کوڕەکانی ئەردۆغان بەرەوباوان دەبنەوە
هونەر تۆفیق
PM:03:45---02-01-2017
ئه‌م بابه‌ته 1140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
بەرەبەیانی پایزی ساڵی ٢٠٠٤ لە شامەوە گەیشتمەوە سنووری عێراق – سوریا، سەرمەرزی یەعروبیە. سەرەتای مانگی ڕەمەزان بوو، سورییەکان بەبڕێک لیرە کاری چوونەدەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان بۆ پێشخستم کە سەدان لۆری بەبارەوە بەرەو دیوی عێراق سەرەیان گرتبوو. چەند مەترێک ئەولاتر هاتمە خاکی عێراقەوە.
 زۆر گەڕام فەرمانگەیەک، بەشێک، هۆبەیەکی تایبەت بە مامەڵەی هاتنەناوەوەی عێراقم بۆ بکات.
 گوتیان ئەفسەری ئێشکگر پارشێو دەکات لە چێشتخانەکە. کەچوومە خزمەتی گوتی: بۆ خۆت سەغڵەت کردووە، هەرکەس دێتەوە داوادەکات پاسپۆرتەکەی مۆری هاتنەژوورەوەی لێنەدرێت کەچی تۆ پێچەوانەی ئەوان بەم مەلا بانگانە سەرودڵت گرتووم.
منیش گوتم : ئاخر دەمەوێت قاچاخ نەبم، بەڵگەیەکی فەرمیم هەبێت من هاتوومەتە ئەم وڵاتەوە .. ئەفسەرە پلەدارە عێراقیەکە کە نیوەی سەرەوەی پۆشاکی سەربازی بوو، نیوەی خوارەوەی بیجامەیەکی خەت خەتی لەبەرکردبوو گوتی: کابرایەکی سەیریت، فەرمی چی؟ و وڵاتی چی؟ ئەو هەزاران لۆریەی دەیبینت ڕۆژانە دێنە ئەمدیوەوە کەس لێیان ناپرسێتەوە بزانێت بارەکەی تی ئێن تی یە؟ دێنامیتە؟ مەفرەزەی قاعیدەیە؟ چییە؟ کە بەشار ئەسەد ئەمدیوی دەکات بۆمان! ئێستا بە فەرمی بوون و نەبوونی تۆ چی لە وەزع دەگۆڕدرێت؟ بەدەم بۆڵە و گلەییەوە هەر لەو چێشتخانەیەی پارشێوی لێدەکرد، مۆرەکەی لەگیرفانیدا دەرهێنا و هاتنەناوەوە ( دخولی ) لەسەر پاسپۆرتەکەم دا .

ڕێکەوت وەهابوو، شەڕی فەلوجە دەستی پێکرد، لەپاش سێ هەفتە،  دەبوو بگەڕێمەوە شام و لەوێوە بەرەو هەندەران. دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بەیانیەکەی گەیشتینە نزیک موسڵ لەیەکەم بازگەدا ڕێگەیان نەدا بچینە ناو موسڵەوە لەبەر ئەوەی شەوەکەی هێزەکانی قاعیدە، موسڵ و دەوروبەریان گرتبوو تا سەر ئەو سنوورەی لێوەی هاتمە ناوعێراقەوە. لە مەرزی ڕەبیعەوە قاعیدە بێ کێشە بووە هاوسێی دەوڵەتی سوری.
ناچار پاش دواکەوتنی چەند هەفتەیەک لە ئێرانەوە گەڕامەوە شوێنی خۆم .


لۆری و بارە سورییەکان کە (پشتیوانی ماددی و مەعنەوی) حکومەتی بەشار ئەسەد بوو بۆ قاعیدە لەدژی حکومەتەکەی عەلاوی و ئەمریکاییەکان ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە دروستبوون و فراوانبوونی تیرۆر لە عێراقدا، ئەوەتا لە بەرگی داعشدا هەمان ئەو هێز و چەکانەی کە بەشار ئەسەد پێشکەشی قاعیدەی دەکرد، بەرەوباوانی لاوی خۆی بوونەوە، ئەمڕۆ داعش سەرسەختانە لەدژی خۆی بەکاری دەهێنێتەوە و شەڕەکەی خستۆتەوە نێوماڵی ئەسەدەوە.

 ئەردۆغان لە سێ ساڵی ڕابردوودا هەمان ئەزموونی بەشار ئەسەدی دووبارەکردەوە. دەروازەکانی سنووری تورکیا-سوریای بێ قەیدوشەرت، بۆ هەرچی تیرۆرست و چەتە و کریمنالی دنیاهەیە کردەوە. دەیان هەزار مرۆڤی دڕندەی بە کۆمەکی ماددی و مەعنەویەوە ئاودیوی سوریاکرد. ئەو کوڕە جیهادییانەی ئەردۆغان لە گەڕانەوەی پێچەوانەدان، سەرەتاکانی لەو تەقینەوە و کوشتار و هێرشانەدا دیارن کە لەماوەی ڕابردوودا تورکیای تەنیووە .


کوڕەکانی ئەردۆغان لەهەرشوێنێکدا خەلەل و درزی ئەمنی بدۆزنەوە ئەوێ دەکەن بە نیشتمانی جیهادی خۆیان. لە ئێستادا تورکیا لەبارترین زەمینە بۆ کردە و جیهادە بێ سنوورەکەی ئەوان .
لەباری زەمینەی ئەمنی و سیاسی تورکیا بەتایبەتی لەپاش گرتن و دورخستنەوەی زۆرینەی کادیرە سەربازی و ئەمنیە لێهاتووەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەردۆغانەوە، بۆ کوڕەکانی ئەردۆغان بەهەشتێکی تری تیرۆر و کوشتن و بڕینە.

 لە ئێستاوە ئەو قەیرانە دەردەکەوێت کە لە پەرچەکرداری سیناریۆی کودەتاکەی مانگی حوزەیراندا دەستی پێکرد. ئەردۆغان پێی وابوو بەعوزرخوایی بۆ ڕوسەکان و پوتین، دەتوانێت لەناوخۆیی تورکیادا پێگەی خۆی قایم و تۆکمەبکاتەوە، بەڵام ڕوس بەپێی ئەزموونی شەش سەدە لە ناکۆکی لەگەڵ تورک دا، مەحاڵە ئەو هێزە بکەنەوە بەبەر ئەردۆغاندا تا بتوانێت ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئەنقەرە ببێتەوە.
لەلایەک شەڕی توندی کورد و ئەنقەرە گەرمتردەبێت. لەلایەکی ترەوە جگە لە بێ متمانەیی نێوان سوپا و ئەردۆغان، ژەنراڵەکان لەبۆسەدان بۆ خودی ئەردۆغان لەتۆڵەی ئەو هەیبەت و شکۆ شکاندنەی بە سوپای کردووە. باری ئابووری لە داتەپین و پاشەکشەیەکی خێرادایە. پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا ئابووری تورکیا بگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨ و هەرەسی لیرەی تورکی بەهۆی سڕبوونی بازاڕەوە. پەیوەندیەکانی ئەنقەرە بە یەکێتی ئەوروپاوە لەوپەڕی سستی و دژواریدایە.
ئیدارەی نوێی ئەمریکا – دۆناڵد ترامپ، نایشارنەوە کە تورکیا بە سەرچاوەی بارگژی ناوچەکە پێناس دەکەن. جەماوەرە گویلەینەکەی تورکیا، لایەنگرانی فەتحوڵا گویلەین لەو پەڕی دووبەرەکی و دژایەتیدان لەگەڵ حکومەتەکەی ئاک پارتی و خودی ئەردۆغاندا. کۆمەڵگەی تورکی لەناوخۆیدا دابەشبووە بەسەر بەرەی مەزهەبی توندڕەو و بەرەی جمهوریەت خوازدا .
 
لەناوخۆیی تورکیادا هەڵوێستە چاوەڕوان نەکراوە دژبەیەکەکانی ئەردۆغان مایەی دڵەڕاوکێی خەڵکی تورکیایە کە دەبینن ئەردۆغان سیاسەتی لەناکاو و کتوپڕی چاوەڕوان نەکراو پەیڕەو دەکات.
لەگەڵ ئیسرائیلیەکاندا پەیوەندیەکان تێکدەدات و پاش ماوەیەک هەرخۆی دەچێتەوە لایان ئاشتیان دەکاتەوە. نە لەتوڕەیی و نە لەئاشتبوونەوەیدا هیچ ڕەهەندێکی سیاسی ڕوونی نیە. لەگەڵ ڕوس و ئێرانیەکاندا بەهەمان شێوە. هێندەی وەک پیاوێکی سەرلێ شێواو سیاسەت دەکات، وەک سیاسیەکی دووربین و ستراتیژست پەیوەندیە سیاسیەکانی تورکیای ڕانەگرتووە.
پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا گەیاندۆتە لوتکەی ئاڵۆزی.
 کوڕەکانی ئەردۆغان ئەو بۆشایی و درزانە دەبینن کەوتۆتە دیواری ئەمنی و سیاسی تورکیاوە. بۆ ئەوان تورکیا دەروازەیەکی بەرینی ڕاستەوخۆیە بە ئەوروپاوە، بەهەشتێکی فراوانە جیهاد و تیرۆری لێوە بگەیەننە چەقی خۆرئاوا.
لە ئەزموونی سی ساڵی ڕابردووی تیرۆردا، ئەو هێزە شەڕانگێزانە ئەوەیان سەلماندووە کە ئەوان لەجیوگرافیایەکی دیاریکراو و لەیەک شوێندا بۆ ماوەیەکی درێژ نامێننەوە. لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەو کوڕانەی ئێستای ئەردۆغان، هەموویان لە ئەفغانستان کۆبووبوونەوە.
 پاشان ڕوویانکردە جەزائیر، دواتر بۆسنە و لەوێوە بۆ چیچان . ماوەیەکی زۆرە لە نێوان عێراق و سوریادان. سروشتی جێگۆڕکێ و فشارە سەربازەیەکانی سەریان وەها دەخوازێت بەرەو زەمینێکی تری جیهاد کۆچبکەن.
سەرەتای کۆچ و بنەوبار گواستنەوەیان لەو لێشاوە هێرشەی ئەمدواییەی سەر تورکیاوە دەردەکەوێت کە بنکە و پێگەی لەباریان لەو وڵاتەدا داکوتیبێت، بەرەوباوانی سەڵتەنەتەکەی ئەرۆدغان ببنەوە .





بۆ دکتۆرەکانی کوردایەتی!!
موبارەزە و سیاسەت و مەراسیم
ڕۆڵی برازا و مام : قبوڵ و ڕەفز
لە پێرسی کۆکسەوە تا برێت ماکگۆرک
هیلالی بەپیت - هیلالی شیعی
ماچەکانی پاش ڕاپەڕین
سیاسەتی گوریس جەڕان و دیبلۆماسیەتی گرێکردنەوە
پانزە هەزار کیلۆمەتر بە سێوێک
دەوڵەت بە کردە یان دەوڵەت بە فیکرە
کوژانەوە لە گیرفانەکانی بارزانیدا، حەفیدزادە و تاڵەبانی زادە بەنمونە
ناونیشانێکی نوێ بۆجەنگ : دۆزینەوەی ڕووبەرێکی تر
ڕیفراندۆم لەپێناو چەسپاندنی دیکتاتۆردا
لە کۆتایی ١١ ی سیپتەمبەردا
ئێمە باوکتمان بەسەرۆک نەویست ، ئەوە خۆت هەرنا !!
پێوستان بە شەراب فرۆشیە .. بۆ سەرکردەکان
12
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە