پەیامێكی كەركوكیانە بۆ (ی.ن.ك)
دانــا زەنــدی
PM:05:14---20-05-2018
ئه‌م بابه‌ته 1473 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لە هەردوو گوتاری پێشوو و پێشووترمدا، بەرلەپرۆسەی هەڵبژاردنەكەی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو راستیانەم خستووەتەڕوو كە 1- ئەم بارودۆخەی ئێستا هێمای وەرزی بەهاری یەكێتیە، واتە قۆناغی سەوزبوونەوەی لق و گەڵای نوێیە لەجیاتی لق و گەڵا زەرد هەڵگەڕاو و هەڵوەریوەكانی درەختی یەكێتی. 2- ئاوێتەبوونی یەكێتی و خەڵكە رەسەنەكەی شاری كەركوك پێكهاتەیەكی سروشتی ئەوتۆی هێناوەتەبوون كە لێكترازانیان مەحاڵە، واتە ئەمە راستیەكی سروشتیە كە نەكەركوك كەركوك دەبێت بەبێ‌ یەكێتی و نەیەكێتیش یەكێتیە بەبێ‌ كەركوك.
هێندەی نەخایاند بینیمان كە ئەم دوو بۆچوونەمان بوو بەدیفاكتۆ، بینیمان كە (ی.ن.ك) وێڕای جیابوونەوەی گروپێكی دیكەش لە ریزەكانی، بەپێچەوانەی ئەوەی كە لەلای زۆر كەس و لایەنی نامۆ بەیەكێتی و ناحاڵی لە پێكهاتە و سروشتەكەی كە پێیان وابوو ئیدی یەكێتی نەماوە و بەم جیابوونەوە و لێكترازانانە دووچاری شكستی گەورە دەبێت، كەچی لە راستیدا پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە هاتەگۆڕێ‌، واتە بۆچونەكانمان سەبارەت بەبەهاری یەكێتی و پێكهاتەی (ی.ن.ك) و كەركوكیەكان، هەروەك ئاماژەمان پێكردبوو، دەقاودەق هاتەدی. دیارە ئێمە نەقاوەگرەوەین و نەجادوگەریش، تەنها ئاشنای خەبات و مێژووی راستەقینەی (ی.ن.ك) و خەڵكە بەئەمەك و كوردپەروەرەكەی شاری كەركوكین.
بەڵێ‌ لەم پرۆسەی دەنگدانەدا، كادیران و جەماوەرە بەوەفا و دڵسۆزەكەی (ی.ن.ك) جارێكی دیكە ئەركە مێژووییەكەی سەرشانیان، بەرامبەر بە یەكێتی و بەگەلی كورد، ئەنجامدا. جارێكی دیكە بەئەمەكی خۆیان بۆ رێبازەكەی مام دووپاتكردەوە. پێموایە ئێستاش كاتی ئەوەهاتووە كە سەركردایەتی (ی.ن.ك)یش هەڵوێستەیەكی جدی بكات بەرامبەر بە ئەم هەڵوێستە نەگۆڕ و دڵسۆزانەیەی كادیران و جەماوەرەكەی كەهەردەم لەكاتە هەستیار و قەیراناویەكاندا فریای یەكێتیەكەیان دەكەون. بۆیە زۆر پێویستە سەركردایەتی یەكێتی پیاچونەوەیەكی وورد بە هەڵوێست و بڕیار و كارەكانی چەند ساڵی رابردویدا بكات و بەدیدێكی نوێوە بڕوانێتە پێكهاتە ناوخۆییەكەی خودی خۆی و پەیوەندی و هاوپەیمانیەكانی لەگەڵ حزب و لایەنە كوردستانیەكانی دیكەدا. پێموایە زۆر گرنگیشە ئیدی لەسەر بنەمای هاوسەنگی ((ئەركەكان و مافەكان)) مامەڵە لەگەڵ كادیرانی حزبدا بكەن و لەسەر بنەمای هاوسەنگی بەرژەوەندیەكان و بەهەند وەرگرتنی هەڵویستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان هەڵسوكەوت لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكانی دیكەدا بكەن.
زۆر گرنگ و پێویستیشە ئیدی (ی.ن.ك) دۆست و دوژمنی خۆی بناسێت و هەرگیز ئەم گەلەكۆمەیەی كە هەنوكە لەلایەن سەرجەم حزب و لایەنە كوردستانیەكانەوە لێی دەكرێت لەیادنەكات كە پیلانێكی حاشاهەڵنەگرە دژ بە (ی.ن.ك) دەكرێت لەپاداشتی خەبات و كۆششە گەورەكەی بۆ بەدەستهێنانەوەی پسولەی كوردستانی بوونی شاری كەركوك، لەكاتێكدا كە كۆنترین حزبی كوردستانی، خاوەنی دروشمی (كەركوك دڵی كوردستانە)، بایكۆتی هەڵبژادنی كرد لەم شارەدا و دەستبەرداری كەركوك بوون بۆ نەیارانی كورد و لەخراپترین بارودۆخیشدا كەركوكیەكانیان بەجێهێشت بۆ رووبەڕووبوونەوەی چارەنوسی نادیاریان. بەڵێ‌ ئەوە (ی.ن.ك) بوو كە بۆ تەنها ساتێكیش كەركوكی چۆڵنەكرد و پشتی نەكردە سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی شاری كەركوك و بەتایبەتیش كوردەكانی ئەمشارە خۆڕاگرە. بۆیە هاوكێشەیەكی هاوسەنگە كە دەنگدەرانی شاری كەركوك، بەجیاوازی ئیتنی و ئایینییانەوە، لەم پرۆسەی دەنگدانەدا وەك وەفاداریەك بۆ هەڵوێستەكانی رابردووی لەمشارەدا، بەدەنگەكانیان (ی.ن.ك)یان پاداشتكردەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە و مایەی هەڵوێستەیەكی قوڵە ئەوەیە كە سەرجەم حزب و لایەنە كوردستانیەكان لەجیاتی پیرۆزبایی و دەستخۆشی كردن لە (ی.ن.ك) بۆ خەبات و هەڵوێستە كوردانەكەی، لەشاری كەركوكدا دەستیان خستووەتە ناودەستی عەرەبە شۆڤێنیەكان و توركمانە تۆڕانیەكانەوە دژبە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان..!! دڵنیابن هەرگیز مێژوو ئەم سەروەریەی (ی.ن.ك) و ئەم خیانەتە گەورەیەی لایەنەكانی دیكە لەیادناكات.







زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە