بەشوێن پێی نەوشیروان مستەفا یانی چی؟!
مەجید ساڵح
PM:06:06---10-05-2018
ئه‌م بابه‌ته 1187 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


مەجید ساڵح
کاک نەوشیروان لە دوا قۆناغی کاری سیاسیدا سێ هەنگاوی گەورەی نا و بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان دەبێ درێژە پێدەری بن:
(1)
ئاینی ئیسلامی لە چنگی حزبە ئیسلامیەکان رزگار کرد، کەلەدوای راپەڕین بە هەوەسی خۆیان لە رێگەی ئیستیراد کردنی ئەفکارو ئەزموونی وڵاتانی وەک میسر و سعودیە و... ئیسلامێکی نامۆ بە کوردەوارییان دروست کردبوو. کاک نەوشیروان لە رێگەی هەوڵە شەخسیەکانی خۆی و میدیاکانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوکاری کۆمەڵێک مەلای منەوەر و ئاشنا بە ئیسلام وکۆمەڵگای کوردەواری، بە هەزاران خەڵکی ئاین پەروەری لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان کۆ کردەوە و مەسەلەی خواپەرەستی دایەوە دەستی خۆیان و کردنی بە پشتیوانی بزاوتێکی کۆمەڵایەتی - سیاسی کە ئامانجەکەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێ.. لەبیرمە جارێک هاوڕێیەکی گۆڕانخوازی چەپ بە کاک نەوشیروانی وت: بۆ لە گەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی بویتە هاوپەیمان؟ لە وڵامدا وتی ئێمە تا ئێستا پێکەوە چەندین پاکێجی چاکسازیمان ئامادەکردوە، تۆ ئەو پاکێجانەت خوێندوەتەوە؟ هاوڕێکە لە وڵامدا بەڵێ. کاک نەوشیروان وتی لە کوێی ئەو پاکێجانەدا باسی ئسیلامی سیاسی و خواستی ئیسلامی سیاسی کراوە؟ لە هەر هەمویاندا چاکسازی ئیداری و سیستمی سیاسی و ئابوری کراوە، کەی داخوازی ئیسلامی سیاسی هەبوو، لیمان قەبوڵ مەکەن... لەدوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تەماشایەکی بەرنامەی حزبە ئیسلامیەکان بکەن، چەند گۆڕانیان بەسەردا هاتووە...
(2)
هەرچەندە لە دوای راپەڕینەوە کاک نەوشیروان بۆ یەک دەقەش تێکۆشانی سەردەمی شاخی بەکارنەهێناوە بۆ هیچ مەبەستێک، بەڵام لەدوای دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان بەکارهێنانی خەبات و تێکۆشین و سەروەری سەردەمی شاخی بۆ بەدەستهێنانی پلەوپۆست کرد بە عەیبە و کارێکی وای کرد بە هەزاران گۆڕانخواز کە سەردەمانێک لە شاخ و لە زیندان و لە خەباتی نهێنیدا قارەمانی سەردەمی خۆیان بوون، ئەو شانازییەیان لە خۆیان داماڵی و رێگەیان بۆ دەیان گەنج خۆش کرد کە لە حکومەت و پەرلەماندا ببنە خاوەنی پلەوپۆست.
(3)
پێش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەرێمی کوردستاندا دەیان رێکخراو و گروپ و دەستە و تاقمی سیاسی و دەزگای رۆژنامەوانی و رێکخراوی کۆەمەڵی مەدەنی هەبوون کە بە پەرشوبڵاوی خەباتیان دەکرد بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادی بیروڕا.. ئەمانە هەرگیز نەیانتوانی ببنە گوشار بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی. بەڵام کاک نەوشیروان لە رێگەی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لە دەوری بزوتنەوەکەی کۆ کردەوە و وزە و تواناکانیانی رێکخست و هەلی بۆ زۆربەی چالاکوانانی ئەو رێکخراو و گروپانە خۆش کرد لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا رۆڵی سەرکردایەتی ببینن و لە میدیاکانیشەوە وزەو تواناکانیان بخەنەڕوو. ئەم کارەی کاک نەوشیروان بزاوتی چاکسازی لە هەرێمدا زۆر پێش خست، لە ئێستادا لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەشی زۆری ئەو کەسانە وەک یەک تیم کار بۆ دادپەروەری و ئازادی دەکەن..و بە شوێن پێی ئەودا هەنگاو دەنێن ..







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە