ئایا دەسڕێتەوە؟
‎محەمەد نوری ئەحمەد
AM:09:41---12-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 1268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

جار جارێک ھەواڵێک بڵاودەبێتەوە کە سەرکردەی چوار لایەنەکە (بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو و قەوارەکەی دکتۆربەرھەم)کۆبوونەتەوە ،یان بە ھاوبەشی بەیاننامەیەک دەردەکەن ،یان ئیدانەی ساختەکردنی دەنگدان یان ھەڵوێستیان ھەیە بەرامبەر دواخستن ونەکردنی ھەڵبژاردنەکان .ئەم چوار لایەنە وەک ھێزی موعارەزەی کوردی خۆیان دەناسێنن و دەیانەویت ببنە بەرەیەک بەرامبەر ئەو دووھێزەی لەدەسەڵاتدان . ھەرچەندە گۆڕان و کۆمەڵ ویەکگرتوو لە سلێمانی خاوەن پۆستن ولە ھەولێر ئۆپۆزسیۆنن ،ھاوپەیمانیش لە لەھەولێر پۆستیان ھەیە (سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانی بۆ پەرلەمانی کوردستان،بەڕێوەبەری گشتییە) واتا ئۆپۆزسیۆنی شارن.

ئەم چوار لایەنە ھەر ھەنگاو وھەوڵێک بنێن کاری سیاسیی و جوڵەیەک دەخنە ناو دۆخی ھەرێمەوە،دەشتوانن بەرەیەکی بەھێز بەرامبەر دەسەڵات دروستبکەن، یان ئاڕاستەی فشاری راستەقینە بونیاد بنێن ئەگەر بیانەوێت یان نیەتی راستەقینەیان ھەبێت .بەڵام ئەوەی لە تابلۆکەدا ئێستا دەبینرێت ئەوەیە دەیانەوێت نەوەی نوێ کەھێزیکی سیاسییە و بەپێی پێوەرەکانی ھەڵبژاردنی عێراق بێت لە کوردستاندا ھێزی چوارەمە، ھەروەھا خاوەنی کیان و دەنگدەر و جەماوەری خۆیەتی بخەنە دەرەوەی بازنە؟کە ئەمە ھەڵەیەکی قورس وبێ پاساوە.

فەرامۆشکردنی ئەم ھێزە یان ھەوڵدان بۆ ئەوەی لەدەرەوەی یارییەکە بێت ھەڵەیەکی سیاسیی خراپە،لەبەرئەوەی ئەگەر ئەم چوار لایەنە دەیانەوێت بەرەی بەھێز دروستبکەن دەبێت ئەوە بزانن کە نەوەی نوێش خاوەن قورسایی جوڵەی خۆیەتی لە ناو گۆڕەپانی ململانییەکان لە کوردستاندا.کە ئاماژەکان بۆ ئەوەش دەچن لەم ھەڵبژاردنەی کە بۆ پەرلەمانی کوردستان دەکرێت ژمارەیەکی بەرچاو کورسی بچنێتەوە.

شاسوار ئێستا تەنھا بازرگانێک یان گەنجێکی خاوەن کۆمپانیا نییە ،ئێستا ئەویش سەرۆکی بزوتنەوەیەکی سیاسییە لە کوردستان،قسە وسەردان و جوڵەکانی لەناو گۆڕەپانی سیاسەتکردندا حسابی بۆ دەکرێت. بۆیە ناکرێت بەھەر بیانوویەک بێت فەرامۆشبکرێت.

بۆیە لەسەر ئەم ھەڵوێستەی ئەم چوار لایەنە بەرامبەر نەوەی نوێ ئەو پرسیارەمان لا دروستدەبێت ،بۆ دەیانەوێت لە نەوەی نوێ وەک جوڵانەوەیەکی سیاسیی خۆیان بەدوربگرن ؟بۆ بەرەی ئەم ھێزە لەبەرامبەر خۆیان دەکەنەوە؟ئەم جوڵانەوەیە بونی ھەیە وەک ھێزێکی ناڕازیی توندیش خۆی بە خەڵک ناساندوە ،کاتێک گۆڕان یان کۆمەڵ یان یەکگرتوو یان قەوارەکەی دکتۆربەرھەم ،نایەوێت مامەڵەی دروست وەک خۆی لەگەڵ ئەم ھێزەدا بکەن ،درزێک دەخەنە دروستکردنی بەرەیەکی بەھێزی موعارەزەوە ،یان ئەوەتا ئەم فەرامۆشکردنە دوو ھۆکاری لەپشتە :

ئەوانیش، یەکەمیان: ئەم ھێزانە نایانەوێت مامەڵە لەگەڵ ھێزی نوێدابکەن ودەیانەوێت ھەر خۆیان لەسەر عەرشی سیاسەتکردنبن (بەڵام دەشبێت بزانرێت نەوەی نوێ خاوەن چوار کورسییە لە پەرلەمانی عێراق) بۆیە فەرامۆش ناکرێت یان ناسڕیتەوە بەوەی کە ئامادەنەبن بخرێتە ناو ئەو بەرەیەی کەبەشێوەیەکی نافەرمیی دروستیان کردوە.

خاڵی دووەم ئەوەیە: ئەم ھێزانە تائێستاش نایانەوێت سەردەمی ئەو بیرکردنەوەیە تێپەڕێنن کە نەوەی نوێ بە کەفوکوڵێکی کاتیی یان یاریکردنێک بۆ ماوەیەک تێبگەن، دەبێت ئیتر ئەو دیمەنە ببینن کە ئەم جوڵانەوەیە ئێستا ھەیە سەرۆکەکەی ناوی شاسوارە، چەند باڵوێز دەچیتە لای بەرھەم ساڵح ومامۆستا سەڵاح بەھەمان شێوەش دەچنە گوندی ئەڵمانی بۆ لای ئەو .ئەگەر ھەر تێبنییەکیش ھەبێت لەسەر ئەم کەسایەتییە (خۆ کاک عومەر دونیایەک تێبینی ھەیە لەسەر دکتۆربەرھەم، مامۆستا عەلی چەندان سەرنجی ھەیە لەسەر مامۆستا سەڵاح، بەڵام پێکشەوە قاقا لێدەدەن )بۆیە لەپاڵ تێبنییەکانیش دەبێت شاسوار عەبدولواحید لەتەنیشت ئەوانەوە دابنیشیت چونکە ئەویش سەرۆکی حزبێکە لەبەرەی ناڕەزایی وخاوەنی سەنگی دەنگی خۆیەتی. ئەگەر ئەو چوار لایەنە مەبەستیانە دەنگی ناڕەزایی زیادبکەن دەبێت ببنە پێنچ لایەن بە نەوەی نوێیشەوە.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە