دادوەر و پارێزەر لە نەخشەیەکی دوور لە ڕەوشتانەدا ...
سۆران محەمەد غەریب
PM:02:38---20-03-2018
ئه‌م بابه‌ته 558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەندەڵی کردن یاخود بێ دەنگ بون لە بەرامبەریدا زۆر ئاسانە ، بەڵام ئەوەی ئەستەم و زەحمەتە لەدژ وەستانەی ئەم تەوژمە قێزەونەیە . هەمیشە ڕێژەی ئەوانە زیاترن کە تێوەگلاوی گەندەڵین یان بێدەنگن و نقەیان لەخۆیان بڕیوە لەژمارەی ئەوانەی بەرەنگاری گەندەڵی دەبنەوە . بەڵگەش لەسەر ئەم لایەنە بەردەوام بون و بەهێزبونی ڕەگ و ڕیشەی گەندەڵکارانە .
ڕابردو زۆر شتی ئاشکرا کردوە کە پێشتر نهێنی و نەزانراو بون لای هاوڵاتیان ... لەوانەش کایەی دادپەرەوەریە کە لە هەرە پایە سەرەکی و پڕ بایەخەکانە کە دەوڵەتداری و بە دامەزراوی بونی گشت کۆمەڵگایەکی پێ دێتە ناساندن . دادپەروەریش لە یەکەم باس و هەنگاویدا لە دەسەڵاتی دادوەری و داگاکان و چۆنێتی بەڕێوەچونیانەوە دەردەکەوێت و سەرهەڵدێنێت . شتێک هەیە لە ناو دادگادا و دەبێتە پێناسە بۆ دادپەرەوەری لە ناو هەر کۆمەڵگایەک  ، ئەویش پەیوەندی بە ستەمەوە هەیە و هێڵی جیاوازی دروست دەکات لە لایەنە جۆراو جۆرەکانی تر . ستەمێک لە کەسێکی خوێندەوارەوە مانادارترە وەک لە کەسێکی نەخوێندەوار . ماف خواردن لە مامەڵەیەکی بازاڕ دەبێت تێڕوانینێکی جیاتری بۆ بکرێت لەو نایاسایی کردنەی لە ناو شوێنێکی کاریگەری وەکو ناو دادگاکاندا دەکرێت . پێشلکردنێک کەسانی سروشتی بە ئەنجامی بگەیەنن خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت لەوەی کە کەسێکی خاوەن بڕیار بیکات کە پێی دەگوترێت (دادوەر).
ئێستا کاتی ئەوە هاتوە باس لەو نەخشەداڕشتنانە بکەم کە ئەو دادوەرە گەندەڵانە (مەبەستم ئەو دادوەرانەی گەندەڵیان لەسەرە نەک دڵسۆز و بێگەردەکان) کێشابویان تا ببتوانن بەم تەقەلایەیان بێدەنگیم مسۆگەر بکەن لەبەرامبەر هەڵدانەوەی پاشەڵی پیسیان لە بەڵگەکانی گەندەڵی و ئەو گوتارانەی بونە مایەی خرۆشاندنیان و تەنگ پێ هەڵچنینیان . لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا چەندین ڕێگایان گرتبوە بەر بە ئامانجی بێدەنگ کردنم . لەو ڕێگایانەش :
١- دادوەرە گەندەڵەکان بۆ زیاتر لە(٢)ساڵ لەمەوبەر چەند کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لەگەڵ دادوەران بەست تا بەمەرامی خۆیان بگەن بەوەی لە کۆبونەوەکەدا بە دادوەریان گوتبوو گوایا ئەوەی پارێزەر(سۆران محەمەد غەریب) دەیکات لە نوسینی گوتار لە ڕۆژنامە و سایتەکان لەسەر گەندەڵی ئەوە لە دژی سەرجەم دادوەرانە و پێویست دەکات و دەخوازێت هیچ داوایەکی لەبەردەم هیچ دادگایەک و دادوەرێکی ناوچەی سلێمانی نەبینرێت (ئەمەش بەمەرامی ئەوەی لە ڕێگای ژیانی پیشەیم و بژێوی ژیانمەوە بێدەنگ بم و دەمکوتم بکەن). ئەوەی پێم گەیشت لەزمانی چەندین دادوەری بەڕێزەوە ئەوە بووە کە (٣ بۆ ٤) دادوەری بەڕێز لە ناو کۆبونەوەکەدا هەڵستاون چەندین وەڵامی گونجاویان داونەتەوە لەوانە دادوەر هەبوە وتویەتی: (ئەو شتانەی پارێزەری ناوبراو بڵاوی دەکاتەوە باسی ئێمە ناکات ئێمە گومانمان لە خۆمان نیە ، ئینجا ئەو دادوەرەی گەندەڵی هەیە یان بەوەی دەزانێت لەسەر ئەو بڵاوکراونەتەوە دەتوانێت وەڵامی بداتەوە) دادوەریش هەبوە هەڵستاوە و پێیانی ڕاگەیاندوە: (ئەوەی ئێوە دەیڵێن تەواو نایاساییە و بەچ یاسایەک نابێت داوای ئەو پارێزەرە ببینین و ئەو کارە لە ناو یاسادا جێگای نابێتەوە) ...هتد و چەندین وەڵامی تر ... من لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو دادوەرە دڵسۆز و دادپەرەوەرانە دەستی هەر هەمویان دەگوشم پیان دەڵێم چاوەڕێی ئەوە بن کە ڕۆژێک لەبەردەمماندایە کە ئەو دادوەرە گەندەڵانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و هەر وا بەئاسانی بۆیان ناچێتە سەر . دەبێت دادوەرە گەندەڵەکان ئەوە بزانن ، کاتێک ڕێگای دژە گەندەڵی بژاردەی من بوە وەک پارێزەرێک بە تاک و تەنیا نە چاوم لە پارە بوە نە لە پایە ..
بە دڵنیاییەوە ئەوە دەڵێم پارێزەر کاتێک دەتوانێت لە دژە گەندەڵی دادگا و داوەرە گەندەڵەکان بوەستێتەوە دەبێت چاوی نەبڕێتە گیرفان و پارە بەدەست هێنان یان هیوا هەڵبەستن بەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان پلە و پایەیەک لە ناو کایە و دەزگایەکی ناو دادگاکاندا وەربگرێت لە ژێر سایەی دادوەرە گەندەڵەکان ... دەبێت سەرجەم خەڵکی ئەوە بزانن ئەم ڕێگایەی من هەڵبژاردوە هەروا ئاسان نیە ، لەبەر ئەوەی لەم پێناوەدا زۆر شتم لەدەستداوە ئەمە لە کاتێکدا هیچ پارێزەرێک نەیتوانیوە تۆزقاڵێک دەستبەرداری بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بێت ... ئەوەندەم لە دەست داوە تەنانەت لە پێناو خەڵکی و مافەکانیاندا کە داوا و کێشەکانیان دەهێنایە لام تا لەبەرژەوەندی ئەوانیش نەدرێت و مافەکانیان نەفەوتێنرێت و داواکانیان قڵپ نەکرێنەوە داواکانیانم نەبینیوە . تەنانەت هەندێ بەڵگەم لایە چۆن دادوەرە گەندەڵەکان کاریان لەسەر ئەم لایەنە کردوە لە ئایندەدا بڵاویان دەکەمەوە .  
٢- لە هەوڵێکی تردا کە ئاگاداری سەرجەم هەنگاوەکانم بەوەی سكاڵایان لەدژم جوڵاند و هەڕەشەی نایاساییان بە ناوی یاساوە لێکردم ، تا کار گەیشتە ئەوەی بەڕێز سەرۆکی پێشوی دادگای سلێمانیان ڕاسپارد تا پاکانە پڕبکەمەوە ، وەلێ هەر ملم نەدا تا کار گەیشتە ئەوەی پارێزبەندی یاساییم وەك پارێزەر بشکێنن و تا ئەو سنورەی (٢) ڕۆژ ڕاگیرم کرام بۆ ئەو مەبەستە .
٣- ئەودادوەرە گەندەڵانە بۆ پەردەپۆش کردنی گەندەڵیەکانیان هەستان لەڕێگای هاوکار و هاوڕێچکەکانیان هانی (یەکێتی دادوەران - لقی سلێمانی) و تەنانەت (یەکێتی دادوەرانی هەرێم)یشیاندا لە دژم  تا بەرەی خۆیان لە دژم بەرفراوانتر بکەن  دواجار دوو سكاڵایان لە دژم جوڵاند .
٤- ئەم دادوەرانە پێش ئەم دوو سکاڵایە هەڵستاون بە سكاڵا جوڵاندن لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ، تا لە ڕێگای پیشەییەوە متمانەم لێ وەربگیرێتەوە و سزا بدرێم .
٥- لە دوا هەوڵی گەندەڵکاران پێش ساڵێک بەکلک گرێدان لەگەڵ چەند پارێزەرێکی گەندە و بەندە و ملشۆڕی بەرژەوەندی و هەلپەرست نەخشەی ئەوەیان کێشا کە لەڕێگای یەکێک لەوانەی کاری هەبوو لە لام تا گۆبەنێکم بۆ بنێنەوە و پاشان هەڵسێت بە تۆمارکردنی سکاڵا لەدژم . بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک لەو پارێزەرانە خۆیان ئامادە کردبوو کە بەربەرەکانیم بکەن . تا بتوانن ماستاوچێتی و سەرشۆڕیان بۆ دادوەرە گەندەڵەکان دوپات بکەنەوە لەبەرهەمی بەربەرەکانی کردنی مندا  دەستکەوت بەدەست بهێنن .
دەبێت دادوەرە گەندەڵەکان ئەوە بزانن ... ئەگەرچی لە بەرامبەریاندا سەدەها ماستاوچی و ملهوڕ هەیە ، ئەوا لە پای ئەمەدا چەند کەسانێک ئەگەر لە پەنجەی یەک دەستیش تێپەڕنەکەن لە بەرامبەریاندا وەستاونەتەوە ... ئۆباڵی هەر کارەساتێک یان ڕوداوێک دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان و ئەو ستەمانەی ڕۆژانە دەیکەن . دەبێت ئەوەش لە یاد نەکەن لەگەڵ ئەوەی ئێمە دوژمنی هیچ کەسێک نین ، بەڵام ئەوە ئەوانن دەمێکە ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە دوژمنایەتیمان دەکەن . ڕۆژێکیش دێت ئەو دڕکە لە ژێر پێیان دەربێنین ...
ڕووبەڕوبونەوە لە دژی دادوەرە گەندەڵەکان بەردەوامە ... ببینن ...





خۆپیشاندانەکەی بەردەم دادگای سلێمانی:( بەسەرهات و کارەسات)
دادوەر و پارێزەر لە نەخشەیەکی دوور لە ڕەوشتانەدا ...
نەوشیروان مستەفا: گەنجینەیەکی لەبن نەهاتوو بۆ کورد و مرۆڤایەتی
لە (عەفرینی خۆرئاوا) سەربەرزی ... لە(کوردستانی باشور) سەرشۆڕی
کام سەرکردەی کەڕ ..؟ وەک قاز نابێت تەڕ
ڕابون مەعروف : لە نوێنەرایەتی بەرەو سەرکردەیەکی سیاسی بوێر
نەوشیروان مستەفا ناپاک بوو ..؟ یاخود ناپاکی لێکرا...؟
مەڵێ بۆ بەڵێی بارزانی .. نەخێر بۆ بەخێری
کێ دەبێتە میراتگری نەوشیروان مستەفا؟
نەوشیروان مستەفا بە دەستی کێ کوژرا..؟
نەوشیروان مستەفا:
شیوەنێک بۆ خاک و خەڵک
لە (شوعلە)ی جەستە و ناوداری مەرگ...بۆ نەوبەهار و ڕۆڵەی بێ بەرگ
هەڵەبجە ئازارێک بۆ نیشتمان...گەنجینە و کورسی بۆ سەرکردەکان
نەوشیروان مستەفا لە دوڕیانی چەمانەوە یان ڕاستکرنەوە ..؟
لە بەندیخانەوە بەرەو نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگا باڵاکان
12
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە