوبەڕویان بوەستینەوە .

دەبێت سەرانی کورد لە کوردستانی باشور خەڵکی بەدوور بخەن لە بەشداری کردنی ئەو شەڕە لەبەر ئەوەی جگە لە زیان پێکەوتن بە هێزی پێشمەرگە و گەلەکەمان هیچ بەرهەمێتی تری نابێت . زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم شەڕی (حەشدی شەعبی)دەبێتە دەروازەیەک بۆ هاتنە ناوەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کوردستان و ڕودانی شەڕە گەورە و خوێناویەکە .





خۆپیشاندانەکەی بەردەم دادگای سلێمانی:( بەسەرهات و کارەسات)
دادوەر و پارێزەر لە نەخشەیەکی دوور لە ڕەوشتانەدا ...
نەوشیروان مستەفا: گەنجینەیەکی لەبن نەهاتوو بۆ کورد و مرۆڤایەتی
لە (عەفرینی خۆرئاوا) سەربەرزی ... لە(کوردستانی باشور) سەرشۆڕی
کام سەرکردەی کەڕ ..؟ وەک قاز نابێت تەڕ
ڕابون مەعروف : لە نوێنەرایەتی بەرەو سەرکردەیەکی سیاسی بوێر
نەوشیروان مستەفا ناپاک بوو ..؟ یاخود ناپاکی لێکرا...؟
مەڵێ بۆ بەڵێی بارزانی .. نەخێر بۆ بەخێری
کێ دەبێتە میراتگری نەوشیروان مستەفا؟
نەوشیروان مستەفا بە دەستی کێ کوژرا..؟
نەوشیروان مستەفا:
شیوەنێک بۆ خاک و خەڵک
لە (شوعلە)ی جەستە و ناوداری مەرگ...بۆ نەوبەهار و ڕۆڵەی بێ بەرگ
هەڵەبجە ئازارێک بۆ نیشتمان...گەنجینە و کورسی بۆ سەرکردەکان
نەوشیروان مستەفا لە دوڕیانی چەمانەوە یان ڕاستکرنەوە ..؟
لە بەندیخانەوە بەرەو نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگا باڵاکان
12
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە