با هەر بمێننەوە
‎محەمەد نوری ئەحمەد
PM:06:08---06-01-2018
ئه‌م بابه‌ته 1622 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

(دیكتاتۆرەكان لەبەفرناچن تالە ئاسمانەوە ببارێن،هەمو مێژوویەك خۆمان دروستی دەكەین-گۆنتەرگراس-)

بائەم  نوخبەیەی وڵات دەبەن بەڕێوە بەردەوامبن لەسەر تەختی سوڵتانییەتی خۆیان ،با هەر لەسەر كورسی حكومڕانیی بمێننەوە ، باهەرخۆیان بە پارێزەری نیشتیمان و خاك و سەرەوەت وسامان بزانن.با ئەم چەند دەموچاوە هەربەردەوامبن ، تا پیردەبن ودەمرن با هەر پاڵەوانی سەرشاشە و گۆڕەپانەكە بن .گرنگە ئەمان هەر بمێننەوە ،ئەگەرچی وڵاتیش توشی  سەدان قەیرانیی جۆراجۆر بووە . باكێشە ئابوری وداراییەكان هەموو جەستەكان بڕزێنێت، با ئەوان هەر حكومڕانبن ، گرنگ نییە خەڵك برسی دەبێت وتوشی دەیان بەڵا و كارەسات و موسیبەت بێتەوە، گرنگ مانەوەی ئەمانە. ئەوان با هەر لەوێ بمێننەوە لە سەر كورسی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە.
بۆچی نەمێننەوە؟لەكاتێكدا ئێستاش كە دەردەكەوون سەدان كەس سیڵڤیان لەگەڵ دەگرن و چەپڵە بۆ قسە بێ بنەما و بەڵێنە ساختەكانیان لێدەدەن .
بۆ نەمێننەوە؟ وڵاتێكیان پڕكردەوە لە لەشكرێك بن دیوار و كەسانێك ئامادەن بۆ ٢٠٠دینار موچەی ناوچەیەك یان كۆمیتەك سەدان تۆمەت بۆ رەخنەگران لە دەسەڵات دروستبكەن ، ئێستاش كەسانێك لایان وایە كە بێ یەكێتی وپارتی ئەم وڵاتە دەبێت بەحەلەب وئەم ئەزموونەهەپرون بە هەپروون دەبێت .
بۆ ئەم نوخبەیە نەمێننەوە ؟ شەڕی ناوخۆییان كرد ودەیان هەزار گەنجیی ئەم وڵاتە لەسەر كەپك و دۆڵەكان خوێنیان رژا ، تەنها لەپێناو پارەی گومرگ ،لەوسەریشەوە سەركردەكانی شەڕی ناوخۆ ئاشتبوونەوە  وباوەشی گەرمی پڕ نەوتیان بۆیەك كردەوە .
بۆ نەمێننەوە؟٣١ئابیان  خولقاند و  ئەوهێزانەی كە ئەنفالیان كردین میوانداری هەولێركران ،كەچی بەدەسكەوت ورۆژی مێژووی تۆماریان كرد.
بۆ نەمێننەوە؟ لەریفراندۆم شكستیان هێنا و دونیایان لەدۆستەوە لێكردین بە دوژمن،  كەچی هەر لەقسەی قەبەی خۆیان ناكەون .
بۆ نەمێننەوە؟ لەكەمتر لە دەسەعاتدا كەركوكیان لەشارێكەوە كەكورد دەیبات بەڕێوە كرد بەشارێی بێگانە بەكورد. لەپێناو رێككەوتنێكدا كە تەنها ئامانج لێی پارەبوو،  ژن وكچی دوزخورماتوویان لەبەردەم كەڵبەی گورگەكاندا بەجێهێشت.
بۆ نەمێننەوە ؟دووساڵ زیاترە بە دوومانگ جارێك  نیوموچە دەدەن بەفەرمانبەران و مامۆستایان ،كەچی لەپێشتر زیاتر دەوام دەكرێت ، كەسیش ئامادەنییە رۆژێك لەسەركارەكەی مانبگرێت ،بەبەردەمی چاوی هەموانیشەوە نەوت بەتەنكەر بەبۆری ئاودیوی سنورەكان دەكرێت وپارەكەی تەنها دەچێتە گیرفانیی چەند كەسێكەوە وبەس.

بۆ نەمێننەوە؟كارەبان نەهێشت هیچ كارو كاسبییەك لەبازاڕەكاندا نەماوە ،هەموو پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی راگیراوە ،كەچی هەر ئێستاش بەشێكی زۆری ئەم جەماوەرە ، پارتی ویەكێتی بە دووحزبیی پێویست و گرنگ ناودەبەن.
بابمێننەوە.. مادەم كەسانێك هەن ئومێدیان بەوە هەیە  كە نێچیرڤان بارزانی وقوباد تاڵەبانیی  وەك دوو دۆڕاووی حكومڕانیی  دەتوانن چاكسازیی بكەن ،دەبێت چ چاوەڕوانییەك بكەیت لەوەی شەمەندەفەرەكانی گۆڕانكاریی  سیاسیی  بەم هەرێمەدا تێپەڕبێت .دەبوو بەر هەرلەكەس لایەنگران وئەندامانی ئاسایی یەكێتی وپارتی  ئەم دوو شكستخواردووەی حكومڕانییان تەماتە وبەرد باران بكردایە ،نەك ئێستاش وێنەكانیان دەیان هەزار لایكی دەستخۆشیی بۆ بڕوات .
كەواتە ئەوەی شكست ومێژووی قەیران و بەڵای دروستكرد خۆمانین ،لەبەرئەوەی هەموو ستەمێكمان لەو نوخبەیە قبوڵكرد كە ئەم هەرێمەیان وەك ماركێتی خۆدەوڵەمەندكردنی خۆیان تەماشاكرد.








زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە