وێنەکە لەدەرەوە بۆ ناوەوە
هاوکار حسێن
PM:01:14---18-10-2017
ئه‌م بابه‌ته 382 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ئێستا کاتیەتی سۆزو عاتیفە وەلابنرێت، هەتا تێبگەین چی رویدا لە 48 سەعاتی رابرودا، ئەوەی ئەیخەمەروو کورتە لێکۆڵینەوەیەکە و زۆرینەی رەهای تێڕوانینی نێودەوڵەتی و میدیای جیهانە بۆ کێشەکە و لەخوارەوە تەواوی لینکەکان دادەنێم. 48 سەعاتە ئەوەی دەبینرێت بریتیە لەو وێنانەی کە لەناوەوە دێنە دەرەوە و بەرژەوەندی کەسی و حزبی ناهێڵێت بزانین بەراستی چی رویداوە. هەوڵدەدەم بەوپەڕی هاوسەنگی وێنەکە رونبکەمەوە.

یاریزان و نادیەکان

بیهێنە پێشچاوت سەیری گەمەی بۆکسێن دەکەین لەنێوان دوو یاریزاندا، ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنها دوو یاریزانەکە و گۆڕەپانی یاریەکەیە. بەڵام ئەوەی نابینرێت مودەڕیب و خاوەن نادی و ئەو کۆمپانیایەن کە لەپشتی کامێراوەو لەناو جمهور دانیشتون و پلانی تۆکمەو تەکتیکی شەڕەکە دادەڕێژن. ئێستا رونە یاریزانەکانی شەڕی نێوان کوردستان و بەغدا بریتین لەپێشمەرگە بەرامبەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی. خاوەنی یاریزانی یەکەم تێکەڵەیەکە لەئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک لەوڵاتانی ئەوروپی، هی دوەمیش بریتیە لەبەغدا و ئێران و تورکیا. هەرچەندە وەزن و ماسولکەو شانوباڵی پێشمەرگە هیچی وای کەمتر نیە لەوەی بەغدا، بەڵام ئەوەی وایکرد یاریزانەکەی پێشمەرگە توشی ئەو زەڕبە بەهێزە بێت، تێکچونی شیرازەی راهێنەرە لۆکاڵیەکان و سەرەڕۆیی و گوێ نەدان بوو بەو تەکنیک و رێنماییانەی کە مودەریبە ئەمریکی و ئەوروپیەکان پێش یاریەکە بۆیان دیاریدەکرد.

یاریەکە چۆن دەستیپێکرد؟

کورد بەهۆی بردنەوەی لە پاڵەوانێتی شەڕی داعشدا، تا دەهات لایەنگرو خاوەندارێتی زیادیدەکردو نادییە ئەوروپی و ئەمریکی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان پێشبڕکێیان بو لەسەر بەدەستهێنانی، تەنانەت وەک ئیسرائیل چاوپۆشیشیان لێکردبو کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە نزیکەی تێکڕای ناوچە جێناکۆکەکان بەهێز بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. لەدیدی دەرەوە، کورد بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی خۆبژێو دروستبکات، دەبێت ناوچەیەکی دەوڵەمەند بەنەوتی وەک کەرکوکی هەبێت، ئەمە ئەسڵی حەساسیەتی هەمو وڵاتان و دونیایە لەبارەی کەرکوک. دەنا سەدام بەو هەمو زاڵمیەیەوە رازیبو کورد بەبێ ئەم شارە چی بوێت پێی بدات.

ململانێی مودەڕیبەکان

ململانێی مودەڕیبەکان کە ئێران و ئەمریکایە لە 2003ەوە بەپراکتیک لەعێراقدا هەیە، بەڵام هیچیان تا ئێستا نەیانوێراوە تەنانەت شان لەشانی یەکتریش بخشێنن. نزیکەی ۳ رۆژ لەمەوبەر ئەمریکا سزای پاڵپشتی تێرۆریستانی بەسەر سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاند، ئەمەش وەک ئیعلانی شەڕێکی ناراستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە وەرگیرا و تاران بۆ پاساوێک دەگەڕا تۆڵەی ئەمەی لێبکاتەوە، هەندێک لەمیدیاکان ئەو شەڕەی کەرکوک وەک تۆڵەیەک لێکدەدەنەوە کە ئێران یەکێک لەهاوپەیمانە بەهێزەکانی ئەمریکای تێکشکاندوەو دەیەوێت غیرەتی ئەمریکا بۆ کاردانەوە تاقیبکاتەوە. باشترین پاساویش بۆ ئێران ئەنجامدانی ریفراندۆم بو لەکوردستان، ئێستا ئێران گرتنی کەرکوک وەک بۆکسێکی کەمەرشکێن بۆ مەسعود بارزانی و مودەریبەکانی لێکدەداتەوە. عەلی ئەکبەر ویلایەتی گەورە راوێژکاری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "دروستبونی دەوڵەتی کوردی، واتە بونی ئیسرائیل بەتەنیشتمانەوە، بۆیە گرتنی کەرکوک ئەو پیلانەی پوچەڵکردەوە." لەبەرامبەردا ئەمشەو بەشێوەیەکی کرداریی راوێژکارە ئەمریکیەکان تەداخولیان کردوەو داوایان لەسوپای عێراق کردوە کە لەوە زیاتر پەلکێشی نەکەن و لێیان قبوڵناکرێت: "چەک و کەرەستەی ئەمریکی خراپ بەکاربهێنرێت." هەرچەندە خودی سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا تەنها ئەمەندەی وتوە: "ئێمە حەزمان بەوە نیە کە رودەدات، لایەنگری هیچ لایەکیش ناکەین". بەڵام لەچەند ئاستێکی باڵا و ناوەندی رەسمی ناو کۆنگرێس و نوێنەران دەنگی ناڕەزایی بڵند بوەو دەڵێن: چۆن دەبێت حکومەتی عێراق بەچەک و چۆڵی خۆمان و بەپشتیوانی ئێران پەلاماری بەهێزترین هاوبەشی ئێمە بدات".

پێشمەرگە چۆن کەوت؟

ئەگەر کورد ریفراندۆمی نەکردایە، بەغدا هەر داوای دەکرد بێتەوە ئەو شوێنانە، بەڵام هەرگیز جورئەتی نەدەکرد بەوشێوەیە لەشکرکێشی بکات، چونکە پاساوی نەبوو بۆ ئەوەی هێز بەکاربهێنێت، ئەمریکا دەیزانی ئەمە هەڵکشانی هەژمونی ئێرانە نەک شەڕی گەڕانەوەی خاک، دژی ئەوە نەبوە کە یەکێتی و پارتی بەرهەڵستی بکەن و تەنانەت بەسەراحەت پێی وتون ئەگەر لەخۆتان رادەبینن بەرگریی بکەن، بەڵام ئەو پاساوە دەستورییەی کە بەغدا هەی بوو بۆ هێرش، تەنانەت دەمی ئەمریکاشی بەستبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر سەرکردایەتی کورد یەک ریز بونایە و هەرچۆنێک بێت بڕیاری بەرگرییان دابایە، زیانی گیانی و مادی چارەگی شەڕی داعش نەدەبوو، لەئەنجامیشدا لەژێر فشاری رای گشتیداو بەپاساوی تێکەڵبونی سوپای قودسی ئێران، ئەمریکا ناچاردەبوو تەداخول بکات و شەڕەکە رابگرێت و ئەو ناوچانە دەبونە موڵکی کوردستان بەدیفاکتۆ، چونکە مەعلومە دەستورو یاسا لەعێراق بڵقی سەرئاوە. بەڵام بێمتمانەیی نێوان یەکێتی و پارتی بەیەکتر ئەم سیناریۆیەشی لەباربرد. ئێستا ئەم چیرۆکی دوبەرەکی و پشت لەیەکترکردنە کەوتۆتە دەم هەموو میدیا جیهانیەکان. تەسلیمکردنی کەرکوکیش وەک رۆژنامەی گاردیان نوسیویەتی: رێکەوتنێکی پێشوەختەی نێوان پافڵ تاڵەبانی و قاسم سولەیمانی بووە. لەوە دەچێت پارتیش بۆئەوەی ئاگری شەڕەکە بەتەنها ملی ئەو نەگرێت، ئەویش قیروسیای لەمەخمور و شەنگال و ناوچەکانی لای خۆی کردبێت. دوای لێدوانەکە عەبادی کە وتی هیچ رێکەوتنێک نیە بۆ دروستکردنی هەرێمی نوێ، ئێستا بەدوور نازانرێت رێکەوتنەکەی نێوان سولەیمانی-باڤڵ تەنها تاکتیکێک بێت و لەلایەن بەغداوە بەپاساوی نارەسمیەوە، پوچەڵبکرێتەوە.

زەڕبە قازییە

کاربەدەستێکی گەورەی کورد بە گاردیانی راگەیاندوە کە ئێستا ئیسرائیلیش خۆی لێ بێدەنگ کردون. ئەمەش واتای ئەوەیە کە کاتێک ئەمریکا دەبینێت یاریزانەکانی خەریکی خۆخۆرین و لەژێرەوە دەست لەگەڵ نەیارەکانی تێکەڵدەکەن و رێنماییەکانی پشتگوێدەخەن، ئیدی ئەویش بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و لێدەگەڕێت باجەکەی بدەیت. بۆیە بەهۆی جوڵەیەکی هەڵەی وەک ریفراندۆمەوە کورد لەماوەی ۳ رۆژدا نزیکەی 36 هەزار کم چوارگۆشە کە دەکاتە %40ی زەویەکەی لەدەستداو ئێستا پێشمەرگە لەناو حەلەبەی یاریەکەدا لەگۆڕەپانی کەرکوک و خانەقین و باشیق و شەنگالدا بەدەمدا کەوتوەو پێناچێت مودەڕیبەکانیشی بەوزوانە بچنە ژێر باڵی و هەڵیستێننەوە؛ خۆ ئەگەر تازە خۆیشی ورە بداتە بەر خۆی و هەڵسێتەوە؛ ئەوا بەهۆی بەهێزی زەڕبەکانەوە کە ئەمجارە بەر "دڵی" کەوت، وا زوو نایەتەوە جێی جارانی.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە