فەزای دیموكراسی و حزبی نوێ‌
دانــا زەنــدی
PM:12:09---10-02-2018
ئه‌م بابه‌ته 713 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لەسەرەتای مێژووی دروستبوونی قەوارەی سیاسی و حوكمڕانی و دەوڵەتداریەوە، هەر دەوڵەتێك یاخود هەر دەسەڵاتێك كە گەندەڵی، بەمانا بەرفراوانەكەی، تیایدا تەشەنەی كردبێت، ئەو دەسەڵاتە رووخاوە و لەناوچووە. ئەمە راستیەكی حاشاهەڵنەگرە، دەشكرێت بڵێین ئەمە یاسایێكە، چونكە هەموو كتێبەكانی مێژووی كۆن و نوێ‌ ئەم راستیەمان بۆ دەگێڕنەوە. بۆیە پێویست ناكات هیچ نموونەیەك بهێنینەوە بۆ سەلماندنی.
بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەم یاسایە ناچەسپێت بەسەر ئەم حكومەت و دەسەڵاتەی ئەم هەرێمی كوردستانەی خۆمان..! هیچ گومانی تیانیە ئەم سیستەمی حكومڕانیەی ئەم هەرێمە سەرتاپای نوقمی گەندەڵی و نەفامی و خۆپەرستی و خیانەتە لە نەتەوە و نیشتیمان و ...هتد، كەچی هەروەك بڵێی نەبای بینیوەو نەباران، شكست لەدوای شكست تۆمار دەكات و دەربازدەبێت لەسزای گەل، لە لۆژیكی دەسەڵاتداری و چارەنووسی حەتمی حوكمڕانی گەندەڵكارانە قورتاردەبێت..! لەجیاتی ئەوەی لەلایەن گەلەوە بگۆڕدرێت بۆ حكومەتێكی نوێی مرۆڤدۆست و نیشتیمانپەروەر، كەچی هێشتا ئەوان (دەسەڵات) گەل قەرزارباردەكەن و خۆیان وەك رزگاركەری نەتەوە و نیشتیمان دەردەخەن.
بەڕای من ئەم نالۆژیكیەی ئەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستان، زۆر بەسانایی، هۆكارەكەی تەنها بۆ نەبوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەگەڕێتەوە، بەڵێ‌ لەكابینەی پێشوی حكومەتدا شتێك هەبوو بەناوی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بەهۆی داهێنانی حكومەتی بنكە فراوانەوە ئەوەشیان لەناوبرد.
من لە سەركردایەتی ئەم حزبانەی ئەم باشوری كوردستانە سەرم ئەسوڕمێ‌، بەبێ‌ گوێدانە مێژووی خۆیان و حزبەكانیان، هەركەسەو هەوڵدەدات بەشێك لە ((كێكی)) سەرمێزەكە داپچڕێت بۆخۆی بەهەر نرخێكبێت. لەفەرهەنگی ئەواندا ئۆپۆزسیۆنبوون بوونی نیە، كاربۆئایندەی خۆشیان ناكەن نەك گەلەكەیان، هەوڵنادەن بەخەبات و پشتگیری كردنیان لە گەلەكەیان و جەماوەری حزبەكەی خۆیان لەخولی نوێی هەڵبژاردندا لە ((كێكە)) نوێكەدا پشكی شێر بۆئەوانبێت نەك پشیلە..!
لەلای ئێمە، لە باشوری كوردستان، ئەگەر راستتر بڵێم لە زۆنی سەوزی ئەم هەرێمەدا كە پێموایە هەموومان دەزانین دیموكراتترە لەبەشەكەی دیكە، مودێلێكی زۆر سەقەت بۆ لەدایكبوونی حزبی نوێ‌ هاتووەتەكایەوە، ئەویش ئەوەیە، كاتێك كە سەركردەیەكی باڵای حزبێكی گەورە، لەئەنجامی ململانێی زۆری ناو سەركردایەتی حزبەكەی لەسەر بەرفراوانكردنی چوارچێوەی دەسەڵات تەنگی پێ هەڵدەچنرێت، لەپڕ كۆمەڵێك لە كادیران و جەماوەری حزبەكەی بۆخۆی جیادەكاتەوەو بەبێ‌ گوێدانە فكر و ئایدیۆلۆژیا، بەپشتگوێ خستنی بنەماكانی سێكولاریزم  كە بانگەشەی بۆدەكات، لەسەر ئاستی بەرژەوەندی دوولایەنە، هەندێك لەكادیر و لایەنگرانی حزبەكانی دیكە بەئەنتی سێكولارەكانیشەوە بۆخۆی رادەكێشێت و حزبێكی تازە بەسەرۆكایەتی خۆی دادەمەزرێنێت. بەم جوڵەیە سەركردەو كادیرانی ئەم حزبە تازەیە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی جەماوەر لەخولی هەڵبژاردنی نوێدا، وای دەردەخەن كە جیاوازن لەو حزبەی لێی جیابوونەتەوە، ئەوان كەسانی پاكن و فریادڕەسن بۆ كۆمەڵانی خەڵك، بەڵام هەرئەوەندەی، بەدەنگی جەماوەر، كۆمەڵێك كورسی پەرلەمان بەدەست دەهێنن، ئیدی لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداردا رێكدەكەون، بەو حزبەشەوە كە لێی جیابوونەتەوە، حكومەتێكی بنكە فراوان دادەمەزرێنن و پشكی خۆیان لە وەزارەتەكان و داهاتی ووڵات و دەسكەوتەكانی دیكەی ئەو حكومەتە بەدەست دەهێنن بەبێ‌ ئەوەی هیچ پشكێكیان هەبێت لەناوەندی بڕیاری دەسەڵات. ئیدی گشت ئەو بەڵێنانەی بەدەنگدەرانی خۆیان دابوو بیردەچێت و تەنانەت بەهانەش دەدۆزنەوە بۆ ئەو گەندەڵیانەی حكومەت كە پێشتر كردبوویان بە سەردێڕی ریكلامەكانیان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
دیارە بەشێكی زۆر لە سەركردە و كادیرانی حزبی ئەم دەڤەرە هەر ئەوەندە لە فەزای دیموكراسی تێگەیشتوون كە نابێت بێبەشبن لەدەستكەوتە ماددیەكانی حكومەت، بەبێ‌ گوێدان بەحوكمی مێژوو. بەمجۆرەش، وەك گوتمان هەوڵنادەن بۆ بەدەستهێنانی پشكی شێر، بۆیە بەپشكی پشیلەش رازین.
لەكۆتاییدا، هیوادارم ئەمەی كە لەسەرەوە باسمانكردووە، وەك ئەزموونێكی نەرێنی، بووبێت بە وانەیەكی ئەرێنی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی ئەم هەرێمە بۆ هەنگاونان بەرەو ئایندەیەكی باشتر. هەرچەندە وەك سەرەتا لەم قۆناغەشدا وادەرناكەوێت، بەڵام چاكتروایە بێهیوا نەبین و گەشبین بین. هەروەها پێویستە ئەم گوتەیەی ((چێ‌ گیڤارە))ش هەرگیز لەیادنەكەین "ئەگەر بارودۆخێكی نامرۆڤانە بەسەر مرۆڤدا بسەپێنرێت و یاخی نەبێت، ووردە ووردە مرۆڤایەتیەكەی لەدەستدەدات".






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە