پێش نۆمانگ لەمەوپێش، پێكەنین بە دیار دروستكردنی دەوڵەتەوە
‎محەمەد نوری ئەحمەد
AM:11:58---15-03-2018
ئه‌م بابه‌ته 1893 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

١
دەوڵەت چۆن بە كەسانێك دروست دەكرێت كە كاری سەرەكییان بردنی داهات وبرسیكردنی خەڵك بێت ؟چۆن بونیادەكانی دەوڵەت بەم حزبانە دەكرێت كە مێژوویەكیان لە شكست و تاڵانی و خوێناویكردنی ئەم وڵاتەدا هەیە ؟چۆن هاوڵاتیان متمانە بەم سەركردانە بكات كە دەوڵەتیان بۆدروستبكەن ،كە تەنها كوردستان وەك خەزینەی دزراو تەماشادەكەن ، دەیانەوێت هەموو خێروسامانی بخەنە گیرفانی خۆیانەوە .ئەگەر تەنها تەماشایەكی ئاسایی مێژووی حكومڕانی كوردی بكەین ، دەبینین خاوەن مێژوویەكە جی شانازیی ومتمانە نییە ،لەبەرئەوەی بڕیاربەدەستەكانی ئەم حكمڕانە، ٢٦ساڵە تەنها كاریان چەوساندنەوەی خەڵك وتاڵانبرنی خاكەكەیەتی .ئەمانە ئەهلی دەوڵەت دروستكردن نین بەڵكو ئەهلی وێرانكردنی دەوڵەت ودەسەڵاتن
٢
لە گەرمەی شەڕی قورسی كورد لەگەڵ بەعسدا، ئەم حزبانە شاخەكانیان لەنێوان خۆیاندا بەشكردوبوو ،ساڵی ١٩٨٢یەكێتی وپارتی رێككەوتن كە مەفرەزەكانی پێشمەرگەی هەردولا بۆیان هەبێت لەناوچەكانی یەكتردا كارو چالاكی بەرامبەر بەعس بكەن.لەو سەردەمەدا لە وتارێكیدا سەدام حسێن دەڵێت:حزبە كوردییەكان هیچیان پێ ناكرێت چونكە لەگەڵ خۆیاندا ناكۆكن ..ئەم عەقڵیەتەی لەشاخ لادێ ودوڵیان دابەشكرد ،هاتنەوە شار، بەهەمان هەناسەی شكستەوە ، شار وناوچەكانیان لەسەر خۆیان تاپۆكرد،كوردستانیان كرد بە دووبەشەوەئەمدیو دیگەڵە وئەودێو دیگەڵە
٣
تاڵەبانی ساڵی ٢٠٠٠لە دیدارێكدا لەگەڵ گەراس ستانسفیڵد دەڵێت :سەركردایەتی دەربەگی بارزانی هۆكاری شكستی ١٩٧٥بوو ،بارزانی هەزارەها چەكداری هەبوو ،نزیكەی سەدوپەنجا ملێون دۆلاریان هەبوو ،چەك و جبەخانەی گەورە و شاراوەیان هەبوو ،بەڵام چونكە بارزانی خیڵكیانە بیری كردەوە ، بەهۆی پێگەیەوە وەك سەرۆك خێڵ پارەكەی لاگرنگ بوو بۆیە شۆڕشی كۆتایی پێ هینا... بەوردی تەماشاكە لە زەمانێكدا شۆڕشی كوردی خاوەن چەند پارە وچەك و هێزی مرۆیی بوە ،بەڵام بێ گەڕانەوە بۆ خەڵك شۆڕشێك كۆتایی دێت وپارەكەش لەگەڵیدا كۆتایی دێت و دیارنامێنێت .دیارە ئەو سەردەمە نەوت نەبوە شۆڕش ئەوەندی هەبوو، ئەی ئێستا داهات وپارەی سەركردەكان چەندین سفری دەوێت؟
٤
لە سەرەتای راپەرێندا خەڵك بەجۆش و خرۆشەوە پەلاماری دەزگاكانی بەعسی دەدا ،ئەوەی ئەو ساتە گرنگ بوو لای خەڵك نەتەوایەتی وكۆتایی جەور وستەم بوو ،كەچی بەشێك لەسەركردە و رابەرەكان كە ئێستاش خاوەن دەسەڵاتن ، كەوتنە بردن و تاڵانكردنی ژێر خانی ئابوری .خۆیان وا دەڵێن،شەوكەتی حاجی موشیر دەگێڕێتەوە:(لەو ماوە كەمەی راپەڕیندا سەدان ئۆتۆمبێل و ماكینە وئامێری گەورە وكەرەستەی فەرمانگە حكومییەكان ئاودیوی ئیران كران و فرۆشران.ئەمەش كاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر سەنگ وقورسایی كادیرە باڵاكان وپێشمەرگە .ئەم تاڵانبردنە ئیلتیزامی نەهێشت وبەرەڵایی دروستكرد)دیارە بە تێپەڕاندنی كات بەرپرسەكان و دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەزموونیان وەرگرت ئێستا نەوت و سامانی سروشتی وڵاتێك ئاودیو دەكەن و داهات و پارەكەشی دەچیتە سەر ژمارەی بانكیان .ئەم عەقڵ و بیركردنەوەیە كە هەر لەسەرەتاوە تاڵانكردن و دزینی سامانی وڵاتی لا گرنگتربووبێت لەهەموو شتێكی تر ،ئایا چۆن دەتوانێت دەوڵەت بونیادبنێت ؟
٥
دەیڤێد مەكداول كە توێژەرێكی بەناوبانگە وچەندان كتێبی لەسەر كورد هەیە ،بەمشێیوە باس لە دوای راپەڕین دەكات: لەسەرەتاوە یەكێتی وپارتی هەلی گەورەیان لەدەست كورددا ،سیاسەتی تاكڕەوانە و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی یەكتر وبردنی خێر وبێری وڵات بۆ خۆیان دیمەنی راپەرینەكەی ناشرینكرد .عەقڵیەتی بەڕیوبردنی حكومڕانی لەهەرێم لە سەرەتای دامەزراندییەوە لەسە ربنەمای( تەنها من هەم،سامانی وڵاتیش هەر بۆ منە ) دروستبوو بۆیە ئەنجامەكەشی ئەوەیە بەرەو وڵاتێك دەڕوێن تەنها بەرپرسەكان سودی لێدەبینن
٦
لە دوای راپەڕین وكۆڕەوەكەی ساڵی ١٩٩١.بەر لە دروستكردنی ئەم حكومەتە كوردییە .دەسەڵاتی شارەكانی كوردستان كەوتە ژێر چنگی بەرەی كوردستانییەوە ،سەدام هێزەكانی كشاندەوە وئابڵوقەی ئابوری لەسەر خەڵكی كوردستان دانا .بەشێك لەسەركردەكانی بەرەی كوردستانی بەهۆی گەندەڵی و سەرپێچییەكانیانەوە لای خەڵك ناشرین بووبوون،بۆیە لەشارەكانی هەولێر وسلێمانی و دهۆك وهەڵەبجە وپێنجوین خەڵك لەتاو برسێتی دەستی كرد بە خۆپیشاندان و دەیانووت :نەسەدام ونە بەرە ..دەمانەوێ نان وكەرە . خەڵكانێكی زۆر دەستگیركران .وابڵاویشكرایەوە كە تابوری پێنج دەیەوێت كوردستان تێك بدات ،هەمان دیمەنی ئێستا كە بڵێت نەخێر بۆ گاڵتەجاڕی ریفراندۆم ،بە خائین و جاش وپیاوی مالیكت لەقەڵەم دەدەن .لەكاتێكدا ئەگەر بەرگریكردن لەنان وداهاتی دزراو و موچەی بڕاوی خەڵك جاشایەتی بێت ،شانازییە جاش بیت..

٧
جیوسیبی مازینی كە فەیلەسوفێكی ئیتاڵییە ،لەبارەی دەوڵەتەوە دەڵێت: دەوڵەت تەنها سنورێك نییە،بەڵكو دەوڵەت بیرۆكەیە،بیرۆكەكانیش پێوستیان بە عەقڵی گەورەهەیە ،عەقڵەكانیش پێوستیان بە سەركردەیەك هەیە بیرۆكەكان جێ بەجێ بكات .
ئایا چ عەقڵێك هەیە لە كوردستان تەنها بیر لە ئایندەی نەتەوەیەك بكاتەوە نەك بیر لە ژێر خاكەكەی لە پێناو نەوتدا؟ ئایا عەقڵی سەركردەكانمان عەقڵی دروستكردنی دەوڵەتە،یان عەقڵی تێكدان و بردن ودا بەشكردنە؟بەم حكمڕانییەی ئێستا كە چۆلەكانیشیان برسی كردەوە دەتوانرێت دەوڵەت بونیادبنرێت ؟ئایا سەركردەكانمان لە ئێستادا نەتەوایەتی دەكەن یان نەوتایەتی ؟بەهەموو پێوەرەكان ئەمانە عەقڵی گەورەنین تا دەوڵەت لە بیرۆكەوە بخەنە بواری جێ بەجێكردن. بۆیە كە باسی دروستكردنی دەوڵەت دەكەن با تێر پێبكەنین پێان.







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە