با ئەزموونەكە تێكبچێت
‎محەمەد نوری ئەحمەد
PM:06:45---14-10-2017
ئه‌م بابه‌ته 1584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

پارتی و یەكێتی وەك دوو حزب كە خاوەن دەسەڵاتێكی شكستخواردوون لە بەڕێوبردنی  ئەم وڵاتەدا،  گەر لە هەموو بوار و هەنگاوێكی سیاسییدا شكستیان هێنابێت ونەیانتوانبیت سەركەوتووبن ئەوا لە دروستكردنی قەیران و کێشە و شەڕ وبرسێتی  داهێنەری راستەقینەی ناو گۆڕەپانەكە بوون .
ئەم دوو حزبە لەنانەوەی پشێویی وقەیراندا دوو جمكن و هیچ كات بێ یەك هەڵناكەن بەتایبەت دوابەدوای ئەوەی هەردووكیان بوونەتە دوو ئەمارەتی نەوت ، لەكوێدا پێویستیان بە دروستكردنی قەیران وگرفت بووە توانیوویانە زیرەكانە دروستی بكەن، بۆ ماوەیەكی زەمەنی درێژ هاوڵاتیانی هەرێمیش موبەتەلای قەیرانەكانیان بكەن .
ئەم دوو حزبە یان راست بنووسین(ئەم دوو دەستەیەی كە بەرژەوەندی نەوت پێش بەرژەوەندی نەتەوە دەخەن)لە ئەزموونی شكستخورادووی ٢٦ساڵی پێشوویان بەردەوامن ودەیانەوێت بە دروستكردنی قەیران ودوژمنی خەیاڵیی و دروشمی ئەزموونەكەمان لە مەترسیدایە بەردەوامی بە مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بدەن .ئەم دوو حزبە بە دروستكردنی قەیرانی نوێ سیفەتی بەردەوامی لە حكومڕانی دەدەن بە خۆیان . ئەوان لە نە خشەیەكدا كاردەكەن كە تا قەیرانەكان زیاتربێت ، تا ترس ودڵەراوكیی خەڵك بگاتە تروپك ، مانەوەی خۆیان مسۆگەرتردەكەن .
ئەم دوو حزبە وەك دوو حزبی جیا بەڵام ئەوەندە لەیەكدەچن رەنگە تەنها بەناوەكانیان لێكیان جیابكەیتەوە ،هیچ كات ئامادەنەبوون ئەزمونێكی حكومڕانی دروست وكامڵ ورەشید پێكبهێنن، بەڵكو لە سەرەتاوە كاریان بۆ ئەوەبوو هەر چۆنێك بێت لە دەسەڵاتدا بمێننەوە  ، ئەمەش تەنها  لە پێناو دەسكەوتی زیاتر وتاڵانكردنی ئەم هەرێمەیە لەڕێی دروستكردنی  قەیرانی بەردەوامەوە  .
نیەت وهەنگاوی باشكردنی دۆخی هەرێم هیچ كات لەبەرنامەی ئەم دوو حزبەدا نەبوە ونابێت .تەنانەت  لەسەرەتاشەوە نەیانویستوە دەسەڵاتێكی دیموكرات وئازاد درووستببێت .گەراس ستانسفلێد كە تۆێژەرێكی بەریتانییە  لە تێزی دكتۆراكەی كە لەبارەی حكومڕانی كوردییە لەسەرەتای راپەرین تا سەرەتاكانی ساڵی ٢٠٠٠، بەمشێوەیە پێناسەیەكی دروستی ئەم دوو حزبە دەكات و دەنوسێت:پارتی ویەكێتی هەرلەسەرەتاوە بەرژەوەندی خۆیان پێش بەرژەوەندی خەڵكی كورد خست، هەموو سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێم بۆ گیرفانی خۆیانە، دەرفەتی بەڕیوبردنێكی دروست وشیاوی حكومڕانیان لە هەرێمی كوردستان لە ناوبرد. لە بەشێكی تری تێزەكەی ستانسفلێد دەنوسێت :لەسەرەتای حكومڕانیی پارتی و یەكێتییەوە ئەو خواستە بەدی نەدەكرا كە هەوڵبدرێت سیستەمێكی یەكگرتووی فەرمانڕەوایی پایەداربكرێت .
ئەم قسانە یەك دێڕ تۆخدەكەنەوە كە ئەوەش ئەوەیە: ئەم دوو حزبە لە سەرەتاوە باوەڕیان بە ئەزموونی حكومڕانی دروست و یەكگرتوو نەبوە ناشیانەوێت سیستەمێكی سیاسی كامڵ و دیموكرات بهێنە ئاراوە .بۆیە خەون و تەنانەت خەیاڵێكی تەواو شاعیرانەیە ئەگەر لەو بڕوایەدابین كە پارتی ویەكێتی كار بۆ بونیادنانی  سیستەمێكی حكومڕانی تەواو بدەن .ئەوان حزبی دروستكردنی قەیران و كێشەن نەك حزبی چارەسەركردنی قەیرانەكان .ئەوان حزبی ناراشیدی بەڕیوبردنن، نەك حزبێكبن بۆ دامەزراندنی پایەكانی حكومڕانییەكی رەشید لەم هەرێمەدا. پرۆسەی ریفراندۆمیش پرۆسەی شاردنەوەی قەیرانەكان ودروستكردنی چەندان قەیرانی تربوو،  بۆئەوەی هەناسەی مانەوەی ئەم دوو حزبە لە دەسەڵاتدا درێژتربكرێتەوە  ، چونكە پارتی ویەكێتی بە  دروستكردنی قەیرانەكان ئۆكسجینی مانەوەی دەسەڵاتیان مسۆگەردەكەن .
ئەزموونی ٢٦ساڵ لە دەسەڵاتی ئەم دوو حزبە بە هەموو پێوەرەكان ئەزموونێكی شكستخواردوو بووە، دەمێكە كاتێتی خاڵێك لە دوا دێڕیدا دابنرێت  وكۆتایی بەم ئەزموونە لە دەسەڵات بهێنرێت كە پارتی ویەكێتی دایانمەزراندوە .گرنگ كۆتایی هاتنە و بەس.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە