سالار ئەرسەلان بۆ خۆی سوتاند؟
زانكۆ سەردار
PM:04:17---05-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 389 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لەچەند رۆژی رابردوودا كوێبیستی چیرۆكێك بووم بەم شێوەیە "كوڕێكی گەنج لەتاو قەرزای زۆرو فشار خستە سەری بەبەردەوامی لەلایەن خاوەن قەرزەكانەوە، ناچار بەوەی دەكات كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت‌و لەپاش خۆشی چەند منداڵێك بێ‌ باوك دەكات‌و ژنێكی گەنجیش رەشپۆش دەكات‌و جەرگی دایكێكیش دەسوتێنێت، لەكاتی بەخاكسپاردنیدا كۆی خاوەن قەرزەكان ئامادە دەبن، لەوساتەدا دایكی گەنجەكە بەدەم هەنسك‌و گریانەوە داوا لەخاوەن قەرزەكان دەكات گەردنی كوڕەكە ئازاد بكەن‌و لێی خۆش ببن، ئەوانیش هەموو پێكەوە گەردنی ئازاد دەكەن‌و لەكۆی پارەكانیان خۆش دەبن".

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، بۆ كاتێك ئەو گەنجە قەرزارە كەلەژیاندا بوو خاوەن قەرزەكان نەیانتوانی فشارەكانیان لەسەری كەم بكەنەوە لەكاتێكدا هەر خودی خاوەن قەرزەكان دەیانزانی دۆخی ئابوری‌و گوزەرانی خەڵكانی توێژی خوارەوە چەندە خراپەو ئەو گەنجەش یەكێكە لەئەندامانی توێژی خوارەوە هەڵبەت ئێستا دوو توێژ لە كۆمەڵگەدایەو توێژی سێیەم كە مامناوەندە بونی نییە، من وای دەبینم، یاخود بۆ خاوەن قەرزەكان نەیانتوانی ڕێگری بكەن لەبێناز كردنی چەند منداڵێك‌و رەشپۆش بوونی ژنێكی گەنج‌و سوتانی جەرگی دایكێك‌و بەزیندوی لەقەرزەكانیان خۆشببن نەك بەمردوویی؟ یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی مرۆڤ لەكۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە كە هەمیشە دەڵێن"زیندوو كوژی مردوو پەرست".

لەچەند رۆژی رابردوودا كۆمەڵێك نابینا لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە جەختیان لەوە دەكردەوە كە حكومەت سوكایەتی بەخاوەن پێداویستی تایبەت دەكات، ئەوان باسیان لەوە دەكرد بارودۆخی كەمئەندامان گەیشتۆتە ئەو رادەیەی خۆیان لەسەر جادە كاردەكەن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان، بەڵام حكومەت لەبری هاوكاری سوكایەتیان پێ‌ دەكات‌و بارو گوزەرانی كەمئەندامان گەیشتۆتە رادەیەك كە جەستەی خۆی بكاتە قوربانی، ئەوەش رێك بەنمونەی سالار ئەرسەلان كاتێك لەناوجەرگەی شارۆچكەی چوار قورنەدا ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات وەك دەربڕینی ناڕەزایەتیەكی گەورە لەدژی سیستەمی حكومڕانی ئەم هەرێمە پێنج ملیۆن كەسیە.

چیرۆكی سالار بەمشێوەیە دەستپێدەكات، ئەو ئەكێكە لە پێشمەرگە كۆنەكانی یەكێتی نیشتمانی كە حزبەكەی حزبێكی دەسەڵاتدارە، بەڵام سالار نەك ئەوەی نەیتوانیوە سود لە دەسەڵاتی حزبەكەی وەربگرێت بەڵكو بەپێچەوانەوە بۆتە یەكێك لەقوربانیانی ئەو سیاسەتەی یەكێتی لەناوچەكەدا پەیڕەوی دەكات، سالار خاوەنی سێ منداڵە، كە دووان منداڵەكانی نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیەو هاوسەرەكەشی كەمئەندامە، واتە لە ماڵێكی پێنج كەسیدا چواریان كەم ئەندامن‌و ئێستاش لەماڵێكی 70 مەتریدا گڵدا ژیان دەگوزەرێنن، سالاری تەمەن 44 ساڵ كە 57%ی جەستەی سوتاوەو لەنەخۆشخانەی (ئێمرجنسی سلێمانی چارەسەر وەردەگرێت، بەئومێدی چاكبونەوە)، ئەوەی لەپاش خۆستاندنەكەی سالار بینیمان سەردانی بەرپرسانی حكومی‌و حزبی بوو، بەشێوەیەك ئەگەر بهاتایەو بەر لەخۆسوتاندن سالار هەوڵی بدایە هەریەك لەو بەرپرسانە ببینێت (جگە لە بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كارو كاروباری كۆمەلایەتی سلێمانی)، ئاسان نەبووە ئەو بەرپرسانە ببینێت كە بەپێی خۆیان چونەتە لای سالار بۆ نەخۆشخانە.

ئەوەی ئەمڕۆ لەژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەدا دەگوزەرێت، هیچ نیە جگە لە نەزانین لەبەڕێوەبردنی وڵات‌و هەبوونی نایەكسانی تا ئەوپەڕی قوڵایی، هیچ نیە جگە لە بێ‌ ئەهمیەت سەیر كردنی تاكی كۆمەڵگە لەلایەن ئەو 100 كەسەوەی كە ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبەن، هیچ نیە جگە لە بێ رێزكردنی كەسایەتی تاكی كورد لەلایەن خاوەن دەسەڵات‌و تەنانەت حزبەكانی ئەم هەرێمە بەئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵاتەوە.

ساڵی 2018یەو گەنج‌و پیر، ژن‌و پیاو، گەورەو بجوكی ئەم هەرێمە وەرس لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دەیانەوێت وڵات بەجێبهێڵن‌و دەسەڵاتیش مێش میوانی نیە، لەئێستادا تاكە ئیشی دەسەڵات بەحسابی خۆی گەوجاندنی میللەتێكە لەڕێگەی دەیان جۆر لە سیناریۆ، دۆخی ژیان لەمن مەملەكەتە وای لێهاتووە، شتێك نەماوە بەناوی هەقیقەت لەكاتێكدا ئەگەر جدیترین مەترسیش لەسەر ئاسایشی تاك بوونی هەبێت بەهۆی بێ‌ متمانەیی هاوڵاتیان لەبەرامبەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمی كوردستانە، بۆیە لێرەوە ئەوەی دەمێنێتەوە ژیرۆكی پڕ لەناسۆری سالارەكانە كاتێك دەیەوێت ژیانێكی شەرەفمەندانەی هەبێت و هاوسەرو منداڵە نەخۆشەكانی چارەسەر بكات، بێ‌ كوێدانە چارەسەری تەندروستی خۆی، ئاخر سالارەكان لەپێناو ژیانێكی شەرەفمەندانە كوێ بەتەندروستی خۆی نادات‌و وەك هەمیشە خۆی دەكاتە قوربانی، ئەوە چیرۆكی سالار ئەرسەلان بوو.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە