کابینەی نۆهەم :حکومەتی موخابەرات
هونەر تۆفیق
PM:06:05---04-12-2018
ئه‌م بابه‌ته 962 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بەپێ ی ئەوەی حکومەتی نوێ ی هەرێمی کوردستان کاپتنەکەی مەسرور بارزانی دەبێت کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەرێنی و نەرێنی بەسەر ئەزموونی حوکمداری کورددا دێت۰ 

یەکێک لەو ئەگەرە باشانەی ئەو حکومەتەی پیاوی یەکەمی موخابەراتی کوردی سەرۆکایەتی دەکات پچڕاندنی سوپایەکە لە دابەستەی بەناو هونەر مەند و داهێنەر کە لە دەوری کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی کۆببونەوە ۰ ئەم سەرۆکە تازەیەی حکومەت بە پێ ی داخراوی مەیلە محافزکارانەکەی کەمترین پەیوەندی بەو زومرە مفتەخۆرانەوە هەیە کە لە کابینەکانی پێشوی ئامۆزاکەیدا ڕۆڵ و بایەخیان هەبووە هەروەها ئەو وەزیر و کاربەدەستانەی کە سەرچاوەی قەیران و گەندەڵەکانی حکومەتەکانی رابردوو بوون ئەم پیاوە مخابەراتیە لە حکومەتەکەی خۆیدا دوریان دەخاتەوە پێدەچێت بەشێک لە گەندەڵیەکانیشیان بخاتە ڕوو بۆ ئەوەی جیاوازی ئیدارەدانی خۆی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا نیشانی ڕای گشتی بدات۰

پەیوەندی هەرێم بە تورکیاوە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت لەبەر ئەوەی ئاستی پەیوەندی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ تورکیادا ٫ لە ئاستی شەخسی نێوان خۆی و ماڵباتی ئەردۆغاندایە بەڵام مەسرور بارزانی نزیکایەتی لەگەڵ میت و دەزگای سەربازی تورکیادایە ۰ چۆنیەتی و جۆری ئەو پەیوەندیەش کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی هەرێم بە ئەنقەرەوە۰ 

لەبەر ئەوەی دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم هێشتاکە لای سەرۆکی حکومەتە روون نیە ئالیەتی بە سەرۆکی هەرێم بوونی نێچیرڤان بارزانی کەی و چۆن دەبێت سەرۆکی نوێ ی حکومەت لە ڕێگەی پارلەمانەوە بە هەموارکراوی جارێکی تر ئەو دەستەڵاتانە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرۆکی ئایندەی هەرێم پێدەچێت بەشێکی هەر لای خۆی بهێڵێتەوە بەتایبەتی ئەو دەستەلاتانەی پەیوەندی بە ئاسایش و دەزگای مخابەراتەوە هەیە بۆ ئەوەی نەیار و بەربەستیەکانی بەردەمی نەهئڵێت۰

لە پەیوەندی بە شەریکە حوکمەکانیەوە بەتایبەتی بە یەکێتی نیشتمانیەوە، ئەزموونێکی جیاواز دەکەن بەپێ ی موحافزکاری و پەنهانیەکانی سەرۆکی ئەم کابینەیەوە شەریکەکانی حکومەت لە حیزبەکانی دیکە بە قۆناغێکی سەختی میزاج و بڕیاردا تێدەپەڕن بەتایبەتی جێگرەکەی کە بریارە لە پشکی یەکێتی نیشتمانی بێت، چونکە کابینەی نۆیەم دەبێتە کابینەی مەرجدار بۆ وەزیر و هاوکارەکانی نەک شەراکەتی هاوبەش لە بڕیار و بەرێوەبردندا۰






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە