كشە بێ ماتەكان!
هونەر تۆفیق
PM:03:31---07-10-2018
ئه‌م بابه‌ته 375 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
جاری وا هەیە واپێویست دەكات كشێك بكەیت بەڵام ئامانج لە كشەكە بۆ ماتكردنی پادشاكە نەبێت، بەڵكە بۆ لەناوبردنی داشێكە لە ڕێگای ناچاركردنی لایەنی بەرانبەرەوە بەپێی یاسای یاری شەترنج  كە پاراستنی  پادشاكە لەپێشترە. لەپێناو كشی سەر پادشادا دەشێت وەزیر یان قەڵا یان فیلێك بكەیت بەقوربانی. ئەمەش لەگەمەی شەترنجدا پێی دەڵێن هێرشی كراوە. 

هێرشی كراوە لەشەترنجدا بێت یان لە یارییە سیاسیەكاندا ستراتیژێكی فرسەتگرە لەهەردوو ئاستی بەرگری و هێرشدا. كاتێك بەهۆی هەڵەی غەفڵەتێكەوە ڕووبەرێك بۆ لایەنی بەرانبەر دەكرێتەوە، ئیتر خۆت دەخەیتە بەردەم هێرشی كراوەی بەرانبەرەوە كە لەهەر گۆشەیەكدا خۆت حەشار بدەیت دەبێتە گۆشەی كوشندە. لەهەر كشێكدا داشێك لە بكەرەكانی یاریەكە لەدەست ئەدەیت.

لەگەمەی سیاسی دابەشكردنی پۆستە سیادیەكانی عێراقدا. پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هەڵەیەی كرد. خۆی خستە گۆشە كوشندەكەوە كە ڕووبەرێكی فراوانی بۆ لایەنی بەرانبەر كردەوە هێرشی كراوەی بكەنە سەر. لەكشی مەلیكی یەكەمدا، پارتی  كاندیدەكەی (فواد حسەین)ی لەدەستدا. لەكشی دووەمدا بە دانانی گەورە ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق (ئاراس شێخ جەنگی) كە ڕەزای لای پارتی شیرین نییە، هەموو دەرگاكانی سەرۆكایەتی كۆماری لێداخرا.

پێدەچێت لەكشی سێهەمدا بەدانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك (ئاڵا تاڵەبانی یان خالید شوانی) بەتەواوەتی گۆشەكە تەسك بێتەوە.
پارتی  بڕیاری دروستكردنی حكومەتێك بدات وەك دەڵێن بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت نەك وەك حكومەتەكانی پێشوو بە شەراكەت بێت لەنێوان پارتی و یەكێتیدا. لەو گۆشە كوشندەیەوە ئەو بڕیارەی پارتی لایەنی بەرانبەری هاندەدات كشی چوارەم بكات بەئیمزانەكردنی ئەندامەكانی خۆی لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردندا.

ئەگەر یەكێتی بداتە پاڵ ئەو هەڵمەتەی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ بۆ پەسەندنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. لەهەموو كشەكانی دیكە بەهێزتر دەبێت چونكە كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە پوچەڵ دەبێتەوە. تەنیا كارتەكەی هێزی بەرگریكردنی شەترنجەكەی پارتی لەیاریەكەدا سوودی نامێنێت. 

ئەم كشە یەك لەدوای یەكانەی ناو یاریەكە ترسێكی لەناو كۆنەستی سیاسی خەڵكدا دروستكردووە كە ئەنجامەكەی بە تەعادولی دوو ئیدارەیی كۆتایی بێت. سەرچاوەی ئەو ترسە بەشێكی لە یادوەری ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە كە باری ئابووری خەڵك بەهۆی ئابڵۆقەی ئابووری بەسەر عێراقەوە دووچاری كارەساتێكی دیكەی وەها ببنەوە. یان شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا بەرپا ببێتەوە. 

هەرچەندە عێراقی ئێستا عێراقی سەدام حسەین نییە، دەروازەكانی ئابووری كوردستان بەستراوەتەوە بە زیاتر لەدەوڵەتێكەوە. لەهەمان كاتدا پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداری و مالی ناكاتە كەرتبوونی نەتەوەیی و سیاسی هەرێمی كوردستان.

یەكێك لەكێشە گەورە و سەرەكیەكانی قەیرانی سیاسی و دارایی هەرێم بەهۆی ئەو مەركەزیەتە ئیداری و مالی یەوە دروست بووە كە لەهەیكەلی حكومەتی هەرێمدایە.

ئەو مەركەزیەتە جۆرێكە لە ئیفلیجكردنی ئابووری و ئیداری و سیاسی لەشارەكانی هەرێمدا كە هەست بەجیاوازیكردن بكرێت لەخزمەتگوزاری و بوژانەوەی ئابووری لەنێوان شارەكانی هەرێمدا.  نەهێشتنی مەركەزیەت و دابەشكردنەوەی دەستەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان بەسەر یەكە كارگێڕیەكانی شارەكاندا بەخۆی بەشێكە لەچارەسەری نەك دروستبوونی مەترسی. ڕەنگە ئەمە دوا كش بێت بەڵام كشێك بەبێ ماتكردن، لەپێناو چاكسازی و چارەسەری ئەو هەیمەنە و مەركەزیەتە سیاسی و داراییەی پارتی  لەهەرێمی كوردستاندا.







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە