چەند قسەیەک لە گەڵ رابوون مەعروف، نابێ بەیعەت گۆڕین حەقیقەت بگۆڕێ
مەجید ساڵح
PM:04:04---19-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 1141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەرگیز بڕوام بە وەڵام دانەوەی درۆ و بوختان نەبووە و نابێ، بەڵام کە کار گەیشتە درۆ و بوختانی شاخدار و بۆ مەرامی سیاسی ئەوە ناچارم هەندێ حەقیقەت روونبکەمەوە.
گەر لای خەڵک مەعروف نەبێ کە رابوون مەعروف، بۆچی لە بزوتنەوەی گۆڕان وازی هێناوە ئەوا بۆ من لە زووە مەعلومە چونکە خۆی لە نامەیەکدا بۆی نوسیووم "من تا کاک نەوشیروان مستەفا زیندوو بوو بەیعەتی سیاسیم بەو دابوو، ئێستا کە مردووە، سەربەستم بەیعەتەکەم بدەم بە یەکیکی تر". فیعلەن سەربەستە و ئێستا بەیعەتی سیاسی داوە بە شاسوار عبدولواحید.
سەبارەت بە بوختان و درۆکانی بۆ ئەوەی کێ لە گەڵ ئەوەدا بوو بچینە ناو حکومەت و کێ لە گەڵ ئەوەدا نەبوو پێم خۆشە ئەم زانیارییانە بخەمەروو:
یەکەم: ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی بەدەست هێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان و گرتنە دەستی دەسەڵات، کەمپینی هەڵبژاردنەکەمان بە دروشمی "بەرەو دەسەڵات" دەستی پێ کرد.. بەڵام لە هەڵبژاردنەکەدا تەنها ٢٤ کورسیمان هێنا و فراکسیۆنی دووەم بووین نەک یەکەم. بۆیە نەمانتوانی حکومەت پێکبهێنین..
دووەم: بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکەمان و دروستکردنی فراکسیۆنی زۆرینە، تا راسپێرێن بۆ تەشکیل کردنی حکومەت، کاک نەوشیروان نەجمەدین کەریمی بانگ کرد و داوای لێکرد بە مەکتەبی سیاسی خۆیان بڵێت کە ئێمە ئامادەین هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان یەک خەین و زۆرینەی پەرلەمانی پێکبهێنین و حکومەت بگرینە دەست و پارتی بکەین بە ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت وتی با سەرۆک وەزیرانیش لە ئێوە بێت، بەڵام هەر ئەو رۆژە کە پەیامەکەی کاک نەوشیروان گەیشتە مەکتەبی سیاسی مەلا بەختیار بۆ رۆژنامەی الشرق الاوسگ رایگەیاند کە ئێمە لە پشتەوە خەنجەر لە دۆستەکانمان نادەین.. بەم جۆرە پرۆژەکەی هەرس پێهێنا.. (لە دیدارێکیدا لە گەڵ کادیرەکانی یەکێتی لە هەولێر وستافی کوردستانی نوێدا ئەمەی بۆ باسکردن)
سێیەم: پاشان کاک نەوشیروان هەمان پێشنیاری لە گەڵ کۆمەڵ و یەکگرتووش باس کرد، ئەوانیش نەچوونە ژێر بارەوە.
چوارەم: وەک ئاشکرایە کاک نەوشیروان رۆژانە سەدان خەڵکی دەبینی یان خۆی پەیوەندی پێوە دەکردن، لەسەروبەندی جوونە ناو حکومەت و نەچووندا پرسیاری سەرەکی کاک نەوشیروان لەو خەڵکەی کە دەیبینین ئەوە بوو بچینە ناو حکومەتەوە یان نا؟ وڵامی زۆرینەی خەڵکیش ئەوە بەڵێ بچن بەڵام بەمەرجێ پرۆژەکانتان جێبەجێ بکەن.. دوایی کاک نەوشیروان چەند جارێک سەردانی کاک مەسعودی کرد و لە سەر هەندێ خاڵی سەرەتایی رێکەوتن و پاشان لیژنەیەک پێکهێنرا و لە ئاکامدا گەیشتن بەو دەرئەنجامەی کە بەشداری حکومەتمان کرد، بەڵام بە رەزامەندی هەموو لایەک نەک چەند کەسێک وەک لە بوختانەکەدا هاتووە..
یەکێک لە قەناعەتەکانی کاک نەوشیروان هەمیشە ئەوە بوو کە "کورد بە درێژایی چەندین ساڵ ماڵێکی دروست کردوە کە بەری رەنجی خوێن و فرمێسکی خەڵکە، ئێمە دەمانەوێ ئەم ماڵە لە کوێ خراپە چاکی بکەین، نەهاتوین بۆ روخاندنی".. هەر بۆیە چی لە سەردەمی پێش بزوتنەوەی گۆڕان و چی لەسەردەمی کۆمپانیای وشە و چی لەسەردەمی چوونە ناو حکومەتیش هەم وەک خۆی و هەمیش وەک بزوتنەوەی گۆڕان و لە گەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوویشدا بەردەوام پرۆژەی ئیسڵاحی داوەتە حکومەت .. جا ئەو پرۆژەیە کێ جێبەجێ دەکات، بەڵای کاک نەوشیروانەوە گرنگ نەبووە.. چوونی بزوتنەوەکەش بۆ ناو حکومەت و پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە بووە، تا پێشی کرابێ ریفۆرمی لەو داودەزگایانەدا کردوە، کە نەشکرابێ دوو هۆکار هەبووە، یان رێگرییەکانی دەسەڵاتداران بووە، یان کەسانی نمەک حەرام (هیڵکەی پیس) کە بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕیوون و پلەو پۆستیان وەرگرتووە..
پیاوەی مەرد ئەوەیە با بەیعەتەکەشی بگۆڕێ، بەڵام درۆ و بوختان هەڵناەستێ..





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە