دەردە دڵ و پێشنیارێك بۆ (ی.ن.ك)
دانــا زەنــدی
PM:05:05---25-10-2018
ئه‌م بابه‌ته 606 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لە گوتاری پێشومدا ئاماژەم بەخۆشحاڵی خۆم كرد سەبارەت بەیەكدەنگی بڕیاردەرانی (ی.ن.ك) بۆ دیاریكردنی كەسێكی شیاو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقی فیدرال كە وێڕای ململانێیەكی سەرسەختانەی ركابەرەكانی، كاندیدەكەی یەكێتی سەركەوتوانە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی عیراقی بەدەستهێنا.
دیارە كۆدەنگی و یەكدەنگی بڕیاردەرانی (ی.ن.ك)، لەسەر كەیسێكی چارەنوسسازی گرنگ، لەبارودۆخێكی پڕلەقەیرانی ناوخۆی یەكێتی و قەیرانی گەورەی ئابوری و سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و فەوزای گەورەی ئیداری و سیاسی و ئابوری عیراق و ئاڵۆزی گەورەی سیاسەتی نێودەوڵەتی سەبارەت بەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، بەڕای من روداوێكی مژدەبەخشە، هەم بۆ یەكێتی نیشتیمانی و هەم بۆ هەرێمی كوردستانیش بەگشتی. هیوادارم ئەم بۆچونەم بەهزرێكی بەرتەسكی حزبیانە لێكنەدرێتەوە.
بەڵام ئایا خاوەن بڕیارەكانی هەنوكەی (ی.ن.ك) دەتوانن خۆڕاگربن لەم ئاستە دڵخۆشكەرەدا؟ بەواتایەكی دی، ئایا بڕیاربەدەستانی یەكێتی كۆدەنگن لەسەرئەوەی كە هەروا كۆدەنگبن بۆ دەرچواندنی بڕیاری ژیارانەی دیكە سەبارەت بەكێشە زەقەكانی دیكەی ناوخۆی یەكێتی و هەرێمی كوردستان بەگشتی؟
ئەگەر زیادەڕۆیی نەبێت لە گەشبنیەكەمدا، بەتێڕوانین لەمێژووی (ی.ن.ك)، پێموایە ئەم هەنگاوەی یەكێتیی ئومێدبەخشە بۆ گۆڕانكاری ئەرێنی گەورە بۆ ناوخۆی خۆی و بۆ بەرز راگرتنی ئاستی هەرێمی كوردستانیش لە عیراق و لەناوچەكەدا.
دەشێ‌ و جێی خۆشیەتی گەر زۆرێك لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی ئەم گەلی كوردە، ئەم گەشبینیە بە خۆشخەیاڵی شاعیرانەی عاشقێك بزانن كە هیواكانی زۆر دورن لە واقعەوە. ئەمەیان راستە گەر تێڕوانینێكی سۆزداریانەمان هەبێت بۆ دۆزی كورد. بەڵام پێموایە دنیای سیاسەت كە دروستكەری دیفاكتۆیە (بەئەرێنی و نەرێنیەوە) زۆر دورە لە پانتایی سۆزی مرۆییانەوە.
بۆیە من لێرەوە بە بڕیاربەدەستە دڵسۆزەكانی (ی.ن.ك) دەڵێم: سوربن لەسەر هەنگاوە ئەرێنیەكانتان بۆچاكسازی و پاكسازی، بۆ بڕینی كلكی گەندەڵكاران، سەرەتا لەناوخۆی رێخستنەكانی یەكێتیدا و پاشان لە ناو ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. تەنها بەمەش دەتوانن پاداشتی خوێنی شەهیدان و كەسوكاریان و هەناسە ساردەكانی پاشماوەی ئەنفال و پاشان پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسە دڵسۆز و خەمخۆرە راستەقینەكانی ئەم گەل و نیشتیمانە بدەنەوە.
زۆر نەنگە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كە بەحزبی شەهیدان و هەرەس بەزێن ناسراوە، كە لوتی بەرزی گەورەترین دكتاتۆری سەردەمی هێنایە بەرپێی پێشمەرگەیەكی كوردستان، ئێستا لە ریزەكانیدا جێگەی گەندەڵكاران ببێتەوە و ببێت بە ژینگەیەكی گونجاو بۆ هەلپەرستان و خۆپەرستان...! دیارە، كورد واتەنی، تەڕیش بەهۆی ووشكەوە دەسوتێت. بۆیە پێویستە لەسەر بڕیاردەرە دڵسۆزەكانی یەكێتی، بەگیانێكی پێشمەرگانەی شۆڕشگێڕانە و دور لەبەرژەوەندی تاكەكەسی، لە گەندەڵكاران و خۆپەرست و هەلپەرستان بێنەدەنگ و لەسەری سەرەوە بۆ خواری خوارەوەی رێخستنەكان و سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتیان لێ پاك بكەنەوە. دیارە ئەمەش ئاسان نیە، پرۆسەی بەگژداچوونەوەی دووڕووەكان و ماستاوچیەكان كارێكی زۆر قوڕسە، بەهۆی بەئاسانی گۆڕینی هەڵوێستەكانیان و وابەستەییان بۆ كەسە بڕیاربەدەستەكان بەپێی پێویستی ئەو بارودۆخەی تیای دەبن بۆ خۆرزگاركردن لە لێپرسینەوە و دورخستنەوە. بۆیە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هەوڵێكی جدی هەمەلایەنە و هەماهەنگی گشت ئاستەكانی رێكخستن و ئۆرگانەكان هەیە.






سەد رەحمەت لە كفندز..!
دەردە دڵ و پێشنیارێك بۆ (ی.ن.ك)
سەردەمی نوێ‌ و كارەكتەرە نوێكانی (ی.ن.ك)
سەفین لەبندێ‌ و یەكێتی لەبن نایەت
سەرنجێك سەبارەت بە (ی.ن.ك)
خـودا چیە..؟!
چاكسازی خوازەكان و دۆزی كەركوك
پەیامێكی كەركوكیانە بۆ (ی.ن.ك)
كەركوك و یەكێتی
بەهـاری یەكـێتی
كوردستان لە پرۆسەی بەشكردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا
عەفرین كەركوكە
فەزای دیموكراسی و حزبی نوێ‌
كــورد و سیاســەت
نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز دادە هێرۆ، یەكێتی نیشتیمانی و ویستی كوردایەتی
12

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە