چاکسازی لەهەرێمی کوردستان یانی چی؟
شوان قەڵادزەیى
PM:03:22---17-02-2017
ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
چاکسازی لە کوردستان واتە بەقەولی بەڕێز دکتۆر بەرهەم دیاریکردنی ئەوبەرپرسە حزبی و حکومیانەی کە پارەی وڵاتیان ڕەوانەی بانکەکانی ولاتانی جیهان کردووە، لەگەڵ دادگایی کردنیان و گەڕانەوەی پارە و سامانەکانیان بۆ کوردستان، هەروەها هەڵوەشانەوەی بڕیاری خانەنشین کردنی ئەو بەرپرسە باڵایانەی کەبەپلەی وەزیرو جێگری وەزیرو بەڕیوەبەری گشتی و پلە بالاکانی سەربازی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەدای ئەو پلە و کارەیان نەکردووە.

هەروەها سزادان و دادگایی کردنی هەموو ئەو کەس و بەرپرسانەی کە لە پێناوی هیچدا لەبەرامبەر دانا غازدا دۆڕاندویانە و کوردستانیان و هاوڵاتیانیان ڕووبەڕووی قەیران و قەرزداری کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوانەش کە لە دۆسیەی نەوت تێوە گلاون و نەوتیان لەبری نیعمەت کردووەتە نیقمەت بۆهاونیشتمانیان.

چاکسازی واتە پاڵفتەکردن و بژارکردنی لیستی ڕاستەقینەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە لیستە وەهمی و نادیارەکان، هەروەها جیاکردنەوەی تێکۆشەرە دێرینەکانی پێشمەرگە لە لیستی خانەنشینی، لەو لیست و ناوانەی کە ڕۆژێ لە ڕۆژان پێشمەرگەنەبوون و کراسێکیان بۆنیشتمان و کوردپەروەری چڵکن نەکردووە و هەندێکیشیان لە سەنگەری دوژمنانی کوردابوون و ڕاوە پێشمەرگەیان کردووە.

چاکسازی واتە گەڕانەوەی موڵک و باڵەخانە و زەوی کشتوکاڵی کە بەرپرسانی حزبی و حکومی دەستیان بەسەرداگرتووە بۆموڵکی گشتی، چاکسازی ڕاستەقینە ئەوەیە دان بەهەڵەکانی ڕابردوودا بنرێت و داوای لێبوردن لە هاوڵاتیان بکرێت و هەموو ئەوانەی ڕۆڵیان هەبووە لەو شكستە و گەڕانەوەی کۆمەڵگە بەرەو هەژاری و داسەپاندنی پاشەکەوتی ئیجباری و داهێنانی بیدعەی چارەگە مووچە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لەگەڵ چەندەها دۆسیەی تر.

بەدڵنیایی هەمووئەمانە بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت ناتوانریت چاکسازی و پاکسازییان تیادا بکریت و هەر هەوڵێک لەوبارەیەوە جگە لەکات بەفیڕۆدان هیچی تری لێناکەوێتەوە و دۆخەکە بە بەستەڵەکی دەهێڵێتەوە.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە