دەرکەوتنەوەی بارزانی... سەردانەی بارزانی لە دە خاڵدا
ئیبراهیم عەلی
AM:11:57---24-11-2018
ئه‌م بابه‌ته 801 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا لیکدانەوەی زۆری بۆ کرا.. یارەکانی بەسەردانێکی مێژوویی دەشوبهێنن و پێیان وایە چونی بارزانی بۆ بەغدا دەستکەوتێکی گەورەیە. نەیارەکانیشی سەردانەکەی بارزانی بەشکست لەقەڵەم دەدەن و بەگەرانەوە بۆ باوەشی بەغدای حیساب دەکەن. 

دوور لەخوێندنەوەی یارو نەیارەکانی بارزانی ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ سەردانەکەی بارزانی بکەین ئەوا کۆمەڵێک خاڵمان دەست دەکەوێت...

یەکەم: لەغیابی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بمانەوێ و نەمانەوێ دەسەڵاتدارانی بەغدا بارزانی بەنوێنەری کورد دەزانن.. هەرچەند لەناوخۆدا بارزانی سەرۆکی حیزبە، بەڵام مامەڵەی دەسەڵاتدارانی بەغدا شتێکی تر دەڵێت...

دووەم: هەم ئێران هەم ئەمریکا هەرێمێکی ئارام و بەهێزیان دەوێت لەچوارچێوەی عێراقدا، ئەمەش بەبێ بارزانی ناکرێت و بارزانی بەم سەردانەی نیازپاکی خۆی نیشاندا تا جارێکی دیکە لەگۆرەپانەکەدا لەئاستی نێو دەوڵەتی رۆڵی پێبدرێتەوە.

سێیەم: بمانەوێت یا نەمانەوێت ئەمرۆ بارزانی لەپەرلەمانی کوردستان خاوەنی چل و پێنج کورسییە، لەبەرامبەردا هیًزەکانی دیکە بەقەبارەیەکی بچوکەوە لەگۆرەپانەکەن و هێندە پارتەوازەن هیچ هیوایەکیان لەسەر هەڵنەچنرێت... 

چوارەم: چالاکبوونی بەرهەم سالح لەبەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی یەکێتی و بارزانیش نایەوێت یەکێتی پێگەیەکی بەهێزی هەبێت. بارزانی لەرێگەی چالاکبوونی لەبەغدا دەیەوێت چالاکیییەکانی بەرهەم سالح بێ بایەخ بکات.

پێنجەم: یەکێتی و گۆران و کۆمەڵ و یەکگرتوو هەر یەکەیان بەرێژەی قەبارەی خۆیان رۆڵیان هەبووە لەگەورەکردنی بارزانی و بچووکردنەوەی خۆیان ... ئەو هێزانە چەندین دەرفەتیان بۆ هەڵکەوت تا بتوانن ئەسپی خۆیان تاو بدەن، بەڵام هیچ هەنگاوێکیان نەناو هەم لەبەغدا هەم لەرووی نیودەوڵەتییەوە ئێستا لەتەوای هێزەکان بێهیوان کەبتوانن ببن بەبەدیلی پارتی.

شەشەم: دەسەڵاتدارانی بەغدا گویشتونەتە ئەو بروایەی کە ئەگەر بیانەوێت لەگەڵ هەرێمێکی بێ کێشە مامەڵە بکەن دەبێ ئەو مامەڵەیە لەگەڵ بارزانی بکەن نەک خەڵکی دیکە. تەنانەت لەم رووەوە بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانیش پشتی پێ نابەسترێت.

حەفتەم: بەهێزبوونی ئابوری یەکسانە بەهەبوونی جێگیری ئەمنی و سیاسی. هەر ریککەوتنێک لەگەڵ هەرێم بەبێ بارزانی سەقامگیری ناهێنێتە بوون.

هەشتەم: ئێستا بارزانی هیچ کام لەسیاسییەکانی کوردستان بەهاوتای خۆی نازانێت و چی بووێت ئەوە دەکات هیچ کەسێک لەگۆرەپانەکە نەماوە توانای راگرتنی بارزانی هەبێت.

نۆیەم: تیمی کورد لەحکومەتی عیراق ئەوانەن دەروێشانە گوێرایەڵی بارزانین، لەپاداشتی ئەوەدا دەبێت بارزانی بەجموجۆڵەکانی پشتگیرییەک بۆ دەروێشەکانی دروست بکات.

دەیەم: بارزانی دیکتاتۆر بێت یا خۆ سەپێن. هێزەکانی دەرەوەی پارتی سەرکەوتوو نەبوون لەبەغدا لۆبییەکی بەهێز دروست بکەن و بارزانی لەململانێکان وەدەر بنێنن.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە