باڵێکی گۆڕان دەیەوێت لەگەڵ پارتی رێککەوێت!!
کارزان سەباح هەورامی
PM:12:21---10-01-2017
ئه‌م بابه‌ته 22121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

چەند هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان، بەیاننامەیان بڵاوکردوەتەوە و لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، یەکێتی خۆڵ بەچاوی کادیر و ئەندامان و خەڵکی کوردستان دەکات، وەک خۆیان دەلێن، (نایەوێت رێککەوتنەکەمان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە)، ئەوەتا عەدنان عوسمان، کەسی نزیکی نەوشیروان مستەفا و هەڵسوڕاوی گۆڕان، دەڵێت: "باڵێکی پاوانخوازی یەکێتی نایەوێت ئەو رێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەلایەک شەریکەدزی نەوتە و لەلایەکی دیکە خەریکی واژۆکردنی رێککەوتنە لەگەڵ گۆڕان و لە کوردستان لە دەسەڵاتەو لەبەغداش ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە ئەگەر وابڕوات هەڵوێستی خۆمان لەم سنوورە لەگەڵ یەکێتی یەکلا دەکەینەوە".

لێرەوە دەنگی جیاواز لەناو بزووتنەوەی گۆڕان دەردەکەوێت، لەوە دەچێت ئەم دەنگە لە دەرەوەی خواستی نەوشیروان مستەفا بێت، چونکە کاتی خۆشی ئەم دەنگانە لەگەڵ ئەوە نەبوون گۆڕان بچێتە ژێر باری ئەو رێککەوتنە لەگەڵ یەکێتی، بەهەمان شێوەش لەناو یەکێتی دەنگێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە نەکرێت، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا پێی گوتم،(نەوشیروان مستەفا، تەواو بێ هیوابوو لە گۆڕان بتوانێت بە تەنیا ململانێی پارتی بکات، بۆیە ناچار بوو، لەگەڵ یەکێتی ئەو رێککەوتنە بکات، چونکە هێشتا لەناو یەکێتی کەسانێک هەن کە هەڵگری فکری نەوشیروان مستەفان)، واتە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان، چەندە بۆ ئەوەبوو کە بەیەکەوە ڕووبەڕووی پارتی ببنەوە، ئەوەندەش مەترسی لەسەر هەردوولا دروستکرد کە تووشی جیابوونەوە ببن، بۆ هەندێک کەسی هەردوولاش دەرکەوت ئەوەی کراوە تاکتیکە، لێرەوە هەندێک راستی سیاسی هەیە دەبێت بزانرێت.

یەکەم: پێشبینی دەکرێت سیناریۆی لەتبوونی یەکێتی لەناو گۆڕان ڕووبدات، گۆڕان بووە بە دوو ئاراستەوە، ئەو ئاراستەی کە لەسەرەتاوە، لەگەڵ ئەوەبوو، گۆڕان بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی لە حکوومەت پێکەوە کاربکەن، ئەم ئاراستەیە لەبەر ئەوەی نەوشیروان مستەفای لەگەڵ نەبوو، هەرزوو بوونە قوربانی، باشترین بەڵگە نیگەران بوونی هەرسێ وەزیرەکانی گۆڕان لە سیاسەتی حزبەکەیان، بۆیە ئێستا ئەو ئاراستەیە لەگەڵ ئەوەیە کە لەگەڵ پارتی بەهاوبەشی رێککەوتن بکرێت، بۆ دووبارە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و وەرەقەیەکی تازە بۆ دروستکردنەوەی حکوومەت پێکبهێنرێت، هەر فشاری ئەم رەوتەبوو وای کرد گۆڕان نەرمی بەرانبەر بە پەیامەکەی بارزانی بنوێنێت.

دووەم: بە هەردوو ئاراستەی باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی و ناوەندی بڕیار، لە نێوان دوو ئەگەردا ماونەتەوە، یەکەم ئەگەر هەردووکیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بن، دەبێت لە حکوومەت بکشێنەوە، دەست لە پرۆسەی حوکمداری و نەوت و بەڕێوەبردن هەڵبگرن کە ئەوەش ناکرێت، لەهەمان کاتدا ناتوانن لەگەڵ پارتیش بن، چونکە گۆڕان فشارێکی زۆریان بۆ دەهێنێت و دوور نییە لە سلێمانی تووشی کێشەیان نەکەن، بۆیە بە هەردوو ئاراستەوە ناتوانن بڕیاری کۆتایی لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان بدەن، ئەمەش خاڵی نیگەرانی گۆڕانە چونکە لەم کاتەدا پێویستی بە هەڵوێست و بڕیار هەیە، وەزیرەکانی لە حکوومەت دەکراون و پەرلەمانیش پەککەوتووە، کەوایە درێژە کێشانی ئەم رەوتە لەبەرژەوەندی نییە چونکە گۆشە گیربووە.

سێییەم: سەرجەم ئەو فشارانەی گۆڕان و یەکێتی بەکاریان لەدژی پارتی، شکستی هێنا، دواین کارتی تاقیکردنەوە پرسی رێککەوتن بو لەگەڵ نووری مالیکی و گەڕانەوە بۆ بەغدا بەڵام دەرکەوت کە نە یەکێتی نە گۆڕان، ناتوانن لەسەر هەولێرەوە، باز بدەن بۆ بەغدا ئەو پرۆژەش هەیان بوو نەیان توانی جێبەجێ بکەن، هەربۆیە ئێستا ئاراستەیەک لەناو گۆڕان گەیشتوەتە ئەو رادەی کە دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی حوکمداری کوردستان بکرێت، دووریش نییە لە دەرەوەی نەوشیروان مستەفا ئەو باڵە شەرعیەتی خۆی رانەگەیەنێت.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە