ڕیفراندۆم سێ هەنگاو بەرەو دواوە
علی ئارارات
PM:03:58---15-10-2017
ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ سەركردەو بەرپرسانی كوردو عەرەب كەوتنە نوسینەوەی دەستورێكی نوێ لەسەر بنەمای سیستەمی فیدراڵیەت بۆ عێراق، دواترو لەساڵی ٢٠٠٥دا خەڵكی عێراق بەكوردستانیشەوە لەپرۆسەیەكی دەنگداندا ئەو دەستورەیان پەسەند كرد و هەمووان بڕیاریاندا پێوەی پابەندبن، هەرێمی كوردستانیش كەوتە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە فیدڕاڵەوەو حوكمی ئەوناوچانەی دەكرد كە پێش ساڵی ٢٠٠٣ حوكمدار بووە تێیدا، بڕیار درا ناوچە جێناكۆكەكانیش بەهاوبەشی بەڕێوە ببرێت تاكو چارەنوسیان یەكلا دەكرێتەوە لەڕێی ئاسایی كردنەوەو ڕاپرسیەوە، لە سیستەمە فیدڕایەكەدا سێ بنەمای سەرەكی هەیە كەدەبێت حكومەتی ناوەندو هەرێمیش پێوەی پابەندبن و لادان لەو سێ بنەمایە بەواتای دەرچونە لەیاساو سیستەمەكە، ئەو سێ بنەمایەش بریتین لەكەرتی دەرەكی و كەرتی سەربازی و كەرتی دارایی.

بەهۆی گوێ نەدان بەدەستور و لاوازی و چاوپۆشی كردنی حكومەتی عێراق و نەكەوتنە سەرپێی خۆی، حكومەتی هەرێم ئەو هەلەی قۆستەوەو بەئارەزوی خۆی لەو سێ كەرتەدا هەڵسوكەوتی كردووەو تاڕادەیەكی زۆر وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە، ئەو ڕەفتارەش تاكو ٢٤/٩/٢٠١٧ بەردەوام بوو لە٢٦/٩وە هاوكێشەكان گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووەو، ئەو نیمچەسەربەخۆییەی كەهەبوو بەرەو لەناو چوون دەچێت، بۆنمونە لەكەرتی دەرەكی (دبلۆماسی) هەرێمدا پێویستە ڕێكخستنی پەیوەندییە دەرەكیەكان و هەر پەیمان بەستن و ڕێكەوتنێك هەبێت لەنێوان هەرێم و وڵاتێكی دەرەكی، ئەوا دەبێت بەچاودێری و ڕەزامەندی حكومەتی ناوەندبێت و بەووردی ئاگاداری ناوەرۆكەكەی بێت بۆ ئەوەی زیان بەسەروەری و سیادەی وڵات نەگەیەنێت،

هەروەها سەفەری دبلۆماسی بەرپرسانی هەرێم دەبێت بەڕەزامەندی و ئاگاداری ناوەند بێت و بزانرێت بۆچ مەبەست و ئامانجێك سەفەر دەكات، بۆكارێك نەبێت كەزیان بەسیادەی وڵات بگەیەنێت، بەڵام تاكو ٢٥/٩ بەرپرسانی هەرێم بەخواستی خۆیان سەردانی سیاسی و دبلۆماسیان كردووەو ڕێكەوتنامەشیان واژۆ كردووە بەبێ ئاگاداری وگەڕانەوە بۆ بەغداد، بەڵام دوای ڕیفراندۆم ڕێگا نادرێت نەك سەفەری سیاسی ودبلۆماسی، بەڵكۆ بەئاسانیش سەفەری ئاسایی بكەن، هەروەها لەڕوی كەرتی سەربازیشەوە هەرێم بەخواستی خۆی هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئەم كەرتەدا كردوە،

كەی مەبەستی بوبێت بڕیاری شەڕو ئاشتیداوە و جێگۆڕكێی بەهێزەكان كردوەو بەشێك لەناوچە كێشە لەسەرەكانیشی بەو هێزە كۆنترۆڵ كردوە، كەلەبنەڕەتداو بەپێی دەستور سەرۆكی هێزە چەكدارەكان كە(د.حیدر عبادی)یە ئەو مافەی هەیە چۆن و كەی هێز دەجوڵێنێ، وەك چۆن لەشەڕی موسڵ دا سنوری بۆ هێزی پێشمەرگە دانا تاكو كوێ پێشڕەوی بكات، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بینیمان عەبادی نەیهێشت هێزی پێشمەرگە بەشداری شەڕی حەویجە بكات، لەڕووی كەرتی دارایشەوە پێویستە هەموو ئەو داهاتانەی هەرێم دەستی دەكەوێت ڕادەستی حكومەتی ناوەندی بكات و دواتر ئەویش بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەشی بكات بەسەر شارەكاندا،

هەروەها فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان بەهاوبەشی (فەرمانبەری كوردوعەرەب) بەڕێوە ببرێت، بەڵام ئەگەر سەیری ساڵانی پێشوو بكەین دەبینین هەرێم لەمەشدا سەربەستانە كاری كردوەو گوێی بەیاساو دەستور نەداوە، ساڵانەش كەمترین داهاتی ڕادەستی بەغداد كردوە، لەدوای ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆلەساڵی ٢٠١٤ەوە هیچ داهاتێكی ڕادەستی بەغداد نەكردوە، سەربەخۆیانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئەم كەرتەشدا كردوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت و سەرەتاكانیشی دەركەوتون كەلەدوای ئەنجام دانی ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩ گۆڕانكارییەكی گەورە لەسیاسەتی عێراقدا ڕوبدات بەرامبەر بەهەرێم و ئەو نیمچە سەربەخۆییەی كەهەبوو بەرەو دواوە هەنگاو بنێ،

ئەو سێ كەرتە لەژێر دەستی هەرێم دەربهێنرێت وگورزێكی كەمەر شكێن بەر نیمچە سەربەخۆییەكە دەكەوێت و ئیتر ڕێگا بەبەرپرسانی هەرێم نادرێت لەهیچ یەكێك لەو كەرتانەدا بەسەربەستی هەڵسوكەوت بكات و زیادەڕۆیی تێدا بكات، دەبێت هەرێم پابەندی سیستەمی فیدڕاڵی بێت كەئەمەش بەواتای ئەو تاڕادەیەك سەربەخۆ بونەی كە پێش ٢٥/٩ هەمان بوولەدەست دەچێت، واتا ڕیفراندۆم نەك بەرەو سەربەخۆیی نەبردین، بەڵكو سێ هەنگاو بەرەو دواوەی بردین، چونكە لەبەشێك لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا چ لەزاری بەرپرسان و چ لەدەزگاكانی ڕاگەیاندنداو چ لەكۆبونەوە جەماوەریەكاندا، دەوترا بەڵێ بۆ سەربەخۆیی یان بەرەو سەربەخۆیی و......هتد.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە