بەڵێ بە ٢٤ کورسی هیچمان پێ ناکرێ
مەجید ساڵح
PM:12:34---15-03-2018
ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

(١)
بزوتنەوەی گۆڕان لە قۆناغی یەکەمی کاردنیدا (٢٠٠٩-٢٠١٣) بە ٢٥ کورسییەوە رچەی ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینەی شکاند و پەرلەمانی لە پەرلەمانێکی نیوە مردوو کرد بە پەرلەمانیکی رەقیب و چاودێر بە سەر حکومەت و کۆمەڵی یاسا و بڕیاری مێژوویی بە هاوکاری کۆمەڵ و یەکگرتوو لەو قۆناغەدا دەرکرد و بۆ یەکەم جار لە مێژووی پەرلەماندا بودجەی هێنایە پەرلەمان و لەوێوە بڕیاری لەسەردرا. گۆڕان بە ٢٥ کورسیەوە هەر ئەوەی پێکرا کە کردی.
(٢)
لە قۆناغی دووەمیدا (٢٠١٣....) بە دروشمی بەرەو دەسەڵات چووە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣، بەڵام بە هەر فرت و فێڵێک بێ رێژەی کورسیەکانی گۆڕانیان دابەزاند بۆ ٢٤ کورسی. بەڵام گۆڕان سور بوو لەسەر ئەوەی ئەمجارە لە حکومەتەوە کارە ریفۆرمیستەکانی ئەنجام بدات.. بۆیە سەرەتا کاک نەوشیروان لە رێگەی نەجمەدین کەریمەوە داوای لە یەکێتی کرد کە پێکەوە هاوپەیمانییەک پێک بهێنن بۆ ئەوەی حکومەت لە دەستی پارتی دەربهێنن، مەلا بەختیار بۆ رۆژی دوایی لە رۆژنامەی "الشرق الاوسط" رایگەیاند کە ئەوان لە پشتەوە خەنجەر لە هاوپەیمانە ستراتیژەکەیان نادەن و لە گەڵ گۆڕان رێک ناکەون..
کە داواش لە یەکگرتوو و کۆمەڵ کرا با لە رێگەی هاوپەیمانیەوە زۆرینەی پەرلەمانی دروست بکەن و حکومەت پێک بهێنن، ئەوانیش ئامادە نەبوون..
دوای مفاوەزاتێکی ماراسۆنی دورودرێژ بەناچار بە کۆەمەڵیک مەرج لە گەڵ پارتیدا رێک کەوت، بەڵام دوای ماوەیەک پارتی ویستی دەستەمۆی گۆڕان بکات و بیکاتە شەریک لە کردەوەکانی ٢٤ ساڵی رابردوودا، کە گۆڕان ملی نەدا، پەرلەمانی پەک خست و وەزیرەکانی گۆڕانیشی دەرکرد و دوایی لە گەڵ یەکیتی و یەکگرتوو هەم حکومەتیان کارا کردەوە هەم پەرلەمانیشیان بەو شێوەی کە دەیانویست خستەوە گەڕ. گۆڕان بە ٢٤ کرسیەوەهەر ئەوەی پێکرا کە رێگری بکات لە دروست کردنی سیستمێکی بنەماڵەیی و سەرۆکایەتی هەتاهەتایی..
(٣)
جارێک هاووڵاتییەک گلەیی لای کاک نەوشیروان کرد کە بۆچی هەندێ لەو بەڵێنانەی کە داوتانە بە خەڵک جێبەجێتان نەکردوە، لە وەڵامدا کاک نەوشیروان وتی چونکە ئێمە لە پەرلەمان تەنیا ٢٤ کورسیمان هەیە و ناتوانین ئەو پرۆژە یاسایانەی کە دەیبەینە پەرلەمان تێپەڕێنین، با خەڵک دەنگی زیاترمان بداتێ تا ئێمەش بتوانین بەڵینەکان جێبەجێ بکەین..
بەڵێ وایە.. ئەگەر قەرارە ئێمە باوەڕمان بە خەباتی پەرلمانی هەیێ، ئەوا تا زۆرینەی خەڵک دەنگ بەو لایەنانە بدەن کە چەندین جار تاقیکراونەتەوە کە قووت و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە تاڵان و بڕۆ دەکەن، هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانی بە ٢٤ ،.... کورسی کۆتایی بەم سیستمە بهێنێ..
هەر لەر بەر ئەمەشە ئەم جارە هەردوو حزبی دەسەڵات کەوتوونەتە خۆیان و کە دەزانن خەڵک متمانەیان پێیان نەماوە، بە هەموو توانایەکیانەوە هەوڵ دەدەن لە رێگەی لیستی سێبەرەوە، کورسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کەم بکەنەوە..
بۆیە دەبێ ئەمجارە خەڵکی کوردستان رێگری بکەن لە گەڕانەوەی هەر دوو حزب بۆ دەسەڵات و متمانەی خۆیان بە گۆڕان بدەنەوە، بەڵام بە کورسی زیاترەوە..





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە