یەکێتیی ناو پارتی
سەرهەنگ جەمال
PM:03:39---15-02-2017
ئه‌م بابه‌ته 900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

مۆدێلی حیزبی سیاسی لە باشور مۆدێلێکی تەواو ئۆتۆکراتیەو تاکە کەسێک بە تەنیا دەتوانێت حوکمی پێووە بکات. نەبونی دیالەکتیک و ئەڵتەرناتیڤ و جەمسەری جیاواز کە ببێتە هۆی گەشەکردنی بیری ڕەخنەیی و دواجار ئەم شێووەیەش لەبیری ڕەخنەیی بەقازانج بۆ خودی حیزب و هاوڵاتیانی دەرەوەی حیزب بگەڕێتەوە، تاکە گرفتی ترسناکی مۆدێلی حیزبی سیاسی کوردییە. ئەم شێوازە لەحیزب کە ئەمڕۆ باڵا دەستە لەسەر فەزای سیاسی، ئەو دۆخە بارگرانییە دەخوڵقێنێت کە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. چونکە تەواوی جومگە گرنگەکانی بڕیار دان بۆ یەک کەس لەناو حیزبدا دەگەڕێتەوەو لەوێووە تاکە کەسێک چۆنی بوێت بەو شێووەیە دۆخی سیاسی لەناو حیزبدا، بە ویستی خۆی ئاڕاستە دەکات. لەم ڕووەوە تەواوی حیزبە سیاسیە کوردییەکانی باشوور هەڵگری یەک شێوە ڕوخسارو ناوەرۆکی لەم چەشنەن و ناتوانن کادیری پێشەنگ و خاوەن هەڵوێستی جیاواز دروست بکەن. ئەگەرچی هەندێکجار لێرەو لەوێ هەندێک بیروڕای جیاواز لەناو هەر یەکێک لەم حیزبانەدا دەبینین، بەڵام دەبینین ئەم جۆرە دەنگانە کەمینەن و ناتوانن سەنگێک لەناو حیزبەکەی خۆیاندا دروست بکەن، ناتوانن حیزبەکانیان بەشێوازو ئەدایەکی نوێووە بخەنە سەر پێ. چونکە حیزب بەشێووەیەکی بنەڕەتی و بن بەست باوەڕی بەم جۆرە دیالەکتیکە نیەو کەسانی لەم شێووەیە لەناو خۆیدا پەراوێز دەخات. دواجار ئەم پەراوێز خستنەش یا سەر دەکێشێ بۆ دوور کەوتنەوەی ئەم دەنگانەو ون بونیان، یا پاڵیان پێووە دەنێت لەدواتردا لەناو حیزبێکی ترەوە سەر دەربهێنن. یەکێتی نیستیمانی وەک حیزبێکی سیاسی، یەکێکە لەم مۆدێلانەو گرفتارە بەدەست دروست نەکردنی وتاری لەڕیشە جیاوازەوە، وتارێک کە سەر بکێشێت بۆ ڕەخنە گرتن لە بنەماو ستراتیژیەتی حیزب و گۆڕینی لە دۆخێکی وەستاوەوە بۆ دۆخێکی نوێ. حیزب لە چەقبەستوی خۆی لەسەر چەمک و تێڕوانینەکانی بۆ سیاسەت و حوکمڕانی، دوور بخاتەوەو لەگەڵ واقیع و ڕوداوی نوێدا بیگونجێنێت. هەرچی وتاری جیاوازی ناو ئەم حیزبە هەیە، لەگەڵ ئەوەی وتاری جوداو ڕیشەیی نین، وتارگەلێکن ئەوەندەی لەسەر مانەوەی حیزبەکەیە وەک خۆی، ئەوەندە وتارێک نیە تەوژم و ڕوخسارێکی نوێ بە حیزب بدات. کە بێگومان وتاری لەم شێووەیەش دیسانەوە دەچێتەوە خزمەت ئەو هێڵە ئۆتۆکراتیەی لەسەرەوە حیزبی پێدا هاتۆتە خوارەوە. بۆیە دەبینین یەکێتی هەمیشە ئەم شێووە وتارەی بەگرنگ بینیووە، چونکە لەلایەکەوە لەقازانجی ستراتیژیەتی دەسەڵاتی ناو حیزب خۆی بووە، لەلایەکی تریشەوە توانیویەتی کەڵک لەم چەشنە وتارە وەربگرێت و حیزبەکە وەک حیزبێکی خاوەن وتاری جیاواز نیشان بدات، تاوەکو چوون حیزبێکی مۆدێرنە پێمان بناسێنێت. بەڵام ڕوداوەکانی ئەم دواییەی دۆخی سیاسی هەرێم، ئەم خەونەی یەکێتی بۆ دروست کردنی وێنایەکی نوێ بۆ حیزبەکە بەرەو کاڵ بوونەوە دەبات و دواجار دەبینین ئەوەی هەڵگری وتارێکی تەواو جیاواز بێت بۆ نوێ کردنەوەی حیزب و لەقاوغ دەرهێنانی، لەناو ئەم حیزبەدا بوونی نیە. ئەوەشی کە هەیە، لا تەریک کەوتووەو هیچ سەنگێکی نیە. چونکە بڕیاڕە گرنگەکانی ئەم دواییەی ناو یەکێتی دەکەونەوە ناو ئەو بازنە بچوکەی ناوی بڕیاردانی کەسێکە بەتەنیا. لێرەوە یەکێتی نیشتیمانی بەم ئەڵقە بچوکەی بڕیار دانەوە، دەکەوێتە بەردەم حیزبێکەوە کە نە دەتوانێت وتارێکی تەواو جیاوازی هەبێت لەگەڵیدا، کە وەک حیزبێکی تەواو هەڵوێست جیاواز نیشانمان بدات. نەدەتوانێت خۆی لەگەڵیدا بکات بەجەمسەرێکی ئەبستراکت و دەست بەرداری ئەو ڕوخسارە بێت کە ناوی یەکێتی نیشتیمانیە. چونکە لەم دۆخەدا بەهاو هاوسەنگی خۆی لە دەست دەدات، هەم لە ڕووی پێگەی جەماوەریەکەی و هەمیش لەو مۆدێلەی کە ناوی دابەش کردنی دەسەڵاتی پەنجا بە پەنجایە. چونکە حیزبی بەرانبەر کە پارتی دیموکراتە لەدۆخێکی وادا ناچار نابێت پەنجا لەسەدی دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی بە حیزبێک بدات کە پێگەی جەماری لەق بووبێت. بۆیە ئەم حیزبە هێواش هێواش بەدۆخێک دەگات تەواوی بڕیارە کۆتاییەکانی بە قازانجی حیزبێکی وەک پارتی بگەڕێتەوە. لەبەر ئەوەی یەکێتی خاوەنی دەمارێکی ئابوریە لەم هەرێمەو ناتوانێت دەست بەرداری بێت. دژ وەستان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی شێوازی حوکم و پێگەی بارزانی، یەکسان دەبێت بە مەترسیی لەسەر ئەو ئابورییە ژێر بەژێرەی دەستی دەکەوێت. کۆی ئەم دۆخەش کە هەمیشە بەقازانج بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، وامان لێدەکات نەتوانین شتێک ببینین بەناوی یەکێتی ناو یەکێتی، بەڵکو ئەوەی هەیەو دەیبینین یەکێتی ناو پارتیە. یەکێتی ناو پارتی، داتاشینی چەند وشەیەک نیە بەتەنیا، بەڵکو دەرئەنجامی پڕۆسەیەکی هێواشی سیاسەتی ئەم حیزبەیە کە سەرەتاکەی لەهەڵبژاردنەکانی 2009 وە دەست پێدەکات و تیایدا بەلیستێکی هاوبەش بەشداری دەکەن. لەم ڕووەوە تاڵەبانی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەڕەگ داکوتینی پارتی دیموکرات و نیشاندانی بارزانی وەک کاریزمایەکی سیاسی. قۆناغی دواتری سیاسەتی ئەم حیزبە بۆ بەرژەوەندی پارتی بەردەوام دەبێت و دەگات بەدرێژ کردنەوەی ویلایەتی دوەمی بارزانی و هێشتنەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات. یەکێتی ناو پارتی ڕوداوێکی نوێی سیاسیە کە بەرەو ڕووی دەبینەوە، ڕوداوێک تیایدا حیزبێکی خاوەن هێز هاوکێشەی سیاسی لەبەرژەوەندی پارتێکی تر دەشکێنێتەوە. ڕوداوێک دەبینین کە سودو دەرئەنجامەکەی لەبەرژەوەندی پارتیدایەو زیانەکەشی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. چونکە ئەوەندەی تر حوکمی موتڵەقی پارتی دیموکرات بەسەر هەرێمی کوردستانەوە تۆخ دەکاتەوەو دواجاریش پارتی دیموکرات وەکو حیزبێکی بێ نەیار دەهێڵێتەوە، ئەمەش وا دەکات ئەوەی بیخوازێت بێ سڵەمینەوە دەستی بۆ ببات. هەر لە جوڵاندنی سیاسەتی ناوەوەو دەرەوە، تا دەگات بە کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوی قورسایی ئابوری و ماشینەوەی بەویستی خۆی، لەئاکامیشدا ئەم دۆخە دروست دەبێت کەهاوڵاتیانی ڕوبەڕوی نەهامەتی و بارگرانیەکی سەخت کردۆتەوەو ناتوانن دڵنیا بن لەژیانی سبەینێیان.







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە