ئیتر ئاوایە
ئارام مەحمود
PM:09:23---18-04-2017
ئه‌م بابه‌ته 8785 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
ڕاستدەکەن ، بەبێ پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن، ڕاو ڕووت بکەن، ڕۆژنامەنوس بکوژن، خەڵک لەسەر شەقامەکان بدەنە بەرشەق، سوپای داگیرکەر بێنن، چاوی پیرەکان کوێربکەن، دەستی منداڵەکانمان ببڕنەوە، نەخۆش و ساغ لەناوبەرن، هەرچییەک دڵیان بێگرێ و حەزیان لێیبێت دەیکەن.

ئێستا مۆدیلی سیاسی و پیسخۆری لەوەدایە بڵێی، بەبێ پەرلەمانیش دەتوانین ڕیفراندۆم بکەین، ئەی گوایە پارتی ئەم هەموو ملقەویی و نەوتخۆرەی بۆ ڕاگرتووە، بۆ ئەشهەدوبیلا و شاهیدی درۆ نەبێت، ئیشی چی پێیانە؟.

پەرلەمان چیە؟ قانون و تەشریع لەهەرێمی کوردستان دەربچێت یان دەرنەچێت، چ بەهایەکی هەیە، کێ حسابی بۆ دەکات، چی لەبێدادی و یاساشکێنیەکان دەگۆڕێت، تۆڕی "یاسای کوردی" غەیری ماسی بچوک، کوا ماسیەکی گەورەی گرتووە؟ قانون بەلای ئەمانەوە لەکاغەز و مەرەکەب زیاتر هیچی ترنیە، زۆر بەسادەیی دەڵێن خۆمان نوسیومانە، ئەوە دەدرێنین و دانەیەکی تر دەنوسین.

ئەسڵەن ئەوانەی سەری زمان و بنی زمانیان کاراکردنەوەی پەرلەمانە، دەبێ چاک بزانن، تائێستا خاتریان گیراوە و دڵیان نەشکاندوون، چونکە پەرلەمان لەقاموسی ئەمانەدا شوێنێکی زیادەو ڕەزاقورسە، مەکانێکە بۆ چەلەحانێی بێزارکەر.

بۆیە زۆر ئاسایی وەرگرن، ئەگەر پێیانوتن لەپێناو برەودان بە پیشەسازی خۆماڵی، بارەگای پەرلەمان دەکەین بەگەوڕ، یان پێیانوتن، هەڵبژاردن چیە، ئەو خەڵکە بۆ بێنینە سەرجادە و بیاندەین بەگژیەکدا، سندوقی دەنگدان و تەنکەی خۆڵەکە چ جیاوازییەکی هەیە؟ هەر نایکەین.

ئیتر ئاوایە ، ئەی ئەوە نیە پۆستی سەرۆک بەیاسا ڕێکخراوە و خۆیان تێیانپەڕاندووە و ئیمزایان لەسەرکردووە، حسابی تورێكیشی بۆ ناکەن!!!






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە