عەفرین كەركوكە
دانــا زەنــدی
PM:12:53---22-03-2018
ئه‌م بابه‌ته 467 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

    لەسەرەتای هێڕشە بەربەریەكەی مەغۆلەكانی توركیا و هاوپەیمانە عەرەبە ئیخوانیەكانیانی بۆسەر كانتۆنی عەفرین و رووبەڕووبوونەوە كەم وێنەكەی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە بۆ بەرگری كردن لەوبەشەی خاكی كوردستان، رستەی ((عەفرین كەكوك نیە))مان زۆر بەرچاو و بەرگوێ‌ دەكەوت. دیارە زۆرینەی گەلی كورد، بەتابەت كوردانی باشور، ئەم دروشمەیان وەك ئارام بەخشینێك بەدەروونە ماندووەكەیان و بەرزكردنەوەی وورە روخاوەكەیان بەرز دەكردەوە.
    بەڵام دەركەوت عەفرین كەركوكە، موسڵە، مەخمورە، شەنگالە، خانەقینە...هتد، واتە هیچ جیاوازیەك نیە لەنێوان شارەكانی كوردستاندا، كەركوك بەبێ‌ بەرگریكردن لەلایەن سوپای داگیركەری عەرەبیەوە داگیركرا و عەفرینیش بەبەرگریكردنێكی زۆری قارەمانانەشەوە لەلایەن سوپای داگیركەری توركەوە داگیركرا. مەخابن دەرئەنجامەكە هەر داگیركردنە، بەڵام ئەوی كەركوك بەقوربانیدانێكی كەم لەخوێنی رۆڵەكانی كورد و عەفرین بە قوربانیدانێكی زۆری گیانی و ماڵی داگیركران.
بەمجۆرە دەبینین كە دوژمنان و داگیركەرانی خاكی كوردستان هەمیشە بەیەك چاوی تەماع و قینی شۆڤێنیانە دەڕوانێتە سەرجەم شارەكانی كوردستان بەبێ‌ جیاوازی، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیە ئەوەیە كە ئێمەی كورد خۆمان شارەكانی كوردستان دابەشدەكەینە سەر زۆنی جیاوازی دەسەڵاتی ئەم حزب و ئەو حزب، جێگەی داخە كورد هێشتا هەر لەسەر مودێلی كۆنی میرنیشینەكان دەسەلاتداری دەكات، یەكترمان قبوڵ نیە، نەك هەرئەوەندەش هەندێك لە حزبەكان و گروپە دەسەڵاتدارەكانی كورد تەنانەت جاشایەتی دەسەڵاتە دوژمن و داگیركەرەكانیان پێ باشترە وەك لە دەسەڵاتێكی كوردی پاك و یەكگرتوو...!! ئەمەش بێجگە لە رۆڵ و كاریگەری زۆر خراپ و نەرێنی بیری موسڵمانگەرایی لەهزری زۆرینەی تاكەكانی گەلی كورد..!!
زۆر دەگوترێت كە هەموو گەلانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بێجگە لە كورد، سودی تەواویان لە ئیسلام (وەك سیستەمێكی فەرمانڕەوایی) بینیوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆی بەسەر گەلانی ناوچەكەدا و لەژێر چەتری ئوممەی ئیسلامیشدا بێجگە لە دەسەڵاتكێشانی بەسەر ناوچەكەدا، هەوڵی داگیركردنی جوگرافیایەكی بەرفراوانی دەوروبەریشی داوە. دیارە لەم پرۆسە مێژووییە دوورودرێژەی فتوحاتی ئیسلامیەدا كورد هەر بەشی قوربانیدان و پاشكۆبوونی دەسەڵاتە ئیسلامیەكان بووە. نەك هەر لەمەدا سەركەوتونەبووە، بەڵكو لەبیری چەپگەرانە و شۆڕشی چەپڕەویشدا كە زۆرێك لە نەتەوەو دەوڵەتانی جیهان بەهۆیەوە سەربەخۆیی خۆیان پاراست و سەركەوتن بەسەر هێزە ئیمپریالیستەكاندا، كەچی گەلی كورد لەمەشدا هەر شكستخواردو بووە. ئائەم دەسەڵاتەی ئێستای هەرێمی كوردستانیش كە نموونەی دەسەڵاتی لیبڕاڵی و دیموكراسی و ئابووری ئازادی گەلی كوردە، گشتمان بەهۆی شكستە یەك لەدوای یەكەكانیەوە لە هەموو روویەكەوە ماڵوێران بووین و بەشی زۆری ئەوەی بەدەیان ساڵی خەبات و قوربانیدان بەدەستمان هێنابوو لەدەستمان داوە و پرۆسەی لەدەستدانەكەشمان بەردەوامە..!
دیارە من لێرەدا مەبەستم لە روخاندنی وورەی شۆڕشگێڕانەی ئەم گەلە قارەمانە نیە، ناشمەوێ‌ رەشبینانە بڕوانمە دواڕۆژی گەلی كورد، بەڵام بڵێمچی كەئەمە مێژووی گەلەكەمە و ئائەمەش نموونەی دەسەڵاتداریەكەی ئێستایەتی. تۆبڵێی ئەم گەلە ستەمدیدەیە بەرنەفرەتی خوا كەوتبێت؟! بێگومان وانیە. پێموایە تاكە خاڵی لاوازی ئەم گەلی كوردە نەفامی و نەزانیە و هیچیتر.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە