تەقەی جام دێت
‎محەمەد نوری ئەحمەد
PM:03:24---14-12-2017
ئه‌م بابه‌ته 1989 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

دزەكان كەخۆیان بە هەرماڵێكدا دەكەن سام و ترسێكی گەورە دروستدەكەن  ،بەڵام ئەو سام وترسە بەتەقەی جامێك بەتاڵدەبێتەوە، هەمزاتۆف دەڵێت:دزەكان چەند چەك و چەقۆشیان پێ بێت كە گوێیان لە تەقەی جامێك دەبێت یەكسەر هەڵدێن و رادەكەن ،رەنگە ئەو جامە منداڵێكی ساواش دابێتی بەزەویدا.

بۆیە بەرەنگاربوونەوەی دزەكان تەنها بەرەنگاربونەوەی سێبەرێكە كە تواناییان نییە وزوو هەڵدێن ،ئازاش ئەو كەسەیە یەك نەرمە كۆكە بكات بۆیە دزەكە لە سەربانەكەوە بە دوو  هەنگاو خۆی دەربازبكات.

ئەزموونی حكومڕانی كوردی هاوشێوەی ئەزمونی دز وجامەكەیە،دزەكان نەهاتوون ماڵەكە بپارێزن یان سەردانێك بكەن ودۆستایەتی لەگەڵ خاون ماڵدا گەرم بكەنەوە، بەڵكو دێن بۆ ئەوەی لە تەپڵەكی جگەرەوە بۆ لێرەی رەشادی بخەنەناو تورەكەكەیانەوە .دزەكان لایان گرنگ نییەخاوەن ماڵ كێیە؟ سۆفیی سەربەرماڵە یان سەرخۆشی بادەبەدەستە یان بیوەژنێكی رەشپۆشە،ئەوان تەنها دەیانەوێت گیرفانەكانیان پڕبكەن،ئەوانەی  كە دزی دەكەن پرسیار لە ویژدانیان ناكەن تابزانن ئەوەی دەیكەن دروستە یان غەدر وجەورە .
هاوشێوەی ئەمە ، ئەم دووحزبەش بەدرێژایی ئەزمونی دەسەڵاتداریی لەم هەرێمەدا كۆمەڵێك دز پەروەردەدەكەن بەڵام ئەمان پێیان ناڵێن دز بەڵكو هەرجارەوبەناوێكەوە دزێك دەكەنە خاوەن قاسەی پڕ زێڕ وپارە ،جارێك بەناوی وەزیرەوە جارێك بەناوی مەكتەب سیاسیی وسەركردایەتی و مەسول مەڵبەند ولق و بارەگا، هەرجارەو بەناوێكەوە روخسارەكان دەخەنە سەر گەنجینەی كوردستان پێیان دەڵێن فەرمو نوبەی بەڕێزتە بدزە تا دەتوانێت. 

جیاوازی ئەم جۆرە دزانە لەگەڵ دزە ماڵ بەرەكان ئەوەیە:ئەودزانەی ماڵان دەدزن وگیرفان دەبڕن ،رەنگە بە كلكە داری پۆلیسێك دان بەهەموو تاوانەكەیاندابنێن ،بەڵام ئەو دزانەی قاسەكانی حكومەت و داهات دەدزن ،بە روویەكی بێ هیچ شەرم و ویقارێیەكەوە دێن وباس لە گەندەڵی و چاكسازی دەكەن و باس لە ژێرزەمینی پڕ پارەو شەفافكردنی نەوت دەكەن.

ئەودزانەی كە بەسەر دیوارەكاندا هەڵدەگڕێن بۆ دزینی زوپایەك یان بوتڵە غازێك هەمیشە روخساریان دەشارنەوە و نایەنەوێت كەس بیناسێت ،بەڵام دزەكانی وڵات بەروخساری خۆیانە وە تاڵانی دەكەن بێ ئەوەی  هیچ شەرمێكیان هەبێت  بە ئاشكرا قسەش دەكەن .
زۆربەی جار دزەكان كە دەگیرێن ئەوانەی دزیویانە دەگێڕنەوە بۆ خاوەنەكەی،بەڵام ئەوانەێ دزی داهاتن نەك ئەوەی تاڵانیان كردەوە نایگێڕنەوەبەڵكو بەشانازییەوە بەمافی خۆیانی دەزانن.

 بەڵام ئەوەی هەردوكیان لەیەك خاڵدا هاوبەش دەكاتەوە ئەوەیە: بەهەردووكیان دەوترێت دز ،جا دزی دەبە ترشیاتێك بێت یان دزی تانكەرە نەوتی وڵاتێك بیت.

ئەوەی لە كوردستاندا هەیە سیستەمی سیاسی دامەزراو نییە بەڵكو سیستەمی حكومڕانی دزەكانە ،كە تەنها بۆ گیرفانی خۆیان ئامادەن سەروو گورچیلەش لە خەڵك وەربگرن.كێشەی هەرێم تەنها لەوێدانییە كە كۆمەڵێك دز بەناوی حكومڕانیەوە داهات دەبن،بەڵكو هەمووپێوەرێكی كۆمەڵایەتیشان نەهێشتەوە،  ئەوان مۆدێلێكی كاركردنیان دامەزراندوە كە خووی دەستبردن بۆ موڵكی گشتی ببێتە خویەكی ئاسایی وقبوڵكراو،بەمانایەك دزیكردن لە داهاتی وڵات شتێكی ئاسایی وپەسەندكراوە ونەبووتە جێی تانە ولێپچینەوە،ئەمەیە كە دەڵێن بەهای كۆمەڵایەتیی لەسەر دەستی حكمڕانیی كوردی كەوتوە ،لەوڵاتێكدا بەرپرس بیەوێت دەڵەمەند بێت،حزب كۆمەڵی خەڵكی خۆی بنێرێت بۆ پەرلەمانەكان تا ببنەخاوەن موچەی باش و كۆمەڵێك كەس بكات بە وەزیروبەڕێوەبەری گشتی بۆئەوەی ببنە خاوەن موچە وداهاتی باش، گرنگ نییە چۆنن؟گرنگ نییە چۆن هەڵسوكەوت دەكەن ؟گرنگ نییە چۆن مامەڵەدەكەن و چۆن كار دەكەن؟گرنگ ئەوەیە كوڕە دڵسوزەكانی حزبن ومافیانە كەمێك لەداهات وپارەی دزراوییان بەربكەوێت.

تەقەی جامەكە دەبێت هەربێت ،بۆ ئەوەی دزەكان رابكەن وبترسن،ئیترگرنگ نییە كێ تەقە بەجامەكە دەكات گرنگ ئەوەیە ئەم لەشكرە هەڵبێن.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە