چی روویدا؟
‎محەمەد نوری ئەحمەد
PM:01:06---18-10-2017
ئه‌م بابه‌ته 1447 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ئەوەی تەنها دور لە عاتیفەو لایەنداری حزبی تەماشای دۆخەكە بكات ،درك بەوە دەكات كە ئەم دوو حزبە لەماوەی ٢٦ساڵی پێشووی حكومڕانیدا جگە لە نەهامەتی وشكست هیچ وانەیەكی نوێیان لە سیاسەتكردن وبەڕیوبردنی ئەم وڵاتە پێشكەش نەكردوە .لە دوای راپەرینەوە هەتا ئێستا هاوڵاتیان لەم هەرێمەدا بوونەتە قوربانی شەڕە بەرژەوەندی وپاوانخوازی وئابوریخوازی ئەم دوو حزبە ،هەمیشە بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر حكومڕانی یان بوونەتە سوخرەكێشی ئالی عوسمانی نوێی یان ریاكەربوون بۆ ئێران یان نوشتاوونەتەوە بۆ بەعس ،لەبەرئەوەی لەبنەڕەتدا پارتی ویەكێتی  هەڵگری هیچ گوتارێك نەبوون لە بەرگریكردن لە نەتەوە، وبونیادنانی حكومڕانییەكی رەشید و بەهێز بۆ كورد .
ئەوەی ئێستا روودەدات دۆخێكی ئاسایی وچاوەڕوانكراوبوو لە شكستی سیاسیی وجیهانبینی ئەم دووحزبە بۆ هەموو پێشهات وخوێندنەوەكان .
شاكر نابلوسی كە بیریارێكی  عەرەبە تێڕوانینێكی بەسەلیقەی هەیە لەسەر دەسەڵاتی شۆڕشگێرەكان ، ئەو دەنوسێت:ئەوە جێی  مەترسی نییە كە شۆڕشگێڕەكان  دەسەڵات وەربگرن ،مەترسی گەورە ئەوەیە كە ئەمان دەبنە بازرگان ،چونكە ئامادەن هەموو شتێك لە وڵاتەكەیاندا بكەن بە  قوربانی  تەنها بۆ مانەوەی خۆیان.
پارتی ویەكێتی وەك دوو حزب كە ئێستا لەخەمی بازرگانی گەورەدان، هەر بۆیەئەو دەستانەی  ئەم دوو حزبە دەبەن بەڕێوە بەدروشمی نەتەوایەتی نەوت هەڕاج دەكەن ،بەناوی حزبایەتییەوە پارەداری وخۆدەوڵەمەندكردن جێ بەجێ دەكەن .شكستیان هێنا لە بەڕیوبردنی ئەم هەرێمە ونەیانتوانێوە هەنگاوێكی دروست بنێن
لەدامەزارندنی حكومڕانییەك كە لەسەر بنەمای سیستەمێكی باش و هاوسەنگی  دەسەڵاتدارێتی  دابمەزرێت.
ئەم دوو حزبە بەهەمووپێوەرێكی سیاسی داڕاماوون ئەوان ئەوەێ مەبەستیانە قاسەكان و بیرەنەوت وتانكەر وگومرەكانە ،بێجگە لەم خەیاڵاتە هیچ پرۆژەیەكیان پێ نییە بۆ بونیادنانی نەتەوە ودروستكردنی سیستەمێكی دیموكراسی .هەموو ئەو رووداوانەشی روودەدەن هەردوو حزب، یان با تایبەترببینەوە هەردوو دەستەی بەڕێوبردنی ئەم دووحزبە وەك یەك بەرپرسن ، وەك یەك بیردەكەنەوە ،هاوشێوەی یەك بەشدارن لەبردنی داهاتی ئەم وڵاتە و تەسلیمكردنی ئایندەی كوردستان بە تونیلە تاریك وناڕۆشنەكان .
خاڵی سەرەكی وبنەرەتی ئەوەیە :پارتی ویەكێتی شكستی گەورەیان هێناوە بە هەموو پرۆسەیەك وخۆشیان لەناو بازنەی شكست وداڕماندا دەخولێنەوە ،كاتێ هاتوە دێڕی كۆتایی بۆ ئەزموونی حكومڕانیی ئەم دوو هێزەدا دابنرێت.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە